سوله‌یمانى و كوشتنى هێڵه‌ سووره‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا


له‌ ماوه‌ى ده‌یان ساڵى رابوردوودا هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست نه‌كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر ده‌ریچه‌ى گڕكانێك. بانگه‌وازه‌كانى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ تاران و به‌غدا و به‌یروته‌وه‌ به‌ ئاشكرا ئه‌مه‌مان پێده‌ڵێن. هه‌رگیز وا به‌ توندى داواى به‌ئامانجگرتنى بوونى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌كراوه‌. ده‌ستپێكردنى جه‌نگى ده‌ركردنى ئه‌مریكا له‌ عێراق ئه‌ڵقه‌ى یه‌كه‌مینیه‌تى.

سه‌ختترین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچكام له‌ دوو لایه‌نه‌كه‌ نه‌توانن پاشه‌كشه‌ بكه‌ن. ئه‌وه‌ى رۆڵى ته‌وه‌ره‌یى جه‌نه‌ڕاڵ قاسم سوله‌یمانى بزانێت له‌ رژێمى ئێرانیى و پڕۆژه‌ ناوچه‌ییه‌كه‌یدا ده‌زانێت كه‌ ئه‌م رژێمه‌ ناتوانێت بێ وه‌ڵام بوه‌ستێت به‌رامبه‌ر كوشتنى نزیكترین پیاو له‌ دڵى رابه‌رى ئێرانه‌وه‌، كه‌ به‌ڕاستى ئه‌م جه‌نه‌ڕاڵه‌ جه‌نه‌ڕاڵى هه‌موو جه‌نه‌ڕاڵه‌كانى هیلاله‌ ئێرانییه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ عه‌لى خامنه‌ئى ده‌ستبه‌جێ به‌ڵێنى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ى راگه‌یاند. سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى عێراق و سكرتێرى گشتى حیزبوڵڵاى لوبنانیش هه‌مان به‌ڵێنیان دا.

ئێران ناتوانێت تۆڵه‌ى خوێنى سوله‌یمانى نه‌كاته‌وه‌. تیرۆركردنى ئه‌م جه‌نه‌ڕاڵه‌ شكۆى ئێرانى بریندار كرد، به‌تایبه‌ت ئه‌م پیاوه‌ پاسه‌وانى ئه‌و هێڵه‌ ئاڵۆزانه‌ بوو كه‌ به‌ پشوودرێژیى و پێداگرى چنینى هه‌ر له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ هه‌تا لوبنان به‌ عێراق و سوریا و یه‌مه‌ن و شانۆكانى تردا.

شاره‌زایانى پێكهاته‌ى سیستمى حوكم له‌ تاران ده‌ڵێن هه‌واڵى كوشتنى سوله‌یمانى خراپترین هه‌واڵ بووه‌ كه‌ رابه‌رى ئێران له‌ ماوه‌ى دوورودرێژى سه‌نته‌رى بڕیارداندا پێى گه‌یشتووه‌. خوودى رابه‌ر به‌شدار بووه‌ له‌ به‌خشینى خه‌رمانه‌یه‌كى نائاسایى له‌سه‌ر رۆڵى ئه‌م جه‌نه‌ڕاڵه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى زۆر زیاتربوون له‌ ده‌سه‌ڵاتى پله‌كه‌ى.

قاسم سوله‌یمانى ئه‌ندازیارى پێگه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئێران بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا، پاسه‌وانه‌كه‌شى بوو. ئه‌م قسه‌یه‌ زیاده‌ڕه‌وى تێدا نییه‌. به‌بێ ره‌زامه‌ندى ئه‌م هیچ سه‌رۆك و حكومه‌تێك له‌ لوبنان و عێراقدا هه‌ڵنه‌ده‌بژێردران و دروست نه‌ده‌كران. له‌ سوریادا كه‌س نه‌یده‌توانى له‌ قسه‌ى ده‌ربچێت. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ بزانین ئه‌م بوو نه‌خشه‌كانى سوریاى برد بۆ سه‌رۆكى كرملین و قه‌ناعه‌تى پێكرد له‌ سوریادا ده‌ستوه‌ردان بكات بۆ رزگاركردنى سیستمى حكومه‌ته‌كه‌ى. موشه‌ك و فڕۆكه‌ئاڕاسته‌كراوه‌كانى سوله‌یمانیه‌ كه‌ تواناى به‌خشیوه‌ به‌ حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن ئه‌و رۆڵه‌ ببینن كه‌ پێیان سپێردراوه‌. ئێران ناتوانێت له‌ تۆڵه‌سه‌ندن پاشه‌كشه‌ بكات.

ئاشكرایه‌ تاران زۆر مه‌به‌ستیه‌تى وه‌ڵامێكى وا بداته‌وه‌ كه‌ جێپه‌نجه‌ى خۆیى پێوه‌ دیاربێت، نه‌ك له‌ڕێى جێگره‌وه‌كانى. وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ ده‌بێت ته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌بره‌دا كه‌ به‌هۆى سڕینه‌وه‌ى گرنگترین و جه‌ماوه‌ریترین جه‌نه‌ڕاڵه‌كانى به‌ریكه‌وت.

جا له‌به‌رئه‌وه‌ى كوشتنى سوله‌یمانى به‌ ئاشكرا ئیمزاى ئه‌مریكاى پێوه‌یه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت وه‌ڵامه‌كه‌ش بۆ خوودى سوپاى ئه‌مریكا بێت.

له‌به‌رى ئه‌وبه‌ریشه‌وه‌ پێناچێت ئه‌مریكا بتوانێت پاشه‌كشه‌ بكات. واشینتۆن زیاد له‌ پێویست رۆیشتووه‌ و ره‌نگه‌ ناچار بێت زیاتریش بڕوات. مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ستیشه‌ به‌ شكۆ و هه‌یبه‌تى ئه‌مریكا و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازیى و ئه‌منییه‌كانى و ئه‌و وێنه‌یه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیشى هه‌یه‌ به‌ وێنه‌ى سه‌رۆكێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى له‌ رێگادایه‌.

بڕیارى كوشتنى سوله‌یمانى بڕیارێك بوو زۆر سه‌ختتر له‌و بڕیاره‌ى كه‌ دۆناڵد ترامپ داى بۆ كوشتنى سه‌ركرده‌ى داعش. هه‌روه‌ها سه‌ختتریشه‌ له‌و بڕیاره‌ى كه‌ سه‌رۆكى پێشوو باراك ئۆباما داى سه‌باره‌ت به‌ كوشتنى سه‌ركرده‌ى قاعیده‌. چونكه‌ كوشتنى سوله‌یمانى ته‌نیا ئاڕاسته‌ى ئێران و دامه‌زراوه‌كانى نه‌كراوه‌، به‌ڵكو ئاڕاسته‌ى ئه‌و سوپایانه‌ش كراوه‌ كه‌ له‌ژێر چاودێرى سوله‌یمانیدا سه‌ریانهه‌ڵدا له‌ناو چه‌ندین نه‌خشه‌ى ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ پێده‌چێت گۆڕه‌پانى رووداوه‌كه‌ زۆر فراوانتر بێت له‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ بیرى لێ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

قاسم سوله‌یمانى جه‌نه‌ڕاڵى سنووربڕینه‌كان و كوده‌تاكانه‌؛ مه‌به‌ستمان چوونه‌ ناو نه‌خشه‌كان و رێكخستنى كوده‌تایه‌ به‌سه‌ر هاوسه‌نگییه‌كانى ناوچه‌كه‌دا. سوله‌یمانى له‌پاش تیرۆركردنى ره‌فیق ئه‌لحه‌ریرى له‌ لوبنان ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌، هه‌روه‌ها له‌ جه‌نگى ساڵى 2006دا له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا هه‌مان تواناى به‌رجه‌سته‌ كرده‌وه‌. كه‌ خۆى له‌كاتى جه‌نگه‌كه‌دا دژى ئیسرائیل له‌ خاكى لوبناندا بوو. نه‌یهێشت حكومه‌تێكى لوبنانى سه‌قامگیر و هاوڕێى خۆرئاوا دروست ببێت. له‌ عێراقى دواى سه‌دام حسێنیشدا نه‌یهێشت داموده‌زگاى نزیك له‌ خۆرئاواوه‌ دروست ببێت. له‌ عێراقدا ده‌رفه‌تى هه‌ڕه‌شه‌ى داعشى قۆسته‌وه‌ و ئه‌و جیهاده‌ كه‌فائییه‌ى كه‌ ئایه‌توڵڵا سیستانى بانگه‌شه‌ى بۆكرد، سوله‌یمانى كردى به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ چه‌كداركردنى حه‌شد و كردنى به‌ هێزێكى ره‌سمیى و شه‌رعى. ئه‌مه‌ش هێنده‌ى تر رۆڵى ئه‌مریكاى بچووك كرده‌وه‌ له‌سه‌ر بڕیارى عێراقى.

قاسم سوله‌یمانى به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پۆتیندا ئاڕاسته‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانى له‌ سوریادا گۆڕى، له‌سه‌ر ئه‌و گه‌ره‌نتیه‌ى كه‌ تواناى ئێران زۆر له‌ تواناى روسیا زیاتره‌ بۆ پته‌وكردنى ئاماده‌یى له‌ناو كۆمه‌ڵگاى سوریدا. هه‌روه‌ها كوده‌تاى حوسییه‌كانیشى له‌ یه‌مه‌ندا سه‌رپه‌رشتى كرد كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش زۆر به‌ توندى به‌رهه‌ڵستى ده‌كرێت. پێشتریش ئه‌زموونێكى سه‌رنه‌كه‌وتووى تاقیكرده‌وه‌ له‌ به‌حره‌یندا. 

قاسم سوله‌یمانى جه‌نه‌ڕاڵى ئه‌مانه‌ بوو، ئه‌ندازیارى ئابڵووقه‌دانى ژماره‌یه‌ك وڵاتى ناوچه‌كه‌ بوو به‌ سیستمى موشه‌كى جێگیركراو له‌ وڵاتانى دراوسێدا، به‌ مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى بایه‌خى ستراتیجى ئه‌و وڵاتانه‌ و كاركردنه‌ سه‌ر بڕیار و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانیان.

له‌ چه‌ند مانگى رابوردووشدا خه‌ونه‌ گه‌وره‌كه‌ى هاته‌دى كه‌ كردنه‌وه‌ى رێگایه‌كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ بۆ به‌یروت به‌ به‌غداد و دیمه‌شقدا.

ململانێكردن له‌گه‌ڵ ئه‌هریمه‌نى گه‌وره‌دا و هه‌ندێك جار چڕنوق لێگرتنیشى به‌رنامه‌یه‌كى تازه‌ى ئێرانى ئێستا نییه‌. چونكه‌ پاش ئه‌وه‌ى ئه‌مریكییه‌كان له‌ باڵیۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى خۆیاندا له‌ تاران بوون به‌ بارمته‌، به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان گوێزرانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌.

باشترین گۆڕه‌پان به‌یروت بوو؛ ته‌قاندنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكیى و ته‌قاندنه‌وه‌ى باره‌گاى سه‌ركردایه‌تى مارێنز و رفاندنى بارمته‌كان هه‌وڵێك بوون بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان په‌لكێش بكرێن بۆ ناو كۆمه‌ڵێك قه‌فه‌زى بچووك چونكه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ناتوانن چاره‌نووسى هاووڵاتییه‌ رێفێنراوه‌كانیان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرن. ئه‌م گێچه‌ڵ و چڕنوقانه‌ هیچیان ئیمزایه‌كى ئاشكراى ئێرانیان پێوه‌ نه‌بووه‌، رێك وه‌كو ئه‌و زه‌برانه‌ى كه‌ پاش رووخاندنى سه‌ددام ئاڕاسته‌ى سوپاى ئه‌مریكا كرا. به‌ درێژایى 40 ساڵ سه‌ركرده‌ ئه‌مریكییه‌كان خۆیان پاراستووه‌ له‌وه‌ كه‌ له‌ ئێراندا وه‌ڵامى ئێران بده‌نه‌وه‌. ئاڵوگۆڕى زه‌بره‌كان سنووردار و كۆنترۆڵكراو بوون.

ئێران سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى به‌ده‌ستهێنا كاتێك كه‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ئیمزا كرا به‌بێ باسكردنى ره‌فتاره‌ ناوچه‌ییه‌كانى، سوله‌یمانیش به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانى خۆى.

پڕۆسه‌ى كوشتنى سوله‌یمانى له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئابووریى ئێران به‌هۆى سزاكانى ترامپه‌وه‌ خوێنى لێ ده‌چۆڕێت و عێراق و ئێرانیش بوونه‌ته‌ مه‌ڵبه‌ندى خۆپیشاندانى جه‌ماوه‌ریى وا كه‌ شتێك له‌ شكستى سیاسه‌تى ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌ناو هیلاله‌ ئێرانییه‌كه‌دان. له‌به‌رئه‌مه‌ زه‌حمه‌ته‌ رابه‌ر پاشه‌كشه‌ بكات. جگه‌ له‌وه‌ش كوشتنى سوله‌یمانى له‌ به‌غداد مانایه‌كى ره‌مزى دیكه‌ى هه‌یه‌. سوله‌یمانى له‌ جه‌نگى عێراق ئێراندا ناوبانگى ده‌ركرد. ده‌گوترێت قاسم سوله‌یمانى هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ى له‌بیر بووه‌ كه‌ ئه‌مریكا نه‌یهێشتووه‌ ئێران له‌و جه‌نگه‌دا سه‌ربكه‌وێت. كاتێك كه‌ پارسه‌نگى هێز له‌ جه‌نگه‌كاندا به‌ سوودى ئێران ده‌بوو، وێنه‌ى مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانى سوپاى ئێران له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگدا ده‌گوێزرانه‌وه‌ بۆ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ قوبروس و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌غداد. ئه‌م نهێنییه‌ كاتى خۆى حامید ئه‌لجبورى وه‌زیرى پێشووترى عێراق بۆى گێڕامه‌وه‌.

زۆر پێده‌چێت ئێران باش له‌ تواناى ترامپ تێنه‌گه‌یشتبێت سه‌باره‌ت به‌ بڕیاردان له‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌منییه‌ سه‌خته‌كاندا، به‌تایبه‌ت كه‌ واى نیشاندا سزاى ئابووریى پێ باشتره‌ له‌ زه‌برى سه‌ربازیى. ره‌نگه‌ خودى سوله‌یمانیش پێى وابووبێت سه‌لامه‌تیى ئه‌م هێڵێكى سووره‌ كه‌س ناتوانێت بیبه‌زێنێت و سه‌ركێشى جه‌نگێك بكات.

كوشتنى سوله‌یمانى هه‌مووانى غافڵگیر كرد. ده‌توانین بڵێین له‌گه‌ڵیدا هێڵه‌ سووره‌كانیش كوژران. ئێستا سه‌ره‌تا زۆر گه‌رمه‌كانى لاپه‌ڕه‌یه‌كى تازه‌ و ساڵێكى تازه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ترسناكه‌.
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure