چارەنووسی عێراق لە پێچێكی ترسناكدایە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینی: جواد بشارە
وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا

رووداوەكان لە عێراق و ناوچەكەدا بە رەوتێكی وا خێرا لە گۆڕانكاریدان كە مایەی نیگەرانیەكی گەورەیە لەسەر ئایندەی عێراق، ئەو ئایندەیەی كە رەنگە بچێتە خانەی نەزانراوەوە. ئێستا عێراق بووەتە دیلی كاردانەوە دەرەكییەكانی ئێران و ئەمریكا و كاردانەوە ناوخۆییەكان.

ئایا بەڕاستی ئێران لە تۆڵەی تیرۆركردنی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانیدا بە كردەوەی سەربازی وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە؟ ئایا حیزبوڵڵای عێراقی هێرش دەكاتە سەر بنكە ئەمریكییەكانی ناو عێراق لە تۆڵەی كوشتنی سەركردەی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس؟ ئەگەر ئەمانە رووبدەن ئەمریكا چی بەرامبەر عێراق ئەنجام دەدات؟ بەتایبەت پاش بڕیارەكەی پەڕلەمانی عێراقی بە دەركردنی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراقدا. 

دەگوترێت لە حاڵەتی وادا ئەمریكا چەند بژاردەیەكی وای لەبەردەستدایە كە دەتوانن لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە عێراق لە پەل و پۆ بخەن. هەڕەشەكردن لە یەكتری لەنێوان ئێران و ئەمریكادا بەردەوامە. عێراقیش بەگشتی لە ساڵی 2003وە لەڕووی سیاسییەوە لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە، هەر ئەمەشە وایكردووە عێراق نەك هەر ببێتە بەشێك لە ململانێكە بەڵكو رەنگە ببێتە گۆڕەپانی جەنگە خوێناوییە چاوەڕوانكراوەكە.

ئێمە هەڵوێست و لێكدانەوەمان بەرامبەر رەفتاری دەوڵەتی ئێران و بەرامبەری قاسم سولەیمانی هەرچییەك و هەرچۆنێك بێت بەڵام شێوازی تیرۆركردنی ئەو سەركردە سەربازیە گەورەیەی ئێران لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتیدا كردەوەیەكی تیرۆریستی ترسناكە دەچێتە خانەی تیرۆری دەوڵەتەوە و تاوانێكە كە عێراق لە ئایندەدا باجێكی زۆری دەدات. جگە لەوەش تیرۆركردنەكە راگەیاندنی جەنگە دژی ئێران بەهۆی بایەخ و پێگەی ئەم كەسەوە لە سیستمی سەركردایەتی سیاسی و سەربازی ئێرانیدا.

سەركردایەتی ئێران سەركردایەتیەكی پراكماتیە و پەلە ناكات لە وەڵامدانەوەی ئەو تیرۆرە و خۆی ناخاتە تەهلوكەوە بەڵكو بە كەماڵی ئیسراحەت هەموو ئەگەرەكان تاووتوێ‌ دەكات بۆ دیاریكردنی شێوازی تۆڵەسەندنەوەكەی. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەردەوام لە كۆبوونەوەدایە و پەیوەندی بەردەوامی هەیە لەگەڵ مۆسكۆ و پەكین و رەنگە هەندێك پایتەختی ئەوروپی بۆ بیروڕا گۆڕینەوە و راوێژپێكردن و روونكردنەوەی هەڵوێستی ئێرانی بەرامبەر ئەم تاوانە، لەكاتێكدا كە ئەمریكییەكان خواخوایانە ئێران وەڵامێكی پەلە و تووڕە و دەستبەجێ‌ بدەن بۆ ئەوەی واشینتۆن بیانوویەكی دەستبكەوێت كە لە قووڵایی ئێران بدەن.

دیارە ئێران كۆمەڵێك بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ تۆڵەسەندنەوە و ئەگەر گرژی ئاڵۆزییەكە بەم شێوەیەی ئێستا لە هەڵكشانی بەردەوامدا بێت و جەنگێكی سەربازی راستەقینەی لێ‌ بكەوێتەوە ئەوا هەموو ناوچەكە لەگەڵ خۆیدا دەسووتێنێت، ئیسرائیل و ناوچەی كەنداو و تەنانەت كاریگەریی ئابووریی ترسناكی دەبێت لەسەر ئاستی جیهان. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا ترسناك و وێرانكەرە و هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی. ئێمە لە نەوەدەكانی سەدەی رابوردوودا بەرهەمی ئەو سیاسەتە دڕندانەیەی ئەمریكامان لە عێراقدا بینی و دواتریش هێنانەسەركاری حكومەتێكی گەندەڵ و بێ‌ توانا و شكستخواردومان تاقیكردەوە كە چۆن گەلانی عێراق و چارەنووسی وڵاتیان بەم رۆژە گەیاند. هەروەها دەزانین كە ئەمریكا دروستكەر و پەروەردەكەری رێكخراوە تاوانكار و تیرۆریستییەكانی وەكو داعش و هاوچەشنەكانیەتی.

ئەمریكا پێویستە بزانێت كە قاسم سولەیمانی كەسایەتیەك نییە بەراورد بكرێت بە عیماد مەغنییە كە ئیسرائیل لە شاری دیمەشق تیرۆری كرد یان بە ئوسامە بن لادن و ئەبوبەكری بەغدادی. چونكە قاسم سولەیمانی كەسایەتیەكی سەربازی گەورەیە رۆڵی هەبووە لە لەناوبردنی رێكخراوەكانی وەك قاعیدە و داعش لە عێراق و سوریادا، كە هەمان ئامانجی ئەمریكا بوو لە ناوچەكەدا (هیچ نەبێت لەسەر ئاستی راگەیاندن).

هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێكانی بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكان لەقەڵەم دا، كەچی ترامپ ئەو كردەوەیە بە پاكتاوكردنی یەكەمین تیرۆریستی جیهان دەزانێت. بۆیە هەندێك لە دەزگا ئیعلامییەكانی خۆرئاوا تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی بە یەكەمین چەخماخەی رووبەڕووبوونەوەكان دەزانن و دەڵێن ئەم كردەوەیە لێكەوتەی ترسناكی دەبێت كە رەنگە سەرئەنجام گەشە بكات بۆ جەنگێكی جیهانیی.

لەسەر ئاستی ناوخۆ عێراق رووبەڕووی نائارامیی و بێ‌ سەروبەرییەكی گشتگیر بووەتەوە و هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ تیایدا ئەگەرێكی زۆر بەهێزە.

ئەوەش بەدوور نازانرێت كە غافڵكوژی خوێناوی دەستپێبكات دژی خۆپیشاندەران كە ناڕازین لە سیستمی حوكمڕانی و پڕۆسەی سیاسی عێراق. كوشتن و پاكتاوكردن و رفاندن و تۆقاندن و تەقەكردن لە خۆپیشاندەران باڵی بەسەر دیمەنی سیاسی عێراقیدا كێشاوە. پڕۆسەی سیاسی گەیشتووەتە بنبەست و قەیرانێكی بێ‌ وێنە.

پەككەوتنی پڕۆسەی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ‌ لە عێراقدا لە جێی عادل عەبدولمەهدی كە دەستی لەكار كێشایەوە مانای وایە حیزبە سیاسییەكانی عێراق توانای سازان و رێككەوتنیان نییە و كەس نازانێت عێراق بەرەو كوێوە دەڕوات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure