كۆتایی ساڵی 2019

بۆچوون / بیروڕا :: 16/12/2019

دواڕۆژ
كوشتاری بەكۆمەڵ و جەنگ و كارەساتە خوێناوییەكانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی كە سەرتاپای ساڵی 2019ی گرتەوە بەڵگەیەكی ئاشكران كە كۆمەڵی دەولی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و تەنانەت دامەزراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیش بێ‌ توانا و شكستخواردون لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا.
ئەم شكستەی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی دیكە تەنیا هەر زادەی ئەمساڵ نین بەڵكو دەرئەنجامی كۆمەڵێك گۆڕانكاریین لە پارسەنگی هێزدا كە سیمایەكی دیاری سەردەمی ئەمڕۆمانە. تاكڕەوی ئەمریكا و شكستهێنانی پڕۆژە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا سەرباری توندوتیژبوونەوەی ناكۆكییە ئاینیی و مەزهەبییەكان و لەسەروو هەمووشیانەوە نەمانی هێزێكی هاوسەنگ لەبەرامبەر دنیای سەرمایەداری لیبرالیزمیدا هەر ئەوەیان لێ‌ رەچاو دەكرێت كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سست و لاواز بكەن و بەتاڵیان بكەنەوە لە ناوەڕۆك و كاریگەرییەكانیان.
لە نەوەدەكانی سەدەی رابوردوودا ئەوروپای مەسیحی بە جددی كەوتە خۆی بۆ رزگاركردنی موسوڵمانەكانی بۆسنە بەڵام ئەمڕۆ هیچ پاڵنەرێكی سیاسی و ئابووریی و تەنانەت ئەخلاقیش بەدی ناكرێت بۆ رێگریكردن لە كوشتار و كارەساتی هاوشێوە. نموونەكانیش زۆرن هەر لە یەمەن و لیبیاوە هەستیان پێ‌دەكرێت هەتا چیلی و ڤەنزوێلا و وڵاتانی دیكەی ئەمریكای لاتین.
سیمای سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ پێمان دەڵێت كە قۆناغی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەو شێوازەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی و شەڕی سارد كۆتایی هاتووە و پێویستە بیر لە سیستمێكی تری رێكخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بكرێتەوە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure