كریسمسى سه‌رمایه‌داریى

بۆچوون / بیروڕا :: 22/12/2019

له‌دواى جه‌ژنى هاڵۆوین، جه‌ژنى كریسمسمان لێ نزیك ده‌بێته‌وه‌. جه‌ژنێك به‌ تام و بۆنى سه‌رمایه‌داریى كه‌ به‌بێ هیچ مێژوویه‌كى رۆشنبیرى نه‌زانانه‌ ده‌چینه‌ ناویه‌وه‌. بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بناغه‌كان، بناغه‌ى سه‌رهه‌ڵدانه‌ ئاینییه‌كه‌ى ئه‌و جه‌ژنه‌ و چۆنێتى ئاوێته‌بوون و تواندنه‌وه‌ى مێژوویى جه‌ژنه‌كه‌ له‌ سه‌رمایه‌داریدا.

چۆن ئه‌و كریسمسه‌ له‌ جه‌ژنێكى مه‌سیحییه‌وه‌ گۆڕا، ئه‌و مه‌سیحه‌ى كه‌: (ئه‌مڕۆ مژده‌ى خۆشییه‌كى مه‌زنتان پێ راده‌گه‌یه‌نم كه‌ هه‌موو میلـله‌ت ئه‌گرێته‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ شارى داود رزگاركه‌رێكتان بۆ له‌دایك ده‌بێت كه‌ مه‌سیحى خوداوه‌نده‌). له‌ جه‌ژنى ئه‌و مه‌سیحه‌وه‌ بووه‌ته‌ جه‌ژنێكى نائاینیى ئیداریى پڕ له‌ قازانج.

گومانى تێدا نییه‌ ساڵنامه‌ى جیهانى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كى گرنگى ژماردنى رۆژه‌كانى مانگه‌ به‌پێى ژمێرده‌كانى خۆر كه‌ پێى ده‌وترێت ساڵنامه‌ى خۆریى و ره‌گ و ریشه‌كه‌ى له‌ناو شارستانى فیرعه‌ونیدایه‌. ئه‌م ساڵنامه‌یه‌ هێنده‌ ورده‌ كه‌ خۆرئاوا بردى بۆ خۆى به‌ مه‌به‌ستى حیسابكردنى رۆژه‌كان.

ئه‌م ساڵنامه‌یه‌ كاتى له‌دایكبوونى مه‌سیحى به‌كارهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌و رێگه‌یه‌وه‌ شارستانى خۆرئاوا و ئه‌قڵانیه‌ت و هاوچه‌رخێتى ئه‌و شارستانیه‌مان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت. به‌ڵام میلله‌ته‌ غه‌یره‌ ئه‌وروپییه‌كان ساڵنامه‌كانیان جۆراوجۆر بوون به‌پێى كه‌لتوور و بوار و بایه‌خ و بناغه‌ هزرییه‌كانى خۆیان. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینین ساڵنامه‌ى یابانى و چینى و هیندى و فارسى و عه‌ره‌بى و عیبرى و تادوایى هه‌یه‌ كه‌ پشتیان به‌ رووداو و پێشه‌نگه‌ شارستانى و ئاینییه‌كان به‌ستووه‌ و له‌ زۆر حاڵه‌تدا ساڵنامه‌ى مانگیى كراوه‌ته‌ بناغه‌.

له‌ڕاستیدا ساڵنامه‌ ته‌نیا ئامرازێكه‌ بۆ ژماردن و ئاگاداربوون له‌ مێژوو، به‌ مه‌به‌ستى رێكخستنى ئیشوكاره‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یتوانیوه‌ خۆى رزگاربكات له‌ كه‌لتووره‌كه‌ى به‌ڵكو بووه‌ته‌ ئامرازێك و میتۆدێك بۆ پاشكۆیى و لایه‌نگریكردن. بۆیه‌ ده‌بینین له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه‌، كاتێك كه‌ جیهانى سێیه‌م ملی كه‌چكرد بۆ هه‌ژموونه‌ ئیمپریالییه‌كه‌، ساڵنامه‌ى مه‌سیحیش بوو به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى نكوڵی لێكراو و چیتر نه‌مانتوانى بیگۆڕین له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه‌ش و كۆمه‌ڵگە جیهانییه‌كانى دیكه‌ش تێكه‌ڵى بازاڕى سه‌رمایه‌داریى جیهانى بوون. عیله‌ته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵنامه‌ى مه‌سحیى بووه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌داریى كۆنترۆڵكردنى وه‌رزه‌ ئابوورییه‌ جیهانییه‌كان و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ناتوانین سه‌رمایه‌داریى جیابكه‌ینه‌وه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌ كه‌لتوورییه‌كه‌ى ئاینی مه‌سیحى له‌سه‌ر ئه‌و سیستمه‌ ده‌بینین كریسمس بووه‌ته‌ جه‌ژنێكى سه‌رمایه‌داریى له‌م دوو روانگه‌یه‌ى خواره‌وه‌:
1- كریسمس و سه‌رى ساڵى زایینیى رووداوێكى سه‌رمایه‌داریى جیهانى گه‌وره‌ن كه‌ قازانجێكى بێ شوومار بۆ خاوه‌ن كۆمپانیاكان دابین ده‌كات و بزنسێكى گه‌وره‌یه‌.
2- ساڵنامه‌ى زایینیى بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت راگه‌یاندنێكى ئاشكرایه‌ كه‌ ئێمه‌ ددانى پێدا ده‌نێین شارستانى خۆرئاوا ناوه‌ندى شارستانى جیهانییه‌ و سیمبولێكه‌ هه‌ژموونى خۆرئاوا له‌سه‌ر جیهان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure