له‌نێوان رۆشنبیریى و سیاسه‌تدا

بۆچوون / بیروڕا :: 24/12/2019

وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

مشتومڕێكى هه‌میشه‌یى له‌نێوان رۆشنبیر و سیاسیدا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئاخۆ رۆشنبیریى به‌لاى هه‌ڵوێستى سیاسیدا دایبشكێنێت یان ئازادیى و هیواكان بكاته‌ ئامانج.

ئه‌گه‌ر رۆشنبیریى مه‌سه‌له‌یه‌ك بێت كه‌ له‌ ویژدان و هیوا و ئاواتى گه‌لاندا دروست ببێت خۆ سیاسه‌ت به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى و حه‌ز و ئاره‌زووى خه‌ڵكه‌ سیاسییه‌كان ده‌گۆڕێت. به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانى جیهانى سێهه‌مدا.

جگه‌ له‌مه‌ پرسیارێكى دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كێیه‌ رووبه‌ڕووى داهێنان و ئازادى راده‌ربڕین ده‌وه‌ستێته‌وه‌؟

له‌ڕووى بابه‌تییه‌وه‌ هیچ نه‌گونجان و ناكۆكییه‌ك نییه‌ له‌نێوان ئازادكردنى وڵات و ئازادى مرۆڤدا چونكه‌ هه‌ردووكیان گوزارشتن له‌ ئاره‌زووى میلله‌تان بۆ دروستكردنى ده‌وڵه‌تى هاووڵاتێتى و رزگاركردنى وڵات. كه‌واته‌ پێویست وایه‌ رۆشنبیر له‌كوێدا بوه‌ستێت و لایه‌نگرى له‌ كێ بكات؟ بچێته‌ پاڵ سیستمه‌كانى سه‌ركوتكاریى و گه‌نده‌ڵیى یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنانه‌دا كه‌ هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا كردووه‌ گوایه‌ بۆ دژایه‌تیكردنى ئه‌و ئه‌هریمه‌نه‌.

ئه‌گه‌ر رۆشنبیریى بیه‌وێت سه‌ربكه‌وێت پێویسته‌ ئیلهام ته‌نیا له‌و رۆشنبیرییه‌وه‌ وه‌ربگرێت كه‌ له‌ ویژدان و ئاواتى میلله‌تاندا ده‌ژى.

پشتیوانیكردن له‌ رژێمه‌كان به‌بێ پشتیوانیكردن له‌ میلله‌ته‌كان ئاماژه‌یه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌و رۆشنبیره‌ رۆشنبیرێكى كارگێڕى و فه‌رمانبه‌رێكى په‌رستگاكه‌یه‌. له‌هه‌مان كاتیشدا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆنه‌په‌رستان و پیلانه‌ جۆراوجۆره‌كان هه‌رگیز نابێته‌ پاساو بۆ خۆدزینه‌وه‌ و گوێى خۆ كه‌ڕكردن له‌ مافى گه‌لان كه‌ ده‌یانه‌وێت رزگاریان ببێت له‌ سته‌م و گه‌نده‌ڵى. له‌ ده‌وڵه‌تێكدا بژین كه‌ ده‌رفه‌ت و رێبازه‌كانى ژیانى شایسته‌ به‌ یه‌كسانى دابین بكرێن. ئازادى راده‌ربڕین و حكومه‌تێكى ئه‌قڵانییان هه‌بێت و ده‌سه‌ڵات به‌ ئاشتى ده‌ستاوده‌ست بكات. رۆشنبیر پێویسته‌ پشتیوانى له‌م به‌هایانه‌ بكات. به‌و پێیه‌ى به‌رهه‌مهێنێكى خوڵقێنه‌رى زانیاریه‌.

رۆشنبیرى ئه‌و كاته‌ شێوازى ژیانه‌ كه‌ چووبێته‌ قووڵایى كه‌لتوور و مێژووه‌وه‌، نائاسایى بێت و مشتومڕ دروست بكات، ببێته‌ خوڵقێنه‌رى ئازادى و بیرى تازه‌وه‌بوو.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure