لێكدانه‌وه‌ى زیان و قازانج له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

خه‌ت و خاڵى شه‌ڕێكى دواخراو خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوى ده‌رده‌كه‌وێت. مه‌به‌ستمان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ى نێوان ئێران و ئه‌مریكایه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ ئه‌مریكا ئاماده‌ى كردووه‌. به‌ڵام گه‌شه‌كردنى توانا سه‌ربازییه‌كانى ئێران رێگر بووه‌ لێى. ئه‌مریكا خۆى ده‌وڵه‌تێكى تۆڵه‌ئه‌ستێن و داخ له‌دڵه‌. تۆڵه‌ به‌لایه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ بیروباوه‌ڕه‌ سیاسى و سه‌ربازیى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ى، كه‌چى وڵاتانى جیهانى سێیه‌م به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌رى كۆمه‌ڵێك كه‌لتوورى دواكه‌وتووه‌وه‌ و پابه‌ند به‌ بیركردنه‌وه‌ى خێڵه‌كى تۆڵه‌ئه‌ستێنه‌وه‌.

واشنتۆن پێى وایه‌ ده‌ربڕینى شه‌رمه‌زاریى و داواى لێبوردنكردن سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كانى یه‌كێكن له‌ كفره‌ سیاسییه‌كان. ئه‌مریكا به‌ نه‌مانى شاى ئێران ته‌نیا ئه‌و ئێرانه‌ى له‌كیس نه‌چوو كه‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكاى ده‌كرد له‌ ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. به‌ڵكو زه‌لیل و ریسواش كرا. رژێمى شا ته‌نیا هه‌ر له‌ ناوچه‌ى كه‌نداودا قه‌تیس نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ هاوكارى و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ئه‌مریكادا و هه‌ندێكجار له‌جیاتى ئه‌مریكا رۆڵى له‌ شوێنانى تریش ده‌بینى. هه‌ر له‌ سوڵتاننشینى عومانه‌وه‌ هه‌تا لوبنان و عێراق. شاى ئێران له‌ قاسم سلێمانى زیاتر ئاماده‌ بووه‌ له‌ ژیانى گه‌لانى ناوچه‌كه‌دا.

به‌مدواییه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌ى نوێ ئاشكرا كراون ده‌رباره‌ى سیاسه‌تى ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێران. به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و جیمى كارتەره‌ى كه‌ شه‌و و رۆژ به‌ قه‌د و باڵاى مافه‌كانى مرۆڤدا هه‌ڵده‌دات له‌ كۆتایى حه‌فتاكاندا شاى ئێرانى هان ده‌دا خۆپیشانده‌رانى ئێران سه‌ركوت بكات و بیرى له‌وه‌ش ده‌كرده‌وه‌ كوده‌تایه‌كى سه‌ربازى له‌ ئێراندا به‌رپا بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌هه‌ر نرخێك بێت ئه‌و رژێمه‌ بپارێزێت.

شاى ئێران بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هیچى له‌ ئیسرائیل كه‌متر نه‌بوو، ته‌نیا یه‌ك جیاوازى هه‌بوو: ئێران سه‌رچاوه‌ى پاره‌ و داهاتیش بوو بۆ ئه‌مریكا، به‌ڵام ئیسرائیل پاره‌ى له‌ ئه‌مریكا ده‌ماشییه‌وه‌. (هه‌تا ئێستا ئه‌مریكا زیاتر له‌ 110 ملیار دۆلارى به‌خشیوه‌ به‌ ئیسرائیل، ئۆباما به‌ڵێنێكى واژۆ كردووه‌ كه‌ واشنتۆن له‌ ماوه‌ى 10 ساڵدا 38 ملیار دۆلار كۆمه‌كى ئیسرائیل بكات). گۆڕینى رژێمى شاى ئێران داخێكى گه‌وره‌یه‌ له‌ دڵى ئه‌مریكادا.

سه‌ربارى ئه‌زموونه‌ تاڵه‌كانى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێراندا هه‌ر له‌ شكستى به‌رده‌وامى له‌ لوبنان و عێراقدا له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ تائێستا تا رێگریكردن له‌ تێپه‌ڕاندنى ئامانجه‌كانى ئیسرائیل به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستین. ئێستاش تاقه‌ وڵاتێك كه‌ هاوكارى هێزه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌كات به‌ چه‌ك و كۆمه‌كى سه‌ربازى ئێرانه‌.

خۆشكردنى ئاگرى رق و كینه‌ و ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه‌ مه‌زهه‌بى و فیقهییه‌كان له‌نێوان سوننه‌ و شیعه‌دا كراوه‌ته‌ چه‌كێكى كاریگه‌ر دژى ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌دا. پاراستنى ئیسرائیل له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى ئه‌ركه‌كانى ئه‌مریكادایه‌ و ده‌یه‌وێت وا له‌ دنیا بگه‌یه‌نێت كه‌ به‌رگریكردنى ئێران له‌ مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستین له‌ڕاستیدا جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ى فراوانبوونى ئێرانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. 

مه‌كینه‌ ئیعلامییه‌كه‌ى ئه‌مریكا  دروشمى (نه‌ ئێران و نه‌ ئه‌مریكا)ى كردووه‌ به‌ وێردى سه‌ر زمانى زۆر لایه‌ن ته‌نانه‌ت لایه‌نه‌ چه‌په‌كانیش. وه‌ك ئه‌وه‌ى بڵێیت ئێران و ئه‌مریكا وه‌كو یه‌ك وان له‌ تاوان و خوێنڕشتن و داگیركاریدا. 

چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا دۆناڵد ترامپ جه‌نگێك به‌رپا بكات، چونكه‌ ئه‌و كاتى خۆى به‌و به‌رنامه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى برده‌وه‌ كه‌ باسى له‌ پاشه‌كشێى سه‌ربازیى ئه‌مریكى ده‌كرد له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. ئه‌و ده‌یوت پێویست ناكات ئه‌مریكا رۆڵى پۆلیسى جیهانیى ببینێت كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ زاراوه‌یه‌كى هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ له‌ڕاستیدا رۆڵى ئه‌مریكا رۆڵى تاوانبار بووه‌ نه‌ك پۆلیس. پیاو قسه‌یه‌كیش بۆ دز بكات ترامپ هێزه‌كانى خۆى له‌ سوریا و عێراق و ئه‌فغانستاندا كشانده‌وه‌. به‌ڵام دواتر شتێكى زانراوى بۆ ئاشكرابوو؛ ئه‌مریكا ئیمپراتۆریه‌تێكى جه‌نگییه‌. هیچ پیاوێك نییه‌ بتوانێت ئاڕاسته‌ى ئه‌م وڵاته‌ وه‌ربچه‌رخێنێت به‌ره‌و ئاشتى. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێرنیسانده‌رزیش كه‌ هه‌ندێك مه‌یلى سۆشیالیستى هه‌یه‌ بگاته‌ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى ناچار ده‌بێت جه‌نگ هه‌ڵبگیرسێنێت.

بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مریكا به‌ كوشتنى حاجى قاسم و ئه‌بو مه‌هدى ئه‌لموهه‌ندیس بڕیارێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، له‌ سه‌رۆكێكه‌وه‌ كه‌ وا ناسرابوو له‌وانى پێش خۆى كه‌متر حه‌زى له‌ جه‌نگه‌. به‌ڵام هه‌موو سه‌رۆكێكى ئه‌مریكا جه‌نگێكى تایبه‌تى خۆى یاخود چه‌ند جه‌نگێك تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ لیندۆن جۆنسن خزایه‌ ناو زه‌لكاوه‌كه‌ى جه‌نگى ڤێتنامه‌وه‌، جۆرج ده‌بلیو بوش هه‌میشه‌ ناوه‌كه‌ى ده‌بێته‌ هاوتاى كاره‌ساته‌كه‌ى عێراق، باراك ئۆباما به‌رپرسیارى جه‌نگه‌ وێرانكه‌ره‌كه‌ى لیبیایه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ى كه‌ ته‌نانه‌ت عه‌ره‌ب خۆیشى چاوى لێپۆشیوه‌. ترامپ چۆن فه‌رمانى ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌یه‌ک ده‌رده‌كات كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگێكى گه‌وره‌ى كاولكار؟ یه‌كێك له‌ لێكدانه‌وه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا هیچ بڕیارێك نادات ئه‌گه‌ر ئه‌قڵانى نه‌بێت، ئه‌قڵانیش واته‌ لێكدانه‌وه‌ى قازانج و زیانه‌كان. واته‌ سه‌رۆكى كۆشكى سپى داوا له‌ یاریده‌ده‌ره‌كانى ده‌كات له‌ روانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بۆی لێك بده‌نه‌وه‌ فڵانه‌ بڕیار زیان و قازانجى چه‌ندن. بڕیارى ئه‌قڵانى پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوژمنه‌كه‌شت به‌ ئاقڵ بزانیت و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ره‌چاو بكه‌یت.

ترامپ ئه‌مه‌ى نه‌كرد. سه‌رۆكى كۆریاى باكوورى به‌ شێت له‌قه‌ڵه‌م دا. هه‌مان كرده‌وه‌ش به‌رامبه‌ر كاربه‌ده‌ستانى ئێران ده‌نوێنێت. نه‌گبه‌تییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ترامپ به‌ سروشتى خۆى راى پێچه‌وانه‌ قبووڵ ناكات و له‌سه‌رێكى تریشه‌وه‌ تیمه‌ یارمه‌تیده‌ره‌كه‌ى كه‌سانى به‌توانا و خاوه‌ن ئه‌زموونى گه‌وره‌ نین، بۆیه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت بڕیارى ئه‌قڵانى بدات. به‌لاى ترامپه‌وه‌ یارمه‌تیده‌رێكى گوێڕایه‌ڵ له‌ راوێژكارێكى زانا باشتره‌. بۆیه‌ زوو زوو كه‌سانى ده‌وروبه‌رى ده‌گۆڕێت. نه‌ریت وابووه‌ یارمه‌تیده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى خۆرهه‌ڵاتى دوور كه‌سێكى قاڵبووى كارى دیبلۆماسى بووبێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ى كه‌ لاى ترامپه‌ پسپۆڕى و ئاستى خوێنده‌وارییه‌كه‌ى سنوورداره‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ زایۆنیستێكى عه‌یاره‌ 24ه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ده‌هۆڵه‌ زۆره‌ى كه‌ هه‌ندێك وڵاتى ناوچه‌كه‌ و ئیسرائیل بۆ جه‌نگه‌كه‌ى ده‌كوتن، به‌ڵام پێناچێت جه‌نگ له‌ئارادا بێت. ئه‌مریكا جه‌نگێكى ناوێت تیایدا سه‌رنه‌كه‌وێت. مه‌حاڵه‌ به‌بێ هێزى پیاده‌ بتوانێت سیستمى حوكمڕانى ئێران بگۆڕێت و ئه‌وه‌ش مه‌حاڵى مه‌حاڵه‌كانه‌، چونكه‌ جارێكى دیكه‌ ئه‌مریكا هه‌ڵه‌ى واناكاته‌وه‌ وڵاتێكى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست داگیر بكات. ئێرانیش له‌ڕووى سیاسى و ئابورییه‌وه‌ ماندووه‌. به‌ڵام وه‌ك عێراقى ساڵى 2003 لاواز و ته‌نیا باڵ نییه‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئیسرائیلى تۆقاندووه‌. جگه‌ له‌وه‌ش دۆڕاندنى جه‌نگه‌كه‌ تاقه‌ سه‌رمایه‌ى سیاسى ترامپ ده‌فه‌وتێنێت كه‌ به‌ڵێنى خۆشگوزه‌رانیى زیاتره‌ بۆ خه‌ڵكى ئه‌مریكا. شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌گه‌ر رووبدات زۆر درێژخایه‌ن ده‌بێت ئه‌مه‌ش ترسێكى تره‌ له‌ دڵى ئه‌مریكادا.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure