فڕه‌نسا ده‌كوڵێت

بۆچوون / بیروڕا :: 05/12/2019

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019 فڕه‌نسا ده‌كوڵێت. مانگرتنى به‌رده‌وام له‌ پاریسى پایته‌خت و هه‌موو شاره‌كانى دیكه‌. هاتووچۆ و داموده‌زگاكان و نه‌خۆشخانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان داخراون.. به‌ رێژه‌ى 60% بۆ 90%ى كاره‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ستاون به‌تایبه‌ت له‌ خوێندنگا و زانكۆكاندا. هاتووچۆى نێوان شاره‌كان و ناو شاره‌كانیش وه‌ستاون. كۆمپانیاكانى هێڵى ئاسمانى 90%ى گه‌شته‌كانیان راگرتووه‌.

مووچه‌ و گرانى و هه‌وڵى حكومه‌ت بۆ یه‌كخستنى سیستمى خانه‌نشینى و درێژكردنه‌وه‌ى سیستمى ته‌مه‌نى خانه‌نشینى و به‌ئه‌مریكایكردنى به‌ جۆرێك كه‌ له‌ رژێمه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ هه‌ره‌ دڵڕه‌قه‌كان بچێت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و دادگایانه‌ى كه‌ ناكۆكى نێوان كرێكار و خاوه‌ن كارى رێكده‌خست هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌م ناڕه‌زایه‌تى و مانگرتنه‌ گشتییه‌ن.

ماوه‌ى دوو ساڵ و نیوه‌ رۆژ به‌ رۆژ فڕه‌نسا زیاتر و زیاتر به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕوات، واته‌ له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ ئیمانۆیل ماكرۆن به‌ سه‌رۆكى فڕه‌نسا هه‌ڵبژێردرا. پێشتر راوێژكار بوو له‌ بانكى رۆچیڵدا. ئینجا له‌سه‌رده‌مى فرانسوا هۆڵه‌ند كرا به‌ راوێژكار له‌ كۆشكى كۆمارییدا و دواتر بوو به‌ وه‌زیرى دارایى و ئابووریى له‌ دواكابینه‌ى ناوبراودا، پێش ئه‌وه‌ى راگه‌یاندن و دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌كانى پیشه‌سازیى و سه‌رمایه‌داریى پشتیوانى لێ بكه‌ن. ئه‌و به‌ قسه‌ سه‌وز و سوور و بریقه‌داره‌كانى و به‌ڵێنه‌ رازاوه‌كانى زوربه‌ى حیزبه‌ چه‌پڕه‌و و موحافیزكاره‌كانى تێپه‌ڕاند.

ماكرۆن له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا زوربه‌ى سیستمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كان به‌ده‌ستیان هێنابوو. یه‌ك له‌دواى یه‌ك له‌ناوى بردن. ئه‌و سیستمانه‌ كه‌ ده‌ستوور پشتیوانى لێده‌كردن و له‌دواى جه‌نگى دووهه‌مى جیهانى داڕێژران. به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ له‌دواى زنجیره‌ مانگرتنه‌كانى ساڵى 1968 حكومه‌تى ئه‌وساى پاریس په‌سه‌ندى كردن. ده‌ستكه‌وته‌كان بریتیى بوون له‌ بیمه‌ى ته‌ندروستى و كه‌مكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى كاركردن و مسۆگه‌ركردنى باشترین مووچه‌ و پشوو. 

رووداوه‌كانى مانگى نیسانى ساڵى 1968 جوانترین قۆناغى ئاڵوگۆڕى نێوان مرۆڤه‌كان بوو، باشترین كۆمه‌ڵگاى چه‌پڕه‌و بوو. قوتابخانه‌یه‌كى مرۆڤدۆستانه‌ى كامڵى كۆمه‌ڵایه‌تى بوو. به‌ڵام دواتر و له‌گه‌ڵ هه‌ژموونى ئه‌ڵقه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ جیهانگیره‌ فره‌ڕه‌گه‌زه‌كاندا ورده‌ ورده‌ ده‌ستكه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كانى چینى كرێكار كاڵبوونه‌وه‌. سه‌رمایه‌داریى كۆنترۆڵى ئابووریى و راگه‌یاندن و حكومه‌ته‌ فڕه‌نسییه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانى كرد به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌مى ساركۆزى و فرانسوا هۆڵه‌نددا، تا گه‌یشتینه‌ سه‌رده‌مى ماكرۆن.

ئێستا بێكارییه‌كى ترسناك باڵى به‌سه‌ر فڕه‌نسادا كێشاوه‌. كه‌ هه‌موو جارێك ئاماره‌كانى ده‌وڵه‌ت هه‌وڵى شاردنه‌وه‌ى ده‌ده‌ن. هاتنى كرێكارانى ئه‌و وڵاته‌ كۆمۆنیستانه‌ى كه‌ هه‌ڵوه‌شان و له‌توپه‌ت بوون له‌گه‌ڵ دیوارى به‌رلیندا هێنده‌ى تر دۆخه‌كه‌یان ئاڵۆز كردووه‌. به‌تایبه‌ت كه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا هه‌موو سیستمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و مرۆییه‌كانى سڕ كرد و هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.. ئه‌م رێكارانه‌ هێنده‌ى تر هه‌ژاریى و موحتاجییان زیاد كرد. نرخى خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئاو و كاره‌با و سووته‌مه‌نى و نیشته‌جێبوون و به‌تایبه‌تى ده‌رمان به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵكشاندان.

تێكڕاى ئه‌و ته‌نگده‌ستییانه‌ى كه‌ ماوه‌ى 30 ساڵ زیاتره‌ كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن، ئه‌مڕۆ هه‌موویان به‌ڕووى ماكرۆندا ته‌قینه‌وه‌، كه‌ ویستى ده‌ستكاریى سیستمى ته‌مه‌نى خانه‌نشینى بکات و چه‌ند ساڵێكى ترى بخاته‌ سه‌ر. 

75%ى گه‌لى فڕه‌نسا پشتیوانى ده‌كه‌ن له‌م مانگرتنه‌ گشتییه‌ى ئه‌مڕۆ كه‌ ره‌نگه‌ چه‌ند رۆژێك درێژه‌ بكێشێت. حكومه‌تیش ده‌یان هه‌زار چه‌كدارى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى له‌ شه‌قامه‌كاندا جێگیر كردووه‌، جگه‌ له‌ هێزه‌كانى دژه‌تیرۆر. به‌ هه‌موو توانایه‌كیشه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ شكستخواردوو یان قێزه‌ون نیشان بدات. 

به‌ڕاستى فڕه‌نسا وڵاتى دژبه‌یه‌كه‌كانه‌. وڵاتى سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كان و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانه‌. به‌ڵام هه‌میشه‌ په‌نجه‌ره‌یه‌ك هه‌ر هه‌بووه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure