کورد و زمانی عەرەبی

بۆچوون / بیروڕا :: 27/12/2019

وەرگێڕانی: چالاک عومەر

ئەگەرچی عێراق لە دیمەنێکی کارەساتبار و غەمباردا دەژی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، کاتێک دەسەڵاتەکانی حکومەت بەرەو رووی بزوتنەوەی ناڕەزایی ئاشتیانەی گەل بوونەوە و بە ئاگر و ئاسن سەرکوتیان کردن، بەڵام چەند لایەنێکی گەش دەبینین، بەتایبەت پەیوەندیدار بە گەڕانەوەی هۆشیاریی نیشتمانیی و زیندووبوونەوەی ناسنامەی نیشتمانیی عێراقیی رەتکەرەوەی تایەفەگەریی و جیاوازیی، هەروەها بەرزبوونەوەی دەنگی ژیانی هاوبەش و چارەنووسی یەکگرتوو، ئەمەش تەنیا گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان و بەغدا ناگرێتەوە بەڵکو نۆ پارێزگای دیکەی عێراق کە (حلە، دیوانیە، کەربەلا، نەجەف، سەماوە، کوت، ناسریە، عەمارە و بەسرە)شی گرتووەتەوە و درێژبووەتەوە تا ژمارەیەک رۆشنبیری کوردیش بچنە پاڵ برا رۆشنبیرە عەرەبەکانیان وەک چۆن دانیشتوانی ناوچەکانی خۆرئاوا لەگەڵ ناوەڕاست و باشوور یەک دەنگن.

رێگەچارە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییە ئەرێنییەکانی نێوان عەرەب و کوردی عێراق چییە؟ پێدەچێت ئەو دروشمەی چەپەکان لە سییەکانی سەدەی رابوردوو هەڵیانگرتبوو ئێستا زیاتر پێداگیریی لەسەر بکرێت کە دروشمەکە بریتی بوو لە (لەسەر بەردی یەکێتیی عەرەبی - کوردێک پیلانگێڕیی داگیرکەران و دواکەوتووان لەناودەبات)، ئەمەش لە فەزای رۆشنبیرییدا دەبێت کە زمان جەوهەر و رۆحیەتی، ئەوەش لە پاش ئەو تێکچوونە دێت لە پەیوەندییەکاندا بەهۆی رژێمی دیکتاتۆری رابوردوو کە رەفتاری سەرکوتکەر و شۆڤێنی و رەگەزپەرستانەی پەیڕەو دەکرد، هەروەها هەوڵی تێکدانیش هەبوو لەلایەن دەوڵەتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیشەوە کە ئەوەش خێر و چاکەی نەک هەر بۆ گەلی کورد و عەرەب نییە، بەڵکو بۆ هیچ گەلێکی دیکە نیەتی.
 
رێوڕەسمی زانکۆی سلێمانی بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی عەرەبی لە 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا نیشانەی گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە رۆشنبیری و مرۆییەکانە لەنێوان کورد و عەرەبدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە 3190 لەساڵی 1973 بڕیاریدا بە ناساندنی زمانی عەرەبی وەک زمانێکی رەسمی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، رێکخراوی یونسکۆش کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە ساڵی 2012وە لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ رۆژی زمانی عەرەبی.

هەوڵەکانی دوورخستنەوەی کورد لە زمانی عەرەبی و ئەدەب و خوێندنیشی، زیانی قوڵی بە رۆشنبیری کوردی گەیاندووە و رێگری کردووە کورد پەیوەندی هەبێت لەگەڵ برا عەرەبەکانی، بەتایبەتی نەوەی نوێ کە بەتەواوی لە عەرەبی عێراق و کەنداویش دابڕاوە، بەم دواییەش ژمارەیەک ناوەندی رۆشنبیری و ئەکادیمی و سیاسی بۆیان دەرکەوتووە کە زیانی چەند زۆرە، بۆیە دەستپێشخەری کۆڕبەندی فیکری عەرەبی و دەزگای شازادە حەسەن بن تەڵاڵ کار لەو ئاستەدا دەکات و بەتایبەت دەیەوێت میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆی عەرەبی-کوردی.

زمانی عەرەبی زمانێکی جیهانییە و زیاتر لە 430 ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن کە دابەش بوون بەسەر نیشتمانی عەرەبیدا، کاریگەرییان درێژ دەبێتەوە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و دووریش، چونکە ئەو زمانە زمانی قورئانە و زمانێکی زیندووە و شیاوی نوێبوونەوەیە، لێکچوون، رەگەزدۆزی و مەجاز و چەندین هونەری رەوانبێژیی و پاراویی تیادایە، یەکێکیکشە لەو چوار زمانە زۆر بەربڵاو و بەکارهێنراوەی ناو تۆڕی ئینتەرنێت و زۆرترین بەربڵاویی هەیە و گەشەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی عەرەبی لای موسڵمان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە نوێژ بە زمانی عەرەبی نەبێت ناکرێت، هەروەها زمانی سروتە ئاینییە مەسیحییەکانیشە لە ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی.

ئەگەر چین ئاهەنگ دەگێڕێت لە رۆژی زمانی چینیدا وەک یادکردنەوەیەک بۆ دامەزرێنەری ئەبجەدییەکەی کە سانگ جیەیە، رووسیاش رۆژی لەدایکبوونی شاعیر ئەلیکساندەر بوشکینی وەک روژی زمانی رووسی دیاریکردووە وەک رێزلێنانێک لەو شاعیرە، بەریتانیش رۆژی لەدایکبوونی ولیەم شکپیر بە رۆژی زمانی ئینگلیزی دادەنێت و زۆرێکیش دەڵێن چیک باپیری رۆحی زمانیان کۆمنیسکییە، ئایا ئێمەی عەرەبیش حەق نییە لە رۆژی لەدایکبوونی شاعیر موتەنەبیدا وەک رۆژی زمانی عەرەبی ئاهەنگ بگێڕین؟ وەک بیرمەندی سوری جۆرج جبور دەڵێت.

بەرزڕاگرتنی رۆژی زمانی عەرەبی لە زانکۆی سلێمانی گرنگییەکی تایبەتی بۆ گەلی کورد هەیە لە چەند لایەنێکەوە، بۆ نموونە زۆرێک لەوانەی لە زمانی عەرەبیدا نووسیویانە کورد بوون، بۆ نموونە ئەحمەد شەوقی، جەمیل سدقی زەهاوی و مەعروف سافی، رەچەڵەکی کوردییان رێگری لێ نەکردوون داهێنان بە زمانی عەرەبی بکەن، هەروەها زانایانی کورد تێیان کۆشاوە لە نووسینەوەی مێژوودا بە زمانی کوردی و عەرەبیش، هەندێک زانای کورد کەلەپورێکی مەزنن لە زمانی عەرەبیدا و بەشداربوون لە بنیادنانی شارستانیەتی عەرەبیدا، بۆیە دوبارە خوێندنەوەی زمانی عەرەبی وەک دووەم زمانی بنەڕەتی شانبەشانی کوردی سودی زیاتر بۆ کورد هەیە پێش عەرەب لەبەرئەوەی زمانێکی جیهانییە، لە چەندین بەرنامەی ئەکادیمی زانکۆکان دانراوە بەمدواییە، ئەوەش هاوکار دەبێت بۆ بەهێزکردنی هاریکاریی و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری لە لایەک و ژیانکردنی هاوبەش لەلایەکی دیکە.

ئەوەی جێی ئاماژەیە رێوڕەسمەکە لە هۆڵی پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ بەڕێوەچوو کە یەکێکە لە کەسایەتییە کوردییەکان کە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure