ئایا چاره‌نووسى مێژوو دیارى كراوه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 17/12/2019

نووسینى: ئاده‌م عه‌ره‌بى
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
ماركس ده‌ڵێت مرۆڤ مێژووى خۆى به‌ده‌ستى خۆى دروست ده‌كات؛ به‌ڵام به‌ ئاره‌زووى خۆى نا، به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و بارودۆخه‌دا كه‌ تێیدان نه‌ك بارودۆخێك كه‌ خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن. بارودۆخێك كه‌ له‌ رابوردووه‌وه‌ پێیان دراوه‌ و بۆیان گوێزراوه‌ته‌وه‌. 

به‌داخه‌وه‌ مێژوو بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت بابه‌تێكى گشتگیر و یه‌كخراوه‌. كه‌سایه‌تییه‌كان و تاكه‌كان و ته‌نانه‌ت قاره‌مانێتییه‌ تاكگه‌راكانیش دروستى ناكه‌ن. له‌م رووه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نه‌ مرۆڤ سه‌نته‌رى گه‌ردون و مه‌به‌ستى ژیانه‌، نه‌ مێژووش سه‌ره‌تا و كۆتاییه‌كى ناچاریى هه‌یه‌.

مێژوو به‌رهه‌مێكى ده‌سته‌جه‌معیى مرۆڤه‌، به‌رهه‌مى كارى هاوبه‌شه‌، ئه‌و كاره‌ى كه‌ له‌ جووڵه‌دایه‌ و ده‌گۆڕێت و گه‌شه‌ ده‌كات و تواناى كارگه‌یه‌كى هه‌یه‌. پێشوه‌خت ئاڕاسته‌یه‌كى بۆ دیارى نه‌كراوه‌ به‌ڵكو به‌ هه‌موو ئاڕاسته‌ جۆراوجۆره‌كاندا كه‌ له‌ توانادا هه‌بن و دابین كرابن ده‌جووڵێت، به‌پێى هاوسه‌نگى هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌و زه‌مان و زه‌مینه‌دا. هیچ كه‌سێك ناتوانێت پێشبینى ده‌رئه‌نجامى ئه‌و جووڵه‌یه‌ بكات كه‌ به‌رهه‌مى كارلێك و ئاڵوگۆڕى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان مرۆڤه‌ له‌ چركه‌ساتێكى دیاریكراوى كاروانى ژیانیاندا.

په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى نێوان تاكه‌كان به‌پێى ویست و ئاره‌زووى خۆیان نه‌هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌ڵكو به‌پێى پێگه‌ و بارودۆخى تایبه‌تیانه‌ له‌ پڕۆسه‌ى به‌رهه‌مهێناندا وه‌ك پارچه‌ى ئه‌و مه‌كینه‌یه‌ كه‌ پێویست و رۆڵێكى دیاریكراوى هه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى پێویستییه‌كانى ژیان و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یدا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وامى بێ دابڕان. چینه‌ داراكان پشكى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ده‌به‌ن و به‌شێكى كه‌م ده‌هێڵنه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ خاوه‌نى كه‌ره‌سته‌كانى به‌رهه‌مهێنان نین. ئیتر ئه‌و سیستمى به‌رهه‌مهێنانه‌ فیوداڵى بێت یان سه‌رمایه‌دارى یان تێكه‌ڵه‌یه‌كى هه‌ردووكیان، هیچ فه‌رق ناكات. هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو پشكى نه‌داراكان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ بازاڕى كار و بازاڕى ئاڵوگۆڕى كاڵاكاندا بێجگه‌ له‌ هێزى كار خاوه‌نى هیچ شتێكى دیكه‌ نین.

ئه‌م حه‌شاماته‌یه‌ كه‌ مێژوو دروست ده‌كات، یان وردتر بڵێین به‌ ئاڕاسته‌ى مێژوو و له‌گه‌ڵ ره‌وتى مێژوودا ده‌ڕوات. ئاڕاسته‌یه‌ك كه‌ ده‌یه‌وێت مرۆڤ خودى خۆى بێت، مه‌به‌ست و ئامانجى خۆى بێت، مێژوو ببێته‌ بابه‌تێكى مرۆیى و كۆتایى بهێنرێت به‌ هه‌ستكردن به‌ نامۆیى مرۆڤ. به‌ڵام مرۆڤ له‌كاتێكدا كه‌ هه‌وڵى گۆڕینى خۆى و شته‌كانى چوارده‌ورى ده‌دات بۆ ئافراندنى شتێكى نوێ كه‌ له‌وه‌وپێش بوونى نه‌بووه‌، په‌نا بۆ رۆحى سه‌رده‌مى رابوردوو ده‌بات به‌و هیوایه‌ى كه‌ ئه‌و رۆحه‌ خزمه‌تى ئامانج و مه‌به‌سته‌كانى بكات.

نه‌وه‌كانى دێرین و كه‌لتووره‌كانیان هه‌میشه‌ مۆته‌یه‌ك بوون له‌سه‌ر مێشكى زیندووه‌كان. بۆیه‌ ده‌بینین رابوردوو له‌سه‌ر شانۆى مێژوو وه‌ك كه‌سێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تازه‌ فێرى قسه‌كردن بووبێت به‌ زمانێكى نوێ.

له‌ روانگه‌ى ماركسیزمه‌وه‌ ره‌وتى نووسینه‌وه‌ى مێژووى مرۆڤایه‌تى به‌م شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌رهاویشته‌ى ململانێكانى نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆیه‌ له‌ شێوه‌ى نموونه‌یه‌كى تازه‌دا كه‌ به‌ ناچارى به‌شێك له‌ رابوردووى خۆى ره‌د ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى واقیع بگونجێت له‌گه‌ڵ هزردا تا ئه‌وكاته‌ى جارێكى دیكه‌ واقیع له‌ژێر كاریگه‌رى هزرێكى نوێدا ده‌هه‌ژێته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure