هوشیاریى چینایه‌تى

بۆچوون / بیروڕا :: 12/12/2019

له‌ ئه‌ده‌بیاتى سیاسیدا و به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌ده‌بیاتى چه‌پدا هوشیاریى چینایه‌تى زاراوه‌یه‌كه‌ زۆر جار دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. ماركسییه‌كان ئه‌م هوشیارییه‌ به‌ پێویستییه‌كى گه‌وره‌ ده‌زانن بۆ یه‌كخستنى كرێكاران له‌ جه‌نگى ره‌واى دژى سه‌رمایه‌دارییدا. ماركس ده‌ڵێت: "ئه‌م مه‌سه‌له‌ گرنگه‌ كاتێك ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت كه‌ چینى كرێكار نه‌ك هه‌ر لە نه‌فامیى چینایه‌تیى رزگاریى بوو بێت و رێوشوێنه‌كانى چه‌وساندنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان بناسێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و كاته‌ دێته‌ دى كه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ش چینى كرێكار ئیتر نه‌توانرێت فێڵى لێ بكرێت و به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چێت". 

له‌لاى ماركس هوشیاریى چینایه‌تى ته‌نیا هه‌ر پێچه‌وانه‌ى نه‌زانین نییه‌، به‌ڵكو چه‌مكێكى فراوانترى هه‌یه‌. ماركس باسى (هوشیاریى چه‌واشه‌) ده‌كات. ئه‌و هوشیارییه‌ى كه‌ واى لێده‌كات بكه‌وێته‌ داوى چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى كۆمه‌ڵگەوه‌. ئه‌م هوشیارییه‌ چه‌واشه‌ییه‌ به‌رهه‌مى ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و به‌رهه‌مهێنانى هزرى سه‌رمایه‌دارییه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ باوه‌ڕ به‌ كۆمه‌ڵه‌ بۆچوونێك بكات گوایه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ى خۆشى و كامه‌رانى هه‌ژاران و چه‌وساوه‌كان، به‌ڵام له‌ڕاستیدا به‌رده‌وامبوونى نه‌هامه‌تییه‌كانى ئه‌وانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. هوشیاریى چه‌واشه‌ سه‌رابى هوشیارییه‌كه‌ بۆ چینێكى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ تینووى زانینه‌.

كه‌واته‌ زۆر ئاساییه‌ كاروانى تێپه‌ڕبوون له‌ نه‌زانینه‌وه‌ بۆ هوشیاریى، سه‌ره‌تا به‌ هوشیاریى چه‌واشه‌شدا تێبپه‌ڕێت، ئینجا سه‌رئه‌نجام بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى هوشیاریى كه‌ بتوانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌ راسته‌قینه‌كانى خۆى دیارى بكات.

ئه‌گه‌ر له‌م ره‌وته‌ ئاڵۆز و پێچاوپێچه‌ تێنه‌گه‌ین و نه‌زانین كه‌ كرێكاران و چه‌وساوه‌كان به‌ ئاسانى هوشیاریى چینایه‌تى راسته‌قینه‌ به‌ده‌ست ناهێنن هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى سیاسى ده‌كه‌ین، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ى كه‌ زۆربه‌ى چه‌پڕه‌وه‌كانى دنیا تێى كه‌وتوون. پڕۆسه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ساده‌ و ئۆتۆماتیكى نییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ كرێكار بێ ئاگا بێت و سبه‌ینێ ببێته‌ كرێكارێكى هوشیارى وا كه‌ ئاماده‌یى تیادا بێت به‌شداریى بكات له‌ شه‌ڕه‌ چینایه‌تییه‌كه‌دا.

هوشیاریى چه‌واشه‌ ئه‌و ئه‌ڵقه‌ بزره‌یه‌ كه‌ تیایدا چه‌وساوه‌كانى كۆمه‌ڵگە و چینى كرێكار له‌ زۆر بواردا وا ده‌زانن كه‌ ئه‌فسه‌رێكى بڵند پایه‌ى پێشوو یاخود سه‌رمایه‌دارێكى سه‌ركه‌وتوو ده‌توانێت فریادڕه‌س و رزگاركه‌ریان بێت. نه‌ك خۆڕێكخستنى چینایه‌تى و  بزووتنه‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى خۆیان. هوشیاریى چه‌واشه‌ ئه‌ركى رزگاركردنى كرێكاران ده‌ستپێرێت به‌ دوژمنه‌ چینایه‌تییه‌كه‌ى كرێكاران. ئه‌مه‌ دۆخێكه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستا به‌شێكى زۆرى سه‌ندیكا كرێكارییه‌ خه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كان كرێكارانى پێ په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure