شكستى چه‌پ له‌ خۆرئاوا

بۆچوون / بیروڕا :: 08/12/2019

سه‌رچاوه‌: گاردیان
نووسینى: كاسمۆدى
وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

سوارچاكه‌كانى چه‌پى میانڕه‌و، وه‌ك هیلارى كلینتۆن و تۆنی بلێر ئێستاش له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ بۆ وه‌ستاندنى پۆپۆلیزمى راستڕه‌و پێویسته‌ ئه‌وروپا دیارده‌ى كۆچ كۆنترۆڵ بكات. رۆژانه‌ نووسه‌ران و پاڵێوراوه‌ سیاسییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ لیبڕاڵه‌كان ته‌نیا به‌وه‌ دێته‌ دى سنووره‌كان دابخرێن. 

ئه‌م ترسه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ دیارده‌ى كۆچ بۆ ئه‌وروپا رێكه‌وت نییه‌ به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕێكى به‌ربڵاوه‌ كه‌ ده‌ڵێت پاشه‌كشێى حیزبه‌ چه‌په‌ میانڕه‌وه‌ گه‌وره‌كانى ئه‌وروپا به‌هۆى سه‌ركه‌وتنى كۆمه‌ڵێك حیزبى تازه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ دى له‌ناو باڵى راستڕه‌وى رادیكاڵى پۆپۆلیستدا، كه‌ توانیان ده‌نگى ده‌نگده‌رانى چینى كرێكار بدزن بۆ خۆیان. ئه‌م ترسه‌ ئێستا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا هه‌ستى پێ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت پاش سه‌ركه‌وتنى چاوه‌ڕواننه‌كراوى دۆناڵد ترامپ. تا ئه‌و راده‌یه‌ى كه‌ زۆرێك له‌ ئه‌مریكاییه‌ لیبراڵه‌كان ده‌ڵێن چاره‌سه‌ره‌كه‌ ته‌نیا به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ دیموكراته‌كانیش پشتگیریى بكه‌ن له‌ ترسى سپى پێسته‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ى كۆچدا. رۆژ به‌ڕۆژ هه‌ڵوێستى حیزبه‌ سۆشیال دیموكراته‌كانى ئه‌وروپاش به‌رامبه‌ر به‌ كۆچبه‌ران توندتر ده‌بێت تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ مرۆڤ ناتوانێت لێدوانه‌كانى ئه‌م جۆره‌ حیزبانه‌ جیا بكاته‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێست و لێدوانى حیزبه‌ موحافیزكاره‌ توندڕه‌وه‌كان.

پسپۆڕانى ئه‌وروپا له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ حیزبه‌ چه‌پڕه‌وه‌كان به‌ ته‌واوى له‌ناوئه‌چن ئه‌گه‌ر بایه‌خ نه‌ده‌ن به‌ ده‌نگده‌ره‌ فه‌رامۆشكراوه‌كان و سیاسه‌تى دژه‌كۆچ په‌یڕه‌و نه‌كه‌ن. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو هه‌ندێك مامۆستاى زانكۆ داواكاره‌ حیزبه‌ چه‌پڕه‌وه‌كانى ئه‌وروپا به‌ ئاشكرا به‌رگرى بكه‌ن له‌ ناسنامه‌ى ره‌گه‌زى سپى. 

دیاره‌ ئه‌م داواكارییانه‌ دوو هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ دروستى كردون، به‌هه‌ڵه‌داچوونى یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵكشانى پۆپۆلیستى راستڕه‌وى ئه‌وروپی و پاشه‌كشێى حیزبه‌ چه‌په‌ میانڕه‌وه‌ كلاسیكییه‌كان دوو دیوى یه‌ك دراون، واته‌ هه‌ردووكیان ده‌رئه‌نجامى دوركه‌وتنه‌وه‌ى چینى كرێكارن له‌ دیموكراتخوازه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گوتارى ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ى راستڕه‌وى رادیكاڵى پۆپۆلیستى. به‌هه‌ڵه‌داچوونى دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وابزانین زوربه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان به‌ راستڕه‌وى رادیكاڵ داوه‌ سه‌ر به‌ چینى كرێكارى سپى پێستن، كه‌ پێشتر نه‌ریت وابووه‌ زۆر به‌متمانه‌وه‌ ده‌نگ به‌ حیزبه‌ سۆشیال دیموكراته‌كان بده‌ن.

ده‌ستنیشانكردنى هه‌ڵه‌ی هۆى پاشه‌كشه‌كردنى چه‌پى میانڕه‌و و سه‌ركه‌وتنى راستى پۆپۆلیست له‌ ئاكامدا ره‌چه‌ته‌یه‌كى هه‌ڵه‌ و خراپى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ده‌نووسرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى دیموكراسى كۆمه‌ڵایه‌تى.

سۆشیال دیموكراته‌كانى ئه‌وروپا به‌وه‌ به‌هێز نابنه‌وه‌ كه‌ ملكه‌چى بانگه‌وازه‌ ره‌گه‌زپه‌رستییه‌كان بن له‌ناو به‌شێك له‌ چینى كرێكارى سپى پێستدا، به‌ڵكو به‌وه‌ دێته‌ دى كه‌ بیروبۆچوون و كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تى گه‌وهه‌رى له‌خۆ بگرن كه‌ كاتى خۆى كۆڵه‌كه‌ى دامه‌زراندنى دیموكراسیى سۆشیالیست بون، وه‌ك یه‌كسانیى و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تى و هاوكاریى و ده‌وڵه‌تى خۆشگوزه‌ران و مافى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌هایه‌ له‌ نیوه‌ى دووهه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا بووبووه‌ لۆجیكێكى هاوبه‌ش له‌لاى زوربه‌ى دانیشتووانى ئه‌وروپا به‌ڵام لیبرالیزمى نوێ ئه‌م به‌هایانه‌ى له‌ناوبرد. تاقه‌ رێگا له‌به‌رده‌م سۆشیال دیموكراته‌كاندا ته‌نیا خه‌باتكردنه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ و باڵاده‌ستكردنى ئه‌م به‌هایانه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure