تۆڵەكردنەوە لە مێژوو

بۆچوون / بیروڕا :: 23/12/2019

وەرگێڕان و ئامادەكردنی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
مێژوو ژەهر دەكاتە خوێنبەرەكانی ئەو وڵاتانەی كە تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەیەوێت سزایان بدات. مەبەست ئەو دەوڵەتانەیە كە جەنگ و رووداوەكان بچووكیان كردنەوە و ناچاریان كردن لە نەخشەی وادا بژین بچووكتر لەو نەخشانەی كە لەسەردەمە زێڕینەكانیاندا هەیانبوون. ئەم نەخشە تازانە بەلایانەوە تەنگ و زیندانئاسان. دوو جەنگی جیهانی خوێناوی ئەوروپییەكانیان فێركرد بەم نەخشە تازانەیان قایل ببن و خۆیان خەریك بكەن بە بارودۆخی ژیانی دانیشتووەكانیانەوە.
ئیتر شوێنێك نەماوە بۆ سوپاسە سەركێشەكان كە پەلاماری خاك و نیشتمانی كەسانی دیكە بدەن و چەند بەشێكی لێ‌ بپچڕن بۆ خۆیان. ئەڵتەرناتیڤەكە بریتییە لە پێشبڕكێكردن لەسەر ئەوەی كێ‌ نموونەیەكی باش پێشكەش دەكات و ئابووریی گەشەپێدەدات و كەلتوور دەدرەوشێنێتەوە.
خاوبوونەوەی رەوتی مێژوو لە ئەوروپادا بەو مانایە نایەت كە لە هەموو شوێنێك پاشەكشێی كردبێت. چەند رستەیەكی كۆتا بەسن بۆ پەردەهەڵماڵین لەسەر كۆمەڵێك ئارەزووی تۆڵەسەندنەوەی گەورە.
بۆ نموونە بەلای ڤیلادیمر پۆتینەوە هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤێت گەورەترین كارەساتی جیۆپۆلۆتیك بووە لە سەدەی بیستەمدا. بە ئاشكرا لە وڵامی پرسیارێكدا گوتوویەتی خۆزگە بمتوانیایە ئەو رووداوە هەڵبوەشێنمەوە.
پاش هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤێت، زۆر كەس باوەڕی وابوو كە روسیا بۆ ماوەی دەیان ساڵی داهاتوو سەرقاڵی چارەسەركردنی برینەكانی خۆی دەبێت، كە لەژێر داروپەردوی یەكێتی سۆڤێتدا زامی زۆری بەركەوت. تەنانەت خوودی یەكێتی فیدراڵی روسیا لەژێر هەڕەشەدا بوو. ئەفسەرەكانی سوپای سوور لەتاو هەژاریی ناچار بوون جلوبەرگە سەربازییەكانیان بە چەند دۆلارێك بفرۆشن. سەرۆك یڵسن بە ناچاری ئامۆژگاری و رێنمایی هەندێك باڵیۆزی وەردەگرت بەوهیوایەی یارمەتی بدەن وڵاتەكەی لەو نشێوە ترسناكە رزگار بكەن. ئەوانە نەیاندەزانی مێژوو گەورەترین هاندەرە. 
پۆتینی رۆڵەی دامەزراوە ئەمنییەكەی سۆڤێت بە وردی سەرنجی دەدات لەو سەرسمانەی روسیا و لە تەماعكاریەكانی ناتۆ و لە درۆدەرەسەكانی شۆڕشە رەنگاوڕەنگەكان. كەوتە داڕشتنی پڕۆژەیەكی تۆڵەئەستێن. شكۆی كرملنی گەڕاندەوە بۆ روسیا و سەركێشەكانی ناچاری ملكەچی كرد. پاشان هەڵمەتی گەڕاندنەوەی شكۆ نێودەوڵەتییەكەی روسیای دەستپێكرد. وێنەی ئەو سوپایەی ساڕێژكردەوە كە لەسەر ئەنبارێكی زەبەلاحی ئەتۆمییە و پاشان چەكی تازەی لەشكستنەهاتووی دروست كرد.
زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین پۆتین دنیای ناچار كرد سەرلەنوێ‌ گوێ‌ لە روسیا بگرنەوە. ئێستا پۆتین لەسەر خاكی سوریا گەمەیەكی ئەوپەڕی ئاڵۆز دەكات بۆ ئەوەی رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی هەبێت لە هەموو پڕۆژەیەكی دروستكردنی ئاشتی لەو وڵاتەدا.
رووداوەكانی ئەم دواییە دەریان خست كە ئیسرائیل و ئێران و توركیا و بگرە كۆمەڵی دەولیش پێویستیان بە تاڵە دەزووە روسییەكەیە بۆ دیاریكردنی سنوورەكانی جەنگ و ناوچەكانی دەسەڵات ئەگینا دەروازەكانی دۆزەخی سوریا دەخرێنە سەرپشت.
پۆتین لەسەر ئاگرەكەی سوریا رۆڵی توركیاشی كۆنترۆڵ كرد. رێگای بە سوپاكەی ئەردۆگان دا كوردەكان تەمبێ‌ بكات بەڵام كەی؟ دوای ئەوەی ئەنقەرە رازیبوو بەشار ئەسەد بمێنێتەوە و موشەكە روسییەكانی هێنایە ناو ماڵە ئەتڵەسییەكەیەوە.
لەسەرەتاكانی ساڵی داهاتوودا پۆتین دەبێتە میوانی ئەردۆگان پاش ئەوەی كە دڵنیا بووە لەوەی گازی سروشتی روسی بە ئازادی دەگاتە توركیا و لەوێشەوە بۆ چەند ناوچەیەك لە ئەوروپا.
رەجەب تەیب ئەردۆگانیش كە سێ‌ ساڵ دوای درەوشانەوەی پۆتین هاتە ناو گۆڕەپانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكەوە لە ساڵی 2003دا، ئەویش یەكێكە لە بریندارەكانی مێژوو. كە لاپەڕەكانی خەلافەتی عوسمانی هەڵدەداتەوە ئەو باوەڕەی لا دروست دەبێت كە نەخشەی ئێستای توركیا كراسێكی تەنگ و سزایەكی گەورەیە. سەرەتا وادەزانرا ئەردۆگان برەو دەدات بە نموونەیەكی ئیسلامیی میانڕەوی گەشاوە، پێگەی وڵاتەكەی تەرخان دەكات ببێتە پردێك لەنێوان ئاسیا و ئەورپادا. زۆركەس بڕوایان بە قسەی داود ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی ئەم پیاوە كرد كە دەیگوت كێشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا سفر دەكەینەوە. بەڵام لێكدانەوەكانی ئەردۆگان لەوە دوورتر و دژوارتر بوون. ئەو هەستی كرد بەهاری عەرەبی دەرفەتێكی زێڕینە كە دووبارە نابێتەوە. بینینی میسری ئیخوانی مەستی كرد. بەڵام ئەمە زۆری نەكێشا، سنوورەكانی توركیای بەڕووی جەنگاوەرە گەڕۆكەكاندا كردەوە كە حەزیان دەكرد جیهاد بكەن لە سوریادا. بەڵام قەیسەری روسیا شكستی بە خەونەكانی ئەم هێناو دواتر تەنیا هەر ئەوەندە رێی پێدا كە نینۆكی كوردەكان بكات. 
ئەردۆگان تائێستاش پێداگری دەكات لە دروستكردنی دەوڵەتێكی گەورەی ناوچەیی. هێزی سەربازی هەیە لە عێراق و سوریا و قەتەر و سۆماڵدا. ئەمە جگە لە بەشە توركییەكەی قوبروس. حەزیشی دەكرد لە دورگەی سواكنی سودان نیشتەجێ‌ ببێت بەڵام روخاندنی رژێمەكەی بەشیر ئەو خەونەی ئەوی لەباربرد. ئێستا خۆی ئامادە دەكات هێز رەوانەی لیبیا بكات. ئەم هەڵوێستە پێشبینی لێ‌ دەكرێت شەڕ و پێكدادانە درێژخایەنەكەی لیبیا دژوارتر بكات. رێككەوتننامەكەی لەگەڵ حكومەتی سەڕاجدا لە لیبیا سەبارەت بە دیاریكردنی ناوچەكانی باڵادەستیی دەریایی دەرگا بەڕووی خۆشكردنی ئاگری جەنگی نەوت و غاز دەكات لە دەریای ناوەڕاستدا.
ئەردۆگان دەیەوێت تۆڵە لە مێژوو بكاتەوە، ئەو مێژووەی كە پەیمانی سیڤەری سەپاند بەسەر دەوڵەتی عوسمانیدا و دوا بزماری داكوتا بەسەر تابوتەكەیدا.
ئەنقەرە نایشارێتەوە كە جێگرەوەی ئیمپراتۆرە مەزنەكەی عوسمانییە و دەیەوێت هاوپەیمانی تۆكمە دروست بكات لەگەڵ كۆمارەكانی ئازەربایجان و كازاخستان و ئۆزبەگستان و قەرقیزیا و توركمەنستان، تەنانەت ئەگەر نرخەكەشی رووبەڕووبوونەوە بێت لەگەڵ روسیادا.
حكومەتی ئێرانیش یەكێكە لەو دەوڵەتانەی كە قبووڵی نییە لە دەوڵەتێكی سروشتیدا بژی پابەندی حوكمی یاسا نێودەوڵەتییەكان بێت. تاران وا تەماشای نەخشەكەی خۆی دەكات كە سزایەكە و مێژوو بۆی بڕیوەتەوە. شانازیكردنی جەنەڕاڵەكانی سوپای پاسداران بەوەی كە چوار پایتەختی عەرەبی بەدەوری تاراندا دەخولێنەوە مانا و مەغزای زۆری هەیە. رابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەسەرەتای رووداوەكانی سوریادا بەبێ‌ ئەملاوئەولا گوتی سوریا پێویستە یان وەكو جارانی لێبێتەوە یان بەنسیبی هیچ كەسێك نابێت. ئەمە جەختكردنەوەیە لەسەر بیرۆكەی دەوڵەتێكی گەورەی ناوچەیی، رێك وەك پێداگریكردن لە بەڕێوەبردنی بەغداد لە دوورەوە.
مێژوو ژەهرەكانی خۆی دەڕژێنێتە خوێنبەرەكانی ئەو دەوڵەتانەوە كە نەیانتوانیوە ئەهریمەنەكانی ناخی خۆیان دەمكوت بكەن. ئای كە سەختە لە نزیك ئەو بریندارانەوە بژیت كە خەونی تۆڵە و وەهمی باڵادەستیی لەكەللەیان دەرناچێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure