تۆڕه‌كانى چه‌نه‌بازیى كۆمه‌ڵایه‌تى

بۆچوون / بیروڕا :: 19/12/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ


من ئافره‌تێكى ئاشقى خوێندنه‌وه‌ و نووسینم.
وا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و دووانه‌ خۆراكى رۆحن، بگره‌ خودى رۆحن. 
ئایا مرۆڤ به‌بێ رۆح ده‌ژى؟!
بێگومان نه‌خێر.

زۆرجار بابه‌تى جددى و ئامانجدار  له‌سه‌ر فه‌یسبووك ده‌نووسرێت،
زۆر قسه‌ى سه‌نگین و وته‌ى فه‌یله‌سوفه‌كان و سۆفییه‌ گه‌وره‌كان و بیرمه‌نده‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. زۆرجاریش بڕگه‌ى جوانى نووسراوه‌ گرنگه‌كان وه‌رگیراون له‌ بابه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كانى ئایینى و فه‌لسه‌فى، یان شیعر و رۆمان.

به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ى چاوه‌ڕوانیه‌كانى منه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان زۆر لاواز بوون. به‌ ده‌گمه‌ن لایكێكیان بۆ چووه‌.
منیش ئه‌مه‌م به‌سه‌ردا هاتووه‌ و تووشى سه‌رسووڕمانى كردوم.
بۆچى ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌  وه‌كو پێویست ته‌ماشا ناكرێن و ناخوێندرێنه‌وه‌. خۆ بابه‌ته‌كان له‌ بوارى جۆراوجۆردان، خۆشه‌ویستى و په‌یوه‌ندى مرۆڤ به‌ خوداوه‌ و شانازیكردن به‌ خودى خۆته‌وه‌ و شیعر و بڕگه‌ى فه‌لسه‌فى و بابه‌تى دانسقه‌ى دیكه‌.

له‌پڕ بیرۆكه‌یه‌كم بۆ هات؛ با ده‌ستبكه‌م به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى پۆستى رووكه‌شى بێ ئامانجى به‌تاڵ له‌ هه‌موو فكر و ناوه‌ڕۆكێك. 
ئه‌نجامه‌كه‌ بروسكه‌یه‌ك بوو كه‌ خه‌مێكى گه‌وره‌ به‌سه‌ردا داباراندم. دڵم داخورپا بۆ ئه‌و حاڵه‌ى كه‌ تێى كه‌وتووین. ئاى چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كى رووكه‌شین. ئه‌و پۆسته‌ لاوازه‌ بێ ناوه‌ڕۆكانه‌م دنیایه‌ك لایكیان بۆهات. 

كارلێك له‌گه‌ڵ پۆسته‌ رووكه‌شه‌كانمدا چوارقاتى ئه‌و كارلێكه‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ جددییه‌كاندا بینیم. ئیتر بۆم ده‌ركه‌وت ئێمه‌ میلله‌تێكین ئاشقى پڕوپووچى و چه‌نه‌بازیى و رووكه‌شیین. رقمان له‌ خوێندنه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌یه‌ تا ئه‌ندازه‌ى حه‌رام كردن.

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش هیچ نین جگه‌ له‌ چه‌ند شوێنێك بۆ چه‌نه‌بازیى به‌كۆمه‌ڵ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure