له‌ 2020 وریای ئه‌م رۆشنبیرانه‌ بن

بۆچوون / بیروڕا :: 30/12/2019

ره‌حمان غه‌ریب
ئه‌و كه‌سانه‌ ناڵێم كه‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی به‌رهه‌م و خوڵقاندنی جوانین، نه‌خشه‌سازێك، ئه‌ندازیارێكی باخچه‌ یان ته‌لارێ، مۆزیكژه‌نێ، رۆمانوسێ، په‌یكه‌رتاشێ، دیزاینه‌ر،شانۆكارێ، شاعیرێ، ده‌یانی هاو شێوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا جوانی ده‌خوڵقێنن. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ بری رێزكردنی ڕسته‌ و ده‌ركه‌وتنی نێرگسیانه‌ له‌ فه‌زای گشتی، سه‌رقاڵی به‌رهه‌م و جوانین.

مه‌به‌ستم ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌ پشتی "ڕه‌مز" سه‌نگه‌ریان گرت، خۆیان كرده‌ به‌شێك له‌ چاكسازی سیاسی، ئینجا سیاسه‌ت و چاكسازی و پرۆسه‌ی گۆڕانیان له‌واقعی هه‌ستپێكراوه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ یۆتۆبیا، به‌دیاریكراوی مه‌به‌ستم ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ن كه‌ له‌مێژووی گۆڕاندا جارێك وه‌ك ده‌رگاوان ده‌رده‌كه‌وتن‌و گرده‌كه‌یان وه‌ك ده‌رگای به‌هه‌شت وه‌سفده‌كرد، ئێستاش وه‌ك "ڕه‌خنه‌گر "ی، فیرده‌وسه‌كه‌یان، دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌.

نه‌ موسه‌قه‌فم نه‌ دوای موسقه‌فه‌كانیان كه‌وتووم، نه‌ گۆڕانخوازی گرده‌كه‌و نه‌خوار گرده‌كه‌م، ده‌نگم پێنه‌داون، وه‌ك چاودێرێك له‌دوره‌وه‌ ته‌ماشی دیمه‌نه‌كه‌م ده‌كرد. دیمه‌نێك كه‌ ڕۆشنبیری خۆبه‌خش‌و موچه‌خۆر، نه‌ك ته‌نها پاسه‌وانی پرۆژه‌ی گرده‌كه‌، به‌ڵكو وه‌ك ده‌رگاوانی حه‌قیقه‌ت و عه‌داله‌ت و ئازادییه‌كان شاشه‌ی KNN یان داگیركردبوو، به‌گوتاری هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر و ساخته‌ و فۆتۆكۆپی هه‌مان گوتاری باویان ده‌كرد، به‌ڵام به‌تامی به‌هاراتی هزرمه‌ندانی پۆست مۆدێرنه‌.

كه‌س وه‌ك ڕۆشنبیری نزیك‌و خوارو ناو گرده‌كه‌، پرۆسه‌ی گۆڕانی نه‌كرد به‌ یۆتۆبیا، وه‌ك ڕووداوێكی كۆمیدیاش دوباره‌ نه‌بوه‌وه‌. ئه‌و كاته‌ی كه‌ عه‌وام گه‌شبین بوون و پێویستیان به‌ ڕه‌شبینی ئه‌وان هه‌بوو، زۆر له‌ عه‌وام گه‌شبینتر، بێ پرسیارو بێگوماننتر بوون.

هه‌ر خۆیان فه‌زای گشتیان پڕ كردبوو له‌ هیواو گه‌شبینیه‌كانیان بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و چاره‌نوسی خه‌ڵك، له‌ كۆتایشدا ده‌سه‌ڵات به‌هێزترو خه‌ڵكیش به‌دبه‌ختر بوون.
لێره‌ باسم له‌ ده‌سه‌ڵات و دیكاتۆریه‌تی دامه‌زراوه‌ی ئابوریی و میدیای و ڕێكخراوه‌ پۆلیسی نییه‌ له‌لاوازكردنی هه‌وڵه‌كانی گۆڕانكاری و چاكسازی سیاسی، قسه‌م له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی رۆشنبیرو سیاسه‌ته‌ له‌ ناو ئه‌و فه‌زایه‌، كه‌ له‌ كۆتایدا هه‌م خۆیان و هه‌م سیاسه‌تیان خسته‌ ناو قه‌یران و نایاونه‌وێ ددان بنێن به‌وه‌ی ئه‌وانیش شه‌ریكن، چونكه‌ تیایدا بوون.

ئه‌و جۆره‌ له‌ ڕۆشنبیری سیاسی بێكاریگه‌ر و بێتوانا و بێئامراز له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ بڕیاربوو بیگۆڕن، له‌بری چاوخشانه‌وه‌ به‌ گوتار‌و پشتیوانی بێ مه‌رجی سیاسه‌تمه‌دار، له‌بری خوێندنه‌وه‌ی قوڵی وه‌زیفه‌ی ڕۆشنبیر، نه‌ختێك ده‌ستكاری گوتاره‌كانیان كردوه‌و به‌ ئاراسته‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ده‌یجوونه‌وه‌، گوتارێكی "ڕه‌خنه‌" گرانه‌ به‌ڵام به‌ بێ تێپه‌ڕبوون به‌ گوتاری ره‌خنه‌ گرتن له‌خۆ.

له‌ سه‌رده‌مێكدا پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌یان له‌ سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌ نه‌وشیروان مسته‌فا په‌كخست، كه‌ خودی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ پێویستی پێبوو، ئه‌وان له‌حزوری ده‌سڵاتی مه‌عریفی ئه‌ودا شپرزه‌و شڵه‌ژاو ده‌رده‌كه‌وتن، ترساوو بێ زانیاری خۆیان نمایش كردوه‌، ئێستا به‌ شكستخواردو ته‌نانه‌ت گرده‌كه‌یش به‌ "هێلانه‌ی مریشكی كڕكه‌وتوو" وه‌سفده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ چ زه‌مه‌ن و چ زه‌مانێكه‌ ئه‌م رۆشنبیرانه‌ی تێكه‌وتوون، پێشتر له‌ پشتی ڕه‌مزێكی وه‌ك كاك نه‌وشیروان، گردی به‌رانانیان وه‌ك فیرده‌وسی گۆڕانكاری و خه‌ڵكی به‌ئیراده‌ وه‌سفده‌كرد، ئێستا به‌ دوای ڕه‌مزێكی تردا ده‌گه‌ڕێن "یان هه‌یانه‌" تا "خوار گرده‌كه‌" بكه‌نه‌وه‌ فیرده‌وس وپرشنگی فكر، "سه‌ر گرده‌كه‌"یش بكه‌نه‌ مه‌قسه‌ڵه‌ی چاكسازی و گۆڕانكاری و لانه‌ی گه‌نده‌ڵی و خه‌ڵكی بێ ئیراده‌ و فكر. ئایا پێویستمان به‌ نه‌ختێك ڕێژه‌ییبوون و پێداچونه‌وه‌ نییه‌ له‌فكرو بۆچوونه‌كان؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure