ئه‌گه‌ر ژنان حوكم بگرنه‌ ده‌ست

بۆچوون / بیروڕا :: 26/12/2019

سه‌رچاوه‌: واشینتۆن پۆست

ناوبه‌ناو ئه‌و ده‌نگانه‌ به‌رزده‌بنه‌وه‌ كه‌ داواكارن بوار بڕه‌خسێنرێت بۆ ژنان تا پۆسته‌ رابه‌رایه‌تییه‌كان بگرنه‌ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ى جیهان كه‌مێك ئاشتى به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، ئه‌و ئاشتیه‌ى كه‌ پیاوان نه‌یانتوانى به‌دى بهێنن.

ئایا به‌ڕاستى ژن خاوه‌ن ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ پێویستانه‌یه‌ كه‌ گرنگن بۆ به‌ڕێوه‌بردنى جیهان به‌شێوه‌یه‌كى باشتر؟

(ئیبیجیل بۆست) مامۆستاى یارمه‌تیده‌ر له‌ بوارى ئاسایسشى نه‌ته‌وه‌یى و زانسته‌ سیاییه‌كان له‌ زانكۆى وێندرسۆن له‌ ویلایه‌تى ئیندیانا توێژینه‌وه‌یه‌كى له‌م رووه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌. هه‌فته‌ى رابوردوو باراك ئۆباماى سه‌رۆكى پێشووى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر ژنان پۆسته‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كان بگرنه‌ ده‌ست ئه‌وا شه‌ڕ و كوشتار كه‌مده‌بێته‌وه‌ و منداڵ خزمه‌تى باشتر ده‌كرێت و ئاستى ژیان و داهاتیش به‌شێوه‌یه‌كى گشتى چاكتر ده‌بن.

خاتوو ئیبیجیل له‌ وتاره‌كه‌ى واشنتۆن پۆستدا ده‌ڵێت قسه‌كه‌ى ئۆباما راستیشه‌ و هه‌ڵه‌شه‌ چونكه‌ توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ هه‌تا ژماره‌ى ژنان له‌ په‌رله‌مانه‌كاندا زیاتر بن ژماره‌ى په‌سه‌ندكردنى سیاسه‌ته‌ ئاشتیخوازه‌كان زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ده‌بینین ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن تیایاندا به‌ده‌ست ژنانه‌وه‌یه‌ ناكۆكى و توندوتیژى زیاتریان تیادایه‌.

توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: "له‌به‌رئه‌وه‌ى زوربه‌ى كۆمه‌ڵگەكان، به‌ كۆمه‌ڵگەى ئه‌مریكیشه‌وه‌ پێیانوایه‌ ژن سه‌ركرده‌یه‌كى لاوازه‌، ئیتر ژنان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و لاوازییه‌ وێناكراوه‌ توندوتیژتر ره‌فتار ده‌كه‌ن".

ژنانى پۆسته‌ باڵاكان رووبه‌ڕووى دوو وێناكردنى نموونه‌یى ده‌بنه‌وه‌ كه‌ رێگرن له‌وه‌ى هه‌وڵى ئاشتى بده‌ن. وێناكردنى یه‌كه‌م ده‌ڵێت ژن مه‌یلى كۆمه‌ڵایه‌تى زیاترى هه‌یه‌ واته‌ په‌روه‌رده‌كاره‌ و زیاتر له‌ پیاو میهره‌بانتر و ئارامتره‌. له‌كاتێكدا كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌ و رابه‌ر توندوتیژ و به‌زه‌بر و زه‌نگ و خاوه‌ن هه‌ژموون بێت كه‌ ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ زیاتر له‌ پیاودا هه‌ن، كاتێكیش ژنان ئه‌م رۆڵانه‌ ده‌گرنه‌خۆ كه‌ خه‌سڵه‌تێكى ره‌سه‌نى سروشتیان نیه‌ خه‌ڵك به‌ بێتواناتریان ده‌بینێت.

خاتوو ئیبیجیل ئاماژه‌ بۆ قسه‌یه‌كى ریچارد نیكسۆن ده‌كات كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ وتوویه‌تى: "به‌بڕواى من پێویست ناكات ژن هیچ پۆستێكى سه‌رۆكایه‌تى بگرێته‌ده‌ست. من ئه‌م قسه‌یه‌م به‌جددیه‌ چونكه‌ ژن راڕا و میهره‌بانه‌. دیاره‌ پیاویش راڕا و میهره‌بانه‌، به‌ڵام ئافره‌ت زیاتر ده‌كه‌وێته‌ داوى دوودڵیى و زیاتر شوێن هه‌ست و سۆزى خۆى ده‌كه‌وێت".

توێژینه‌وه‌یه‌كى ساڵى 2002 ده‌ریخست كه‌ 61%ى خه‌ڵك پێیان وایه‌ پیاوان باشترن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌یرانه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌راورد به‌ ژنان.

خاتوو ئیبیجیل له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ژن بۆ ئه‌وه‌ى پێچه‌وانه‌ى ئه‌م قسه‌یه‌ بسه‌لمێنێت هه‌وڵ ده‌دات ناكۆكییه‌كان به‌ره‌و قه‌یران و جه‌نگ ببات".

بۆ سه‌لماندنى قسه‌كانى خاتوو ئیبیجیل هه‌ڵوێستى ئه‌و ژنه‌ سه‌رۆكانه‌ى به‌ نموونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵانى 1980 تا 2010 نواندویانه‌ له‌ ناكۆكییه‌ سه‌ربازییه‌كاندا له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌دا و ده‌ڵێت به‌ توێژینه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ژنان به‌ رێژه‌ى 17% زیاتر له‌ هه‌ڵوێستى پیاوان رووبه‌ڕووى به‌رهه‌ڵستى دوژمنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ژنان زیاتر له‌ پیاوان هێزى سه‌ربازى به‌كارده‌هێنن بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر به‌رهه‌ڵستیه‌كاندا.

هه‌ڵوێستى خاتوو ئه‌ندێرا غاندى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووترى هیندستان به‌رامبه‌ر به‌ كێشه‌ى به‌نگلادیش و شه‌ڕى پاكستان ئه‌م راستیه‌ زیاتر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، چونكه‌ خاتوو غاندى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى خۆى برده‌ سه‌ر و له‌ ماوه‌ى 13 رۆژدا سوپاى پاكستانى به‌زاند.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure