ئایا قه‌یرانه‌كه‌ى نێوان ئه‌مریكا و ئێران كۆتایى هات؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینى: عوزرى مازغ
به‌ باوه‌ڕى من تیرۆركردنى قاسم سوله‌یمانى له‌ گۆشه‌نیگاى ده‌وڵه‌تدارییه‌وه‌ كوشتنى جه‌نه‌ڕاڵێكه‌، كه‌ جه‌نه‌ڕاڵێكى دیكه‌ له‌ سیستمێكى سه‌ربازى دیاریكراودا شوێنى ده‌گرێته‌وه‌، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یه‌كى ته‌واو و به‌رپرسیار له‌ سیاسه‌تى ئێران له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا وه‌كو خۆى ماوه‌ته‌وه‌. راسته‌ نه‌مانى سوله‌یمانى به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان سوودى هه‌یه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا زیانێكى زۆر گه‌وره‌ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ى كه‌ زیانێكى ره‌مزییه‌. ئه‌گه‌ر بێلایه‌نانه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ تیرۆركردنى قاسم سوله‌یمانى زۆر به‌ باشى سه‌رچڵى و بێ باكیى سه‌رۆكى ئه‌مریكاى ده‌رخست كه‌ جیهانى له‌ لێوارى جه‌نگێكى گه‌وره‌ نزیك كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ساویلكه‌یى زۆرێك له‌ كاربه‌ده‌سته‌ هه‌ڵۆكانى ئیداره‌ی ئه‌مریكایان بۆ دنیا ئاشكرا كرد، دواتریش كاردانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ركه‌وتن كه‌ خۆیان بێبه‌رى كرد له‌ بێ ئه‌قڵییه‌كانى ترامپ به‌و جۆره‌ى كه‌ ناتۆ و هاوپه‌یمانه‌كانى ئاماده‌ نین بچنه‌ هیچ جه‌نگێكى ئه‌م سه‌رۆكه‌وه‌.

رووداوه‌كه‌ بارودۆخێكى تازه‌ى هێنایه‌ ئاراوه‌ كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. چونكه‌ له‌ناو خودى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا كۆده‌نگى نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و جه‌نگ و رووداوه‌ به‌ڵكو زۆرێك له‌ كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مریكا ناڕه‌زایى ده‌رده‌بڕن له‌ كوشتنه‌كه‌ى قاسم سوله‌یمانى و بێبه‌ریبوونى خۆیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ سه‌رۆكى كۆنگرێسى ئه‌مریكا، كه‌ پێى وایه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ئاكامى خراپى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ سه‌رۆك ترامپ نه‌ راوێژى به‌ گه‌لى ئه‌مریكا كردووه‌ و نه‌ به‌ كۆنگرێس و ته‌نانه‌ت نه‌ به‌ پێنتاگۆنیش.

دواى رووداوه‌كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ڕێى باڵیۆزى سویسراوه‌ له‌ تاران نامه‌یه‌كیان به‌ حكومه‌تى ئێران گه‌یاندووه‌ كه‌ واشینتۆن شه‌ڕى ناوێت له‌گه‌ڵ ئێراندا. ئێرانییه‌كان خۆیشیان ئه‌و زانیاریه‌یان نه‌شارده‌وه‌. پێویسته‌ بزانین كه‌ ئێرانیش جه‌نگێكى به‌ربڵاوى ناوێت به‌ ئابوورییه‌كى ئاوا خراپ و به‌ جۆره‌ چه‌كێكه‌وه‌ كه‌ له‌ئاستى چه‌كه‌كانى ئه‌مریكادا نییه‌. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ئه‌گه‌ر ئێران بچێته‌ جه‌نگه‌وه‌ هێزى تریشى له‌گه‌ڵدا ده‌ڕوات و چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌ش ده‌بنه‌ گۆڕه‌پانى جه‌نگه‌كه‌.

قسه‌وباسى جۆراوجۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر سروشتى موشه‌كبارانكردنه‌كه‌ى بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراقدا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌. یه‌كێك له‌و قسانه‌ ده‌ڵێت واشینتۆن رێگاى به‌ تاران داوه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ى ئاگرى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كى ئه‌مریكیى موشه‌ك باران بكات. به‌و مه‌رجه‌ى كه‌ پێشتر تاران واشنتۆن ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌ كات و شوێنى هێرشه‌كان. زه‌بره‌كه‌ وه‌شێنرا به‌وجۆره‌ى كه‌ هه‌مووان رازى ببن. هیچ كه‌سێك نه‌كوژا و كاربه‌ده‌ستانى ئێرانیش رایانگه‌یاند كه‌ تۆڵه‌ى سوله‌یمانیان كردووه‌ته‌وه‌ و مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌دا ده‌وه‌ستێنرێت.
كێشه‌یه‌ك كه‌ مابێته‌وه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ى به‌ركه‌وتووان و قوربانییه‌كانه‌. ئێران ده‌ڵێت زۆر كوژراوه‌ و ئه‌مریكا نكوڵى لێده‌كات. ئه‌وه‌ى مایه‌ى نیگه‌رانییه‌ مشتومڕه‌كانى خۆمان و هه‌ندێكمان حه‌زى ده‌كرد ئه‌و شه‌ڕه‌ رووبدات له‌نێوان وڵاتێكى نابود و وڵاتێكى دیكه‌ كه‌ خاوه‌نى ئابوورییه‌كى به‌هێزه‌. هه‌ندێك چاوه‌ڕێى موعجیزه‌یه‌كى ئێرانییان ده‌كرد هه‌ندێكیش خواخواى بوو ئێران بكرێت به‌ قه‌پاڵێك. ئێران به‌هه‌مان هه‌ژموونى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌. پڕۆسه‌ى تێركردنى سۆزه‌ هه‌ڵچووه‌كان كۆتایى هات. ئیسرائیل و سعودیه‌ بێده‌نگ بون چونكه‌ فه‌رمانیان پێ كرابوو و دڵنیاش كرابوونه‌وه‌. جه‌نگێكى تر ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ جه‌نگى ره‌وانبێژى و دروشمبازییه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى دڵخۆشكردنى ره‌شه‌خه‌ڵكه‌كه‌ و ده‌یسه‌لمێنێته‌وه‌ میلله‌تانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ چه‌نده‌ ساویلكه‌ و خۆشباوه‌ڕن.

وڵاتانى خۆرئاوا له‌ جه‌نگى دووهه‌مى جیهانیدا تاڵاوێكى وایان نه‌چه‌شتووه‌ جارێكى تر ببڕاى ببڕاى بچنه‌ هیچ جه‌نگێكه‌وه‌. سه‌رمایه‌گوزارى ده‌كه‌ن تیایدا به‌ڵام خۆیان به‌شدارى راسته‌وخۆى تێدا ناكه‌ن. ئه‌مه‌ خاڵه‌ گه‌وهه‌رییه‌كه‌یه‌: میلله‌ته‌ دواكه‌وتووه‌كان كۆمه‌ڵه‌ دره‌ختێكن میوه‌ى جه‌نگ به‌رهه‌مه‌كانیانه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure