بیری ناسیۆنالیزم بەرەو كوێ‌

بۆچوون / بیروڕا :: 15/12/2019

ئامادەكردنی: دواڕۆژ
لە وڵاتانی دەوروبەری خۆماندا بیری ناسیۆنالیزم بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەرەتاكانی سەدەی رابوردوودا بەشێوەیەكی رێكخراوتر و راشكاوتر هاتە ئاراوە لە چوارچێوەی كۆمەڵێك حیزب و رێكخراوی سیاسی پانوپۆڕدا. ئەم قۆناغە لە قاموسی سیاسیدا پێی دەگوترێت ناسیۆنالیزمی كلاسیكی. گەلێك لەو حیزبانە بە دروشمی ناسیۆنالیزم گەیشتنە دەسەڵات. جەماوەرێكی پانوپۆڕ لایەنگر و هەواداریان بوون. هەر لە جەزائیرەوە هەتا یەمەن و لەژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا وەك ناسریی و بەعسی و ئەتاتوركی و نەتەوەیی و تادوایی. كۆمەڵێك هۆكار، بابەتی و خودی شكستیان بەم ئەزموونە هێناو بیری نەتەوەیی بەشێوە كلاسیكییەكەی پاشەكشێی كرد. گرنگترینی ئەو هۆكارانە سروشتی دیكتاتۆری حیزبەكان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی و تاكڕەویی بون.
لە كۆتایی حەفتاكاندا جۆرێكی دووەمی ناسیۆنالیزم لە ناوچەی كەنداودا گەشەی كرد. ئەم جۆری دووهەمە لە دوو بەرەی دژبەیەكدا بەرجەستە بون، یەكەمیان بە سەركردایەتی ئێران و ئەوی دیكەش بە رابەرایەتی سعودیە. ململانێكە بۆ پەردەپۆش كردنی جەوهەر جیۆپۆلیتیكیەكەی خۆی رێكارێكی مەزهەبی ئاینیی وەرگرت. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە زۆر بە ئاشكرا هەست بە رەهەندە نەتەوەییەكەی ناكرێت چونكە لێكەوتە و بەریەككەوتنی زۆری هەیە لەگەڵ ئایدۆلۆجیای نەتەوەیی ئیسلامیی و قوتابخانەكانی ئیخوانیی و سەلەفی. بە ئاشكرا هەست بەو ململانێیە دەكرێت كە جۆش و خرۆشدانی عەرەبە لەبەرامبەر فارسدا. تەریب لەگەڵ بیرۆكەی كەوانەی سوننە لە رووبەڕووبوونەوەی هیلالی شیعیدا.
جۆری سێهەمی ناسیۆنالیزم لە ناوچەكەدا بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبیدا هێشتا بەتەواوی خەت و خاڵی دەرنەكردووە و لەناو گۆڕەپانە سیاسی و فیكرییەكاندا چوارچێوەكەی دیاری نەكراوە. دەتوانین ناوی بنێین قوتابخانەی دیموكراسی مۆدێرنیتە لە هزری نەتەوەییدا. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە ترسی زۆری هەیە لە ئەجێنداكانی قوتابخانەی دووهەم و هەوڵیش دەدات پەند و عیبرەت وەربگرێت لە ئەزموونی قوتابخانەی یەكەم. گوتاری ئەم قوتابخانە تازەیەی ناسیۆنالیزم باوەڕبوونە بە بەهاكانی ئازادی و فرەیی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ.
راستییەكی مێژوویی هەیە كە پێویستە هەمیشە لەبیرمان بێت كاتێك قسە دێتە سەر بارودۆخی سەرهەڵدانی بیروباوەڕی ناسیۆنالیزم لە ناوچەكەدا لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاكانی سەدەی بیستەم؛ بیرۆكەی ناسیۆنالیزم لەم ناوچانەدا بەرهەمی گەشەكردنێكی ئاشكرای سەرمایەداریی پیشەسازیی و پێویستیەكانی بازاڕ و یاسا و داواكاریەكانی نەبوو، واتە بەوشێوەیە نەبوو كە دوو سێ‌ سەدە لەوەوپێشتر ناسیۆنالیزمی ئەوروپی بەهۆیەوە سەریهەڵدا. ناسیۆنالیزم لەم ناوچانەدا وەك ئایدیۆلۆجیا و بزووتنەوە لە بنەڕەتدا پەیوەست بووە بە خەباتی گەلان دژی داگیركاریی ئیستیعمار، بەتایبەت پاش دەركەوتنی ئەنجامەكانی جەنگی یەكەمی جیهانیی.
بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكارییە مەزنەكانی جیهان لەڕووی سیاسی و ئابووریی و زانست و تەكنەلۆجیاوە ئەو پرسیارە بە جددی دێتە ئاراوە كە ئایا بیرۆكەی ناسیۆنالیستی كۆتایی هاتووە یان نا، لەو روانگەیەوە كە قۆناغی پۆست مۆدێرینزم و سەرهەڵدانی چوارەمین شۆڕشی پیشەسازیی و ئەو پێشكەوتنە گەورانەی كە لە بوارەكانی پەیوەندی و زانیاریدا هاتوونەتە ئاراوە بە یەكجاریی سنوورەكانی لەناوبردووە.
لەڕاستیدا رووداوەكانی بەهاری عەرەبی و پاشەكشێ‌ی ئەوروپا سەلماندیانەوە كە بیری ناسیۆنالیزم هێشتا كاریگەریی هەر ماوە بگرە بووە بە پاناگایەكی بەهێزیش بۆ سەرهەڵدانی هێزە موحافیزكارە دژە بە كۆچبەرەكانی ئەوروپا. بەڵام ئەم شەپۆلی سێهەمی ناسیۆنالیزمی عەرەبییە هێشتا پێویستی بەوەیە تازەكردنەوە و قووڵبوونەوەی زیاتر لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی زیاتر لامەركەزی بێت و كراوەتر هەڵوێست و رەفتار بنووێنێت بەرامبەر بە كەمایەتیە نەتەوەییەكانی ناوچەكە و باشتر خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بەهاكانی سەردەمدا. ئەزموونی رابوردوو دەریخست كە دەروازەی دین فاكتەرێكی بەهێزە بۆ دابەشبوون و لاوازكردنی وڵاتانی ناوچەكە. ئەوەی گەلانی ناوچەكە پێویستیان پێیەتی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی دیموكراسی عیلمانییە كە پێویستە بە هیچ جۆرێك سازش نەكرێت لەسەر بەها هاوچەرخەكان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure