مرۆڤناسیى سه‌رى ساڵ

بۆچوون / بیروڕا :: 02/01/2020

نووسینى: سه‌لیم نه‌زال
وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا
هه‌رگیز تێنه‌گه‌یشتووم بۆچى مرۆڤ له‌ كۆتاییهاتنى ساڵدا ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت. شتێكى ئاساییه‌ مرۆڤ به‌هۆى به‌دیهێنانى ده‌ستكه‌وتێكى دیاریكراوه‌وه‌ خۆشى ده‌رببڕێت و ئاهه‌نگ بگێڕێت به‌بۆنه‌ى ته‌واوكردنى خوێندنه‌وه‌ یان به‌ده‌ستهێنانى كار و پیشه‌یه‌ك یاخود له‌دایكبوونى منداڵێك. به‌ڵام له‌وه‌ تێناگه‌م بۆچى مرۆڤ ئاهه‌نگ بگێرێت به‌بۆنه‌ى مردنى ساڵێك له‌ ته‌مه‌نى كه‌ زۆر چاك ده‌زانێت ناتوانێت ئه‌و ساڵه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.
تاقه‌ رێگه‌یه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م ره‌فتار و هه‌ڵوێسته‌ به‌وه‌ ده‌كرێت مرۆڤ پێى وابێت دوو جۆر كات هه‌یه‌ كاتێكى پیرۆز و كاتێكى ئاسایى هه‌روه‌ك چۆن شوێن هه‌یه‌ ئاساییه‌ و شوێنیش هه‌یه‌ به‌لایه‌وه‌ پیرۆزه‌.
دیاره‌ مه‌به‌ستم ساڵنامه‌كه‌ى گلیگۆرییه‌ كه‌ له‌و بیرۆكه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ گوایه‌ له‌دایكبوونى مه‌سیح بناغه‌ى سه‌رده‌مێكى نوێى داڕۆشتووه‌. سه‌رده‌مى نوێ هه‌میشه‌ له‌ باكگراوندى رووداوه‌ گه‌وره‌ و بێ هاوتاكانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌كو له‌دایكبوونى مه‌سیح یان كۆچى پێغه‌مبه‌ر و تادوایى. به‌دڵنیاییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ساڵنامه‌ى كۆنتر هه‌ن كه‌ زۆر كۆنترن له‌ ساڵنامه‌ گریگۆرییه‌كه‌، مه‌به‌ستم ساڵنامه‌ى كۆمه‌ڵگا كشتوكاڵییه‌كانه‌، وه‌ك ساڵنامه‌ى ئاشووریى و بابلى سریانى و میسریى و چینى و ئه‌مازیغى و تادوایى.
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ رووداوگه‌لێكى گه‌وره‌وه‌ كه‌واته‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ دوو پاتكردنه‌وه‌ یاخود نوێكردنه‌وه‌ى رووداوه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى كاتدا ده‌بێته‌ سرووتێك له‌ سرووته‌ دووباره‌بووه‌وه‌كان. واته‌ مرۆڤى باوه‌ڕدار لاسایى سه‌رده‌مى پێشوو ده‌كاته‌وه‌، تیایدا ده‌ژیێته‌وه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ش زیاتر په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ نه‌ك به‌ مردن. یاخود په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ هیوا و تازه‌كردنه‌وه‌ى هیواوه‌. بیرۆكه‌ى ژیان له‌پاش مردن بیرۆكه‌یه‌كى ناسراو و بڵاوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا كشتوكاڵییه‌كانى وه‌ك میزۆپۆتامیا و میسر و وڵاتى شام و چه‌ندین كۆمه‌ڵگاى دیكه‌ .. چونكه‌ تۆوى گه‌نم له‌ زه‌ویدا ده‌چێنرێت، واته‌ له‌ زه‌ویدا ده‌مرێت به‌ڵام سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژیان.
ئایینى جوله‌كه‌ تێكه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ گونجاندنى كۆمه‌ڵه‌ بیرۆكه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ له‌ وڵاته‌كانى میزۆپۆتامیا و كه‌نعاندا بڵاوبووبوونه‌وه‌ و سه‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵه‌ بیرۆكه‌یه‌كى تازه‌یان به‌رهه‌مهێنا كه‌ هه‌م له‌ رابوردوو دابڕان هه‌م پێشیه‌وه‌ لكابوون.
سه‌رده‌مى مه‌سیحى نوێش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌مى پڕۆسه‌یه‌كى دوولایه‌نه‌یه‌؛ دابڕان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مى یه‌هوودى كۆندا به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا لكابوو پێوه‌ى. به‌ واتایه‌كى دیكه‌ له‌ڕووى ئایدۆلۆجییه‌وه‌ لێى دابڕاوه‌ به‌ڵام له‌ڕووى مێژووییه‌وه‌ لێى دانه‌بڕاوه‌. هه‌مان مه‌سه‌له‌ش له‌ ئایینى ئیسلامدا ده‌بینین كه‌ له‌ڕووى ئایدۆلۆجییه‌وه‌ له‌ مه‌سیحى و یه‌هوودى دابڕاوه‌ به‌ڵام له‌ڕووى مێژووییه‌وه‌ پێیانه‌وه‌ نووساوه‌. ئایینى بوودى و سیخیش دیسان هه‌ر به‌وجۆره‌ن، له‌ شوێنێكدا له‌ هیندۆسى دابڕاون و له‌ شوێنێكى دیكه‌داپێوه‌ى لكاون.
كورت و كرمانجى ده‌مه‌وێت بڵێم كه‌ هیچ سه‌رده‌مێك نییه‌ به‌ته‌واوى تازه‌ و نفت و نوێ بێت، له‌به‌ر یه‌ك هۆكارى ساده‌؛ سه‌رده‌مى نوێ له‌ منداڵدانى سه‌رده‌مى كۆندا ده‌ڕوێت.
رێك وه‌ك ئه‌و منداڵه‌ى كه‌ هه‌ندێك خه‌سڵه‌ت له‌ دایك و باوكییه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت به‌ڵام ره‌نگه‌ رێگایه‌كى دیكه‌ بگرێته‌به‌ر. ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵ وایان لێهاتووه‌ كه‌ هه‌ندێك داب و نه‌ریتییان تێدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكى دیكه‌ وه‌كو یه‌ك نین. به‌ڵكو جیاوازن به‌پێى داب و نه‌ریته‌كانى هه‌ر وڵاتێك. هه‌روه‌ها خه‌سڵه‌ته‌ بازرگانییه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كه‌ش به‌ ته‌واوى كۆنترۆڵى كردووه‌ و وه‌ك هه‌موو بۆنه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ڕووى بازرگانییه‌وه‌ سوودى لێ ده‌بینرێت.
ئێستا له‌ وڵاتێكى وه‌كو هیندستانیشدا ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵ بره‌وى په‌یدا كردووه‌، كه‌ پێشتر ئه‌م رێوڕه‌سمه‌ى تێدا نه‌بووه‌. هۆكاره‌كه‌ش جیهانگیرییه‌، كه‌ بووه‌ته‌ هۆى به‌هێزبوون و بڵاوبوونه‌وه‌ى كه‌لتوورى خۆرئاوا له‌ پانتاییه‌ كه‌لتوورییه‌ جۆراوجۆره‌كاندا. ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵ بووه‌ته‌ پانتاییه‌ك بۆ پشووى فه‌ڕمیى و ده‌رفه‌تێك بۆ ئیسراحه‌ت و كۆبوونه‌وه‌ خێزانییه‌كان و هه‌لێكه‌ بۆ چێشتخانه‌ و شیرینى فرۆشه‌كان و تادوایى. به‌م جۆره‌ ده‌بینین ئاهه‌نگه‌كه‌ كراوه‌ به‌ بابه‌تێك له‌ بابه‌ته‌كانى جیهانگیریى و بووه‌ته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پشوو وه‌رگرتن و به‌سه‌ربردنى كاتێكى خۆش له‌گه‌ڵ هاوڕێیان و كه‌سوكاردا و ئاڵوگۆڕكردنى جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure