دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی....عێراق بەرەوکوێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

دواڕۆژ


بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣-١-٢٠٢٠ ھەواڵی تیرۆرکردنی گەورەترین و کاریگەرترین کەسایەتی سیاسی و سەربازیی ئێران لە عێراق و وڵاتانی تری ناوچەکە، حاجی قاسم سولەیمانی لەسەر ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداد، ھاوڕێ لەگەڵ دووەمین کەسایەتی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی ئەلموھەندیس  لە لایەن ئەمریکاوە  ھەموو دنیای تاساند، بەتایبەت کە کردەوەکە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک ترامپ بووە.


وەک زۆرێک لە توێژەرە سیاسییەکان دەڵێن: تیرۆرکردنی سولەیمانی ئاستی ململانێکانی تاران-واشنگتۆن دەباتە ئاستێکی جیاواز و مەترسیدارتر بۆ عێراق و ھەرێمیش ئەم خوێندنەوانەی خوارەوە بە دوور نازانرێ:
١- ئەم کردەوە توندەی ئەمریکا زۆر  کەس و لایەنی غافڵگیر کرد، وادەزانرا ئیدارەی ترامپ ھەر میکانیزمە ئابوورییەکان دژی تاران بەکاردەھێنێت، بەڵام کوشتنی فەرماندەیەکی یەکجار گرنگی وەک قاسم سولەیمانی دەری خست ئیدارەی ئەمریکا بە جددی دەیەوێت ھەژموونی تاران لە سەر ناوچەکە نەھێڵێت و لەم پێناوەشدا پەنا بۆ زەبری سەربازییش دەبات.

٢- کردەوەکە پەیوەندی زۆری ھەیە بە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە.

٣- کۆماری ئیسلامی ئێران فەرماندەیەکی زۆر کاریگەری لە کیس چوو. سولەیمانی خاوەنی ئەزموونێکی دوورودرێژ و دەوڵەمەند بوو لە وڵاتانی ناوچەکە.ھەموو نھێنییەکانی سیاسەتی ناوچەکەی دەزانی. پەیوەندی راستەوخۆ و شەخسیی ھەبوو لەگەڵ دروستکەرانی بڕیارە سیاسییەکان. زۆر کارامەبوو لە جێبەجێکردنی سیاسەتی تاران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیدا. دەیزانی کەی پێویستە توند بێ و کەی نەرم و نیانیی بنوێنێ. بۆیە پڕکردنەوەی شوێنەکەی کارێکە ئاسان و خێرا نابێ بۆ تاران.

٤- جارێکی تر ئەو راستییە بەرجەستە بووەوە کە شەڕی سەربازیی ئێستا چەمکە کلاسیکییەکەی فڕێ داوە .تەکنەلۆجیا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێ کە ئێستا پارسەنگەکەی لای واشنگتۆنە.

٥- مەرجەعییەتی شیعەی عیراق دووربینییەکی شایستەی نیشان دا کە ئەمڕۆ داوای کرد ھەموو لایەک ددان بەخۆیاندا بگرن، چونکە بەرزترکردنەوەی ئاستی گرژییەکان زیانی زیاتر بە گەلانی ناوچەکە دەگەیەنێت.

٦- ئێران وا بە ئاسانی دەستبەرداری ستراتیجی ئێستای نابێت و بۆ دوودخستنتەوەی شەڕ لە ماڵەکەی خۆی، بەھەمان قورساییەوە بوونی خۆی لە عێراق و لوبنان و شوێنەکانی تر دەپارێزێز

٧- کاردانەوە چاوەڕوانکراوەکەی تاران دیراسەکراو و ئەقڵانی دەبێ و رەنگە کاردانەوەیەکی سنوورداربێ لە ناوچەیەک دوور لە عێراق.

٨- شیعەی عێراق کە ماوەی ساڵێک زیاترە رووی لە لاوازی و پەرتەوازەیی کردووە، بەم رووداوە ئەگەری لاوازبوونتری دێتە ئاراوە ئەگەر بە سیاسەت و ھەڵویست و شێوازی حوکمداری و پەیوەندییەکانیدا نەچێتەوە.

٩- حکومەتی ئێستای عێراق وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر و لاواز پێشبینی کاردانەوەی گەورە و کاریگەری لێ ناکرێ.

١٠- ھەرچەندە لەمێژە واشنگتۆن وازی لە کودەتای سەربازی ھێناوە، بەڵام ئامادەیی تێدایە پشتیوانی لە کودەتای سپی بکات وەک ئەوانەی ئەمریکای لاتین، بۆیە ئەم ئەگەرە بۆ عێراق بە لاوازییش بێ ھەر لە ئارادایە.

١١- ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ململنێی نێوان وشنگتۆن و عێراق و تائێستا باشی ھێناوە کە بێلایەنیی خۆی پارستووە، بەڵام پێویستە لەمەولا بەتەنیا ھەر تەماشاکەر نەبێ و خاوەنی پلانی نیشتیمانیی خۆی بێ لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure