سەدام لێی پرسیم

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

نووسینی: غەسان شربل
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: دواڕۆژ
حامید ئەلجبوری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی عێراق رۆژێك سەدام بە پرسیارێك غافڵگیری دەكات: ئایا ئەو كتێبەت خوێندووەتەوە دەربارەی ویلایەتە فەقیە؟ جبوری بە نەخێر وەڵام دەداتەوە. سەدام دەڵێت كتێبێكی بچكۆلەیە پێویستە بیخوێنیتەوە. پاشان بە درێژی باسی (خراپەكارییەكانی خومەینی و دەسەڵاتخوازییەكانی دەكات).
جبوری ناچار كتێبەكە دەخوێنێتەوە. كاتێك بە سەدام رادەگەیەنێت كتێبەكەی خوێندووەتەوە، ئەویش پێی دەڵێت حەزم كرد بزانیت. جبوری زۆر شارەزای سروشتی سەرۆك بوو، چونكە كاتێك كە سەدام جێگری سەرۆك بوو ئەم نوسینگەكەی بۆ بەڕێوە دەبرد. هەستی كرد مەسەلەی ویلایەتی فەقیە مێشكی بڕیاربەدەستەكەی بەغدای مەشغوڵ كردووە.
دواتر من چاوم بە جبوری كەوتوو جارێكی تر پرسیارەكەم لێ‌ كردەوە، وتی دوو دەستەواژە سەدامیان نیگەران كرد، ویلایەتی فەقیە و هەناردەكردنی شۆڕش. رەنگە گەیشتبێتە ئەو ئەنجامەی كە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا مسۆگەرە، بۆیە باشتر وایە ئەم زوو دەستی پێبكات و لەسەر سنوورەكان رووبدات لەوەی كە دوایی ناچار ببێت لە شەقامەكانی بەغدادا بیكات. جبوری دووپاتی كردەوە سەدام بە پێچەوانەی هەندێك بیرتەسكی دەوروبەری، كەسێكی تائیفیی و مەزهەبگەرا نەبوو، بەڵام ترسەكەی لەسەر عێراق و رژێمی حوكمەكەی پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكەی بوو، كە رەنگە بەشێك لە شیعەی عێراق بكەونە ژێر كاریگەریی پڕۆژە دینییە ئێرانییەكەوە.
ئەو دوو دەستەواژەیە بیر و هۆشی سەدام حسێنیان داگیر كردبوو. لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1979دا بە سەرۆكایەتی وەفدی وڵاتەكەی بەشداریكرد لە لوتكەی وڵاتانی بێلایەن لە شاری هاڤانا. ئیبراهیم یەزدی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئێران داوای بینینی كرد. سەدام بە ئامادەیی نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەندامی قیادە قوتری بەعس، سەلاح عومەر ئەلعەلی پێشوازی لێكرد. یەزدی كەسێكی زۆر نەرم بوو. پێشنیاری ئاڵوگۆڕی سەردانی نێوان هەردوو وڵاتی كرد بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لەسەر سنوور. دوای دیدارەكە سەلاح گوتی دیدارەكە ئەرێنی بوو، دەتوانین شتی لەسەر بنیاد بنێین. سەدام پێی گوت: (پێدەچێت كاری دیپلۆماسی تێكی دابیت. جارێكی تر ئەم قسەیە نەكەیتەوە. ئەمە فرسەتێكە سەد ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە. لوتی ئێرانییەكان دەشكێنم و بست بە بستی ئەوەی لەدەستمان داوە بەدەستی دێنمەوە). سەدام لەمەدا مەبەستی لە دەستكەوتەكانی ئێران بوو بەپێی رێككەوتننامەی جەزائیر، كە لەگەڵ شای ئێراندا ئیمزای كرد بۆ ئەوەی ئێران پشتیوانییەكانی لە بزووتنەوەكەی كورد رابگرێت.
چیرۆكێكی دیكەم لە فەریق روكن ئیبراهیم ئەلداود بیستووە، كە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش و وەزیری بەرگری بوو، دەڵێت باڵیۆزی ئێران هات بۆلای سەرۆك عەبدولسەلام عارف كە بە فەڕمی وەكو باڵیۆز خۆی پێ‌ بناسێنێت، بەڵام دیدارەكە وەرچەرخا بۆ قەیرانێك لە پەیوەندییەكاندا. هەموو شت سروشتی بوو بەڵام باڵیۆزەكە قسەیەكی وەك بۆمب تەقاندەوە. بە عارفی گوت: (خاوەن شكۆ شا سڵاوت لێ‌ دەكات و ئەمانەتی تۆ و خەڵكی نەجەف و كەربەلا). عارف تووڕە دەبێت و پێی دەڵێت: ناماقوڵت كرد. شای ئێران داوام لێ‌ دەكات ئاگام لە گەلەكەی خۆم بێت)، بەڵگەنامەكانی باڵیۆزەكەی فڕێدا و بە جنێوپێدان كردیە دەرەوە.
لیوا روكن (عەبدولغەنی راوی) ش چیرۆكێكی دیكەی بۆ گێڕاومەتەوە. راوی سەرپەرشتیاری دادگاییكردنی عەبدولكەریم قاسم و جێبەجێكردنی پڕۆسەی ئیعدامكردنەكەی كردووە. دەڵێت ساڵی 1969 باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد هانی داوە عێراق جێبهێڵێت بۆ رێكخستنی كودەتایەك بەسەر دەسەڵاتی بەعسدا. راوی جەخت دەكاتەوە كە بەشداری كردووە لە چەند كۆبوونەوەیەكدا لە تاران لەگەڵ سەرۆكی ئەوسای دەزگای ساواك نیعمەتوڵڵا نەسیریی، دواتر لەگەڵ خودی شای ئێرانیشدا كۆبووەتەوە و پاش ئەوە پشتیوانیی سەربازیی و دارایی بەدەست هێناوە. سەدام توانی بە كودەتاكەی راوی بزانێت و كۆمەڵێك ئەفسەی ئیعدام كرد.
ئەو دیمەنانەی كە كەناڵە ئاسمانییەكان بڵاویان كردەوە سەبارەت بە شەپۆلی ناڕەزایەتییە خوێناوییەكانی عێراق ئەو چیرۆكانەی بیرخستمەوە كە لە ساڵانی رابوردودا بیستبومن بەهۆی بەدواداچوونەكانم لەسەر بارودۆخی عێراق. توندترین شەپۆلی ناڕەزایی لە باشووری عێراقەوە دەستی پێكرد، واتە لە ناوچەیەكی شیعی كە ئەو حیزبانەی كە سەر بە ئێرانن خاوەنی بڕیاری كۆتایین لە هەموو بوار و مەسەلەیەكدا. تووڕەیی خەڵكەكە گەیشتە ئاستێك كە هەردوو قونسوڵخانەكەی ئێران لە نەجەف و كەربەلادا بكەنە ئامانج. واتە ئەو دوو شارەی كە شای ئێران ویستی ئامۆژگاری عارف بكات ئاگای لە خەڵكەكانی بێت و ئەوە روویدا كە روویدا. 
لە تەلەفزیۆنەكانەوە بینیمان عێراقییەكان بێ‌ هیچ ئەمسەر و ئەوسەرێك ناڕەزاییان دەردەبڕی لە لێشاوی كەلوپەلی ئێرانی بۆ ناو بازاڕەكانی عێراق و زیان گەیاندنێكی زۆر بە كاڵا عێراقییەكان و داوایان كرد ئەو كاڵا ئێرانیانە بایكۆت بكرێن. لە هەمووی ترسناكتر ئەوەبوو كە گوتیان ئێران ئەم كاربەدەستانەی ئێستای عێراقی سەپاندووە.
مرۆڤ ئەگەر واقیعبین بێت پێویستە بڵێت هەژموونی ئێران تاقە هۆكاری راپەڕینەكەی عێراق نییە. ناڕەزایەتییەكان بەهۆی بەربڵاوی گەندەڵیی و تاڵانكردنی وڵات و زیادبوونی بێكاریی و شكستی دامودەزگاكانە. بەڵام خەڵكە ناڕازییەكە پێیان وایە باڵادەستی ئێران بەشدارە لە دروستكردن و پەردەپۆش كردنی ئەم واقیعە ناخۆشەدا. 
مەسەلەیەكی دیكە كە مایەی رامانی چاودێرانی ئەم بارودۆخە كوڵاوەی عێراقە فراوانبوونی دووری نێوان هەڵوێستەكانی مەرجەعی عێراقی و مەرجەعی ئێرانییە. ئەمە مشتومڕی ململانێ كۆنەكەی نێوان مەرجەعەكانی نەجەف و مەرجەعەكانی قوم –ی تازە كردووەتەوە كە ئێستا رەهەندێكی تازەی وەرگرتووە چونكە دوو هەڵوێستی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە مەسەلەی ویلایەتی فەقیە.
جوگرافیا قەدەرێكە كەس ناتوانێت بیجوڵێنێت. ئێران دەوڵەتێكی كۆن و رەسەنی ناوچەكەیە. دراوسێكانیشی رەسەنن. تاقە بژاردەی واقیعیی بریتییە لە پێكەوەژیان. بەڵام ئەم پێكەوەژیانە دەبێتە ئەركێكی سەخت و بۆمبڕێژكراو و پڕ لە هەڕەشە ئەگەر بناغەكەی بریتیی نەبێت لە زمانێكی نوێ‌ كە رێز لە سنوورە نێودەوڵەتییەكان بگرێت و دووربكەوێتەوە لە سیاسەتی دزەكردن و دەست خستنە ناو نەخشەی ئەوانی دیكەوە. هەموو دەوڵەتێك بۆی هەیە هەوڵ بدات رۆڵ و هەژموونی هەبێت، بەڵام بە چ ئامرازێك. رۆڵی نوێ‌ بەوە دروست دەكرێت كە نموونەیەكی سەرنجڕاكێش و سەركەوتنی ئابووریی و باشكردنی ژیانی خەڵكی تێدا بێت. ئەڵمانیا رۆڵی هەیە لە ئەوروپادا، بەڵام هەوڵ نادات لە پاریسدا ڤیتۆی هەبێت یان سوپای هاوتەریب دروست بكات لە مەدریدا.
مەحاڵە بتوانیت پەیوەندی سروشتی و سەقامگیر لەگەڵ دراوسێكانتدا دروست بكەیت ئەگەر هێشتا لە دەستوورەكەتدا بڕگەیەكی تێدا بێت هەناردەكردنی شۆڕش بكاتە ئەركێك لەسەر دامودەزگا سەربازیی و ئەمنیی و دیپلۆماسییەكانت. سەركەوتنی ئێران لە خامۆشكردنی بزووتنەوەی ناڕەزاییەكان لە سنووری ئێراندا سەركەوتنێكی كاتییە. یاساكانی جیهان لە كۆتاییدا بەسەر تۆشدا جێبەجێ‌ دەبن ئەگەر تا ئێوارەش بارودۆخی تایبەتی خۆت بكەیت بە بیانوو. ئەو گەنجە ئێرانییەی كە چەكدارە بە مۆبایلە زیرەكەكەی لە كۆتاییدا ئەوەی دەوێت كە گەنجە عێراقییەكە و گەنجە لوبنانییەكە دەیەوێت، واتە زانست و كار و ئازادی و كەرامەت. ئاشكرایە رۆڵی ئێستای ئێران لە بەغدادا لەوە گەورەترە عێراق بتوانێت چیتر بەرگەی بگرێت. دەتوانین هەمان قسەش دەربارەی لوبنان بكەین. بێگومان لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی جیاوازییەكانی جوگرافیا و پێكهاتەی دانیشتووان.
مافی خۆتە لەناو سنوورەكانی خۆتدا هەرچییەكت بوێت بیكەیت، بەڵام مافی ئەوەت نییە لەناو نەخشەی وڵاتانی دیكەدا بەزۆر خۆت بسەپێنیت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure