قه‌یرانی ئاگره‌كه‌ی ئوستوڕالیا و سۆشیالیزم

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

دواڕۆژ

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی: د.شێركۆ عه‌بدوڵڵا


ئاگره‌ كاره‌ساتباره‌كانی ناوچه‌ جیاجیاكانی ئوستوڕالیا به‌ ئاشكرا سیستمی سه‌رمایه‌داریی و خزمه‌تكاره‌ سیاسییه‌كانی له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی حكومه‌تدا ده‌رده‌خات. خه‌مساردی و بێ باكی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ ده‌رسێكه‌ له‌بیرناچێته‌وه‌.

پێكهاته‌ی دامه‌زراوه‌ سیاسیه‌كه‌ به‌رگری له‌ رێكخستنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات له‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی ژیاندا به‌جۆرێك كه‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌بژێره‌ سه‌رمایه‌داره‌كه‌ بپارێزێت به‌بێ گوێدانه‌ ئاكامه‌كانی. وه‌رزیی ئاگره‌كه‌ی 2019 – 2020 كه‌ له‌ مێژوودا بێ وێنه‌ بووه‌ كارێكی كردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئوستوڕالیا له‌ هیچ شتێك نه‌چن له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگ نه‌بێت. ده‌یان هه‌زار كه‌س دابڕاون و رێگا سه‌ره‌كییه‌كان له‌به‌ر زۆری ترافیك داخراون. خه‌ڵكێكی بێشومار له‌به‌ر ترسی ئاگر روویانكردووه‌ته‌ كه‌نار ده‌ریاكان و تیمه‌كانی ئاگر كوژێنه‌وه‌ به‌هۆی كه‌می و خراپی كه‌ره‌سته‌كانه‌وه‌ له‌ جه‌نگێكی نابه‌رامبه‌ردان.

دووكه‌ڵی ئه‌و ئاگره‌ زه‌به‌لاحه‌ ئاسمانی شاره‌ گه‌وره‌كان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئاریشی داپۆشیوه‌. پسپۆڕه‌كانی بواری ته‌ندروستی ده‌ڵێن پیسبوونی هه‌وا قه‌یرانێكی ته‌ندروستی گشتییه‌ له‌ ئوستورالیادا به‌ تایبه‌ت بۆ منداڵان و به‌ساڵاچوان و ئه‌وانه‌ی كه‌ كێشه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌یان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر باران نه‌بارێت پێشبینی ده‌كرێت ئاگره‌كه‌ چه‌ند مانگێك درێژه‌ بكێشێت. ره‌نگه‌ ناوچه‌ی دیكه‌ش بگرێته‌وه‌.

به‌رده‌وامبوونی ئه‌م كاره‌ساته‌ ناڕه‌زایی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ حكومه‌تی ئوستوڕالیا گه‌یاندووه‌ته‌ ئاستێكی گه‌وره‌ چونكه‌ حكومه‌ت شكستی هێناوه‌ له‌وه‌ی كه‌ كه‌ره‌سته‌ و ئامێری پێویست بۆ تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ دابین بكات و نه‌شیتوانیوه‌ هاوكاری و یارمه‌تی پێویستی بۆ قوربانیانی كاره‌ساته‌كه‌ دابین بكات و هۆكاری پشت كاره‌ساته‌كه‌ ئاشكرا بكات به‌تایبه‌ت گه‌وره‌ترین هۆكار كه‌ گه‌رمبوونی زه‌وی و گۆڕانی ئاو و هه‌وایه‌. سه‌رۆكوه‌زیران سكۆت باریسۆن موسته‌هه‌قانه‌ بووه‌ته‌ ئامانجی ره‌قی جه‌ماوه‌ر پاش ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ كاتێكدا وڵاته‌كه‌ ده‌سوتێت ئه‌و به‌ دزییه‌وه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی پشوو چووه‌ بۆ هاوایی.

ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكی خۆبه‌خش كار و ژیانی خۆیان جێهێشتووه‌ و سه‌رگه‌رمی  ئاگر كوژاندنه‌وه‌ن ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر باری ئابووری وڵات و هاولاتیانی قورستر كردووه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ هیچ پاداشت و قه‌ره‌بوویه‌ك وه‌ربگرن. 

حكومه‌ته‌ ئیتیلافییه‌كه‌ی ئوستوڕالیا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی داوای 3 هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌كی كردووه‌ دواتریش رایگه‌یاند كه‌ دوو ملیار دۆلاریش ته‌رخانده‌كات بۆ خزمه‌تگجوزارییه‌ به‌په‌له‌كان و دروستكردنه‌وه‌ی ژێرخانی وڵات. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی حكومه‌ته‌ نه‌ك پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی راسته‌قینه‌ به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه‌ تا ئێستا سه‌رۆك وه‌زیران راوێژی به‌ تیمه‌كانی فریاكه‌وتنی شارستانی نه‌كردووه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئایا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌توانن تا چه‌ند یارمه‌تیده‌ربن له‌م بواره‌دا.

حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ بۆنموونه‌ پارتی كار ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لۆمه‌كه‌ بخاته‌ سه‌ر حكومه‌ت كه‌ له‌ راستیدا كاره‌ساته‌كه‌ زۆر سیاسییه‌ و ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌شی له‌ ئارادایه‌. حیزبه‌ سه‌وزه‌كان وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی ئامۆژگاریدا بۆ حكومه‌ته‌كه‌. بێزاری جه‌ماوه‌ر رقێكی ئه‌ستوور و ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌زگا ئیعلامییه‌كاندا به‌ ئاشكرا به‌رجه‌سته‌ كراون. ره‌خنه‌ی گه‌وره‌ له‌ هاوكاری نه‌كردنی تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ و خه‌ڵكه‌ خۆبه‌خشه‌كان ده‌گیرێت.

دابینكردنی بودجه‌ بۆ كوژانه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ ته‌نیا به‌شێكی قه‌یرانه‌كه‌یه‌. ئوستورالیا ئێستا زۆر پێویستی به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه‌ بۆ بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و گواستنه‌وه‌ش كه‌ ئه‌م كه‌رتانه‌ ئێستا هه‌موو بودجه‌یه‌كیان لێ بڕاوه‌.
 
له‌ ده‌ساڵی رابردوودا ئه‌م جۆره‌ حكومه‌ته‌ ئیئتیلافییه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌ په‌یوه‌ندی باشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا و خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ جه‌نگێكی كاره‌ساتبار له‌گه‌ڵ وڵاتی چیندا بۆیه‌ ده‌یان ملیار دۆلاری سه‌رف كردووه‌ له‌ كڕینی پێداویستی سه‌ربازی و جه‌نگ كه‌چی ده‌یگوت پاره‌م نییه‌ بۆ پێداویستییه‌كانی چینی كرێكار. جگه‌ له‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ له‌ راستیدا به‌هێزكردنی هێزه‌ دژه‌ دیموكراته‌كانی وڵاته‌ ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ زه‌نگی مه‌ترسییه‌ و پێمان ده‌ڵێت گۆی زه‌وی له‌ ئان و ساتی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی ئاو و هه‌وادایه‌ كه‌ لێكه‌وتی زۆر مه‌ترسیداری ده‌بێت.

ئوستورالیا كیشوه‌رێك بووه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی ئاگر و وشكه‌ساڵیدا بووه‌ به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كان ساڵ به‌ ساڵ ترسناكتر و درێژخایه‌نتر ده‌بن به‌هۆی گه‌رمبوونی زه‌وییه‌وه‌. نموونه‌كانی ساڵی رابردوو و ساڵانی پێش ئه‌ویش به‌ڵگه‌ی قسه‌كانمانن ئه‌و كاره‌ساتانه‌ پێمان ده‌ڵێن گه‌رمبوونی گۆری زه‌وی خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ خاڵی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڵام چه‌ندین هه‌فته‌ حكومه‌ت و خودی سه‌رۆك وه‌زیران نكوڵیان له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و ئاگرانه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌بێت به‌ گه‌رمبوونی گۆی زه‌وییه‌وه‌. 

ماوه‌ی 30 ساڵی ره‌به‌قه‌ حیزبه‌ سه‌وزه‌كان نه‌یاتوانیوه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێك پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ پاراستنی ژینگه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی. زۆر جار ئه‌و پارتانه‌ بوونه‌ته‌ هاوبه‌شی كاره‌ بازرگانییه‌كانی حیزبه‌كانی تر. گومانی تێدا نییه‌ زۆرینه‌ی كرێكاران و گه‌نجانی جیهان ده‌زانن كه‌ پێویسته‌ كرده‌وه‌ی به‌په‌له‌ ئه‌نجام بدرێت. هه‌زاران گه‌نج به‌شداریان كردووه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا بۆ پاراستنی ژینگه‌. ئه‌ركی هه‌ره‌ له‌ پێش و هه‌نووكه‌ی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی گه‌رمبوونی زه‌وی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو چینی كرێكارانی جیهان یه‌ك بگرن له‌ پێناو بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتوودا بۆ كۆتایی هێنان به‌ سه‌رمایه‌داری و سیستمی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌. وڵات له‌دوای وڵات كرێكاران رووبه‌ڕووی ململانێی سه‌خت و دژوار ده‌بنه‌وه‌ دژی نابه‌رامبه‌رییه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ستدرێژی كردن بۆسه‌ر مافه‌ دیموكراسییه‌كان و چه‌ندین هه‌ره‌شه‌ی دیكه‌.

هه‌ڕه‌شه‌كانی گۆڕانی ئاو و هه‌واش و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی جیهانی به‌هه‌مان شێوه‌ پاڵنه‌رن بۆ بزووتنه‌وه‌ی سیاسی شۆڕشگێڕ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.
 
هیچ كام له‌م گوشاره‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی چینی كرێكار ده‌بنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابن به‌بێ دامه‌زراندنی حكومه‌تی كرێكاران. حكومه‌تێك كه‌ سیاسه‌ته‌ سۆشیالیستییه‌كان جێبه‌جێ بكات. له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێویسته‌ كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ سه‌ر له‌ نوێ رێك بخرێته‌وه‌ بانك و دامه‌زراوه‌ زه‌به‌لاحه‌كان به‌ تایبه‌ت ئه‌و 100 كۆمپانیا گه‌وره‌یه‌ی كه‌ به‌رپرسیاری 71%ی ده‌ردانی كاربۆنن له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێویسته‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بسه‌نرێته‌وه‌ و بكرێن به‌ موڵكی گشتی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی دیموكراسیانه‌ی ژینی كرێكاردا. هه‌ر به‌م رێگه‌یه‌ ده‌توانرێت پلانێكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رتاپاگیر جێبه‌جێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی رێژه‌ی كاربۆن كه‌م بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ئاستی ژیانی چینی كرێكار دابینكراو بێت.
 
ئێستا سامانی هه‌موو مرۆژایه‌تی به‌جۆرێك دابه‌ش بووه‌ كه‌ 90%ی سامانه‌كه‌ له‌ ده‌ستی 10%ی دانیشتوانه‌. پێویسته‌ ئه‌م نه‌زمه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ و سامانی وڵات به‌جۆرێك دابه‌شبكرێته‌وه‌ كه‌ به‌رنامه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێشبخه‌ن له‌وانه‌ دامه‌زراندنی خزمه‌تگوزاری فریاكه‌وتن به‌ بودجه‌یه‌كی چاك و داهێنانی به‌رز هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ هاوتا جیهانییه‌كاندا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاگر و لافاو و زریان و كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كانی دیكه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی گه‌رمبوونی زه‌ویدا زیادیان كردووه‌ و له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا زۆرترین زیان به‌ هه‌ژاران و چینی كرێكاران ده‌گه‌یه‌نن. 

رژێمی سه‌رمایه‌داری قابیلی چاكسازی نییه‌ پێویسته‌ فڕێبدرێت و سیستمێكی دیكه‌ بهێنرێته‌ شوێنی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure