چه‌ند بیرۆكه‌یه‌ك ده‌رباره‌ى كه‌وتنى رژێم

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

وه‌رگێڕانى له‌ فارسییه‌وه‌: دواڕۆژ
رووداوه‌كانى چه‌ند رۆژى رابوردووى ئێران له‌وه‌دا جیاوازن كه‌ له‌ سى ساڵى رابوردوودا هیچ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به‌م توندوتیژییه‌ تۆمار نه‌كراوه‌.

لایه‌نگرانى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دوو جۆرن. جۆرى یه‌كه‌م ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ رووخاندنى حكومه‌تى ئێران چونكه‌ هه‌لومه‌رج و بارودۆخى خه‌ڵكه‌كه‌ هێنده‌ خراپه‌ كه‌ هیچ رێگه‌ چاره‌یه‌ك نییه‌ جگه‌ له‌ گۆڕینى رژێم. جۆرى دووهه‌م، كه‌ پانتاییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى زیاترى هه‌یه‌ ده‌ڵێت گرانبوونى نرخى به‌نزین وه‌ك هه‌موو گرانكردنێكى دیكه‌ ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵكى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، جا له‌به‌رئه‌وه‌ى رێگه‌ى ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕینى یاسایى و ئاشتیخوازانه‌ له‌ ئارادا نییه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ناچاره‌ په‌نا بۆ توندوتیژى ببات.

ئێمه‌ ناچینه‌ ورده‌كاریى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌و دوو دید و بۆچوونه‌ كامیان راسته‌، چونكه‌ پرسیاره‌ گرنگتره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا په‌نا بردن بۆ توندوتیژى كارێكى به‌سووده‌؟ به‌ ده‌ربڕینێكى دیكه‌ ئایا حكومه‌ت به‌م رێگه‌یه‌ ده‌ڕوخێت؟

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه‌ هه‌روه‌ها بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ى كه‌ ئایا حكومه‌ت خۆى سوود له‌ توندوتیژى خۆپیشانده‌ران ده‌بینێت یان نا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ ده‌كه‌ین:

1- گومانى تێدا نییه‌ له‌سه‌رتاپاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، له‌ ئیسرائیله‌وه‌ بیگره‌ تا عێراق و ئه‌فغانستان و پاكستان و توركیا و وڵاتانى عه‌ره‌بیى و ته‌نانه‌ت سوریاش، هیچیان هێنده‌ى كۆمارى ئیسلامى ئێران هێزى سه‌ركوتكه‌رى رێكخراوتر و هاوئاهه‌نگتر و به‌ئه‌زموونترى نییه‌. ئه‌م هێزه‌ تایبه‌ته‌ به‌ئه‌زموونه‌ هه‌م له‌ڕووى هه‌واڵگرییه‌وه‌ و هه‌م له‌ڕووى ئه‌منیى و پۆلیسى و ئیعلامیى و كۆنترۆڵكردنى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ناسین و ده‌ستنیشانكردنى هه‌ڵسووڕاوه‌كان زۆر زۆر به‌هێزه‌. به‌دوورى ده‌زانم بێجگه‌ له‌ وڵاتى چین، كه‌ سه‌رچاوه‌ى دابینكردنى كه‌ره‌سته‌ى سه‌ركوتكردنى ئێرانه‌ هیچ وڵاتێكى دیكه‌ خاوه‌نى ئه‌م هێزه‌ به‌توانا و به‌ئه‌زموونه‌ بێت.
هێزى پاراستنى ئه‌من و ئاسایشى ئێران نه‌ك هه‌ر تواناى سه‌ركوتكردنى شه‌پۆلى ناڕه‌زایه‌تى ناو ئێرانى هه‌یه‌ به‌ڵكو ده‌توانێت ئه‌گه‌ر پێویست بكات راپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تى له‌ سوریا و عێراقیشدا سه‌ركوت بكات. بۆیه‌ له‌ بارودۆخێكى ئاوادا هاندانى خه‌ڵكیى بۆ په‌نابردنه‌ به‌ر توندوتیژى هیچ سوودێكى نییه‌ جگه‌ له‌ به‌كوشتدانى ئه‌و خه‌ڵكه‌.

2- رادیكاڵكردنى دوولایه‌نه‌
سیاسه‌تى كۆمارى ئیسلامى به‌رامبه‌ر گروپه‌ سیاسییه‌كان هه‌میشه‌ بریتى بووه‌ له‌ رادیكاڵكردن. كۆمارى ئیسلامى به‌ پێویستى ده‌زانێت هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌ دروشم به‌رزكردنه‌وه‌وه‌ په‌لكێش بكات بۆ هاتوهاوار، له‌ هاتوهاواریشه‌وه‌ بۆ به‌رده‌فڕكێ، له‌ به‌رده‌فڕكێشه‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانى چه‌قۆ و تێڵا و ئه‌گه‌ر پێویستیشى كرد له‌ چه‌قۆ و تێڵاوه‌ بۆ ده‌مانچه‌ و تفه‌نگ. به‌م هه‌نگاوه‌ ده‌وڵه‌ت هه‌م ده‌توانێت باشتر هێزه‌ ناڕازییه‌كان ده‌ستنیشان بكات و هه‌م ژماره‌ى خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌كه‌ش كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
كه‌م كه‌س ئاماده‌یه‌ له‌ پێناوى ناڕه‌زایه‌تییه‌كى چه‌ند رۆژیدا خۆى به‌كوشتن و ئیعدامكردن بدات. ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر هێزێكدا كه‌ به‌ئه‌زموونترین هێزى پاراستنى ئاسایشه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. 
رادیكاڵكردنى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان چه‌قۆیه‌كى دووده‌مه‌ و هه‌میشه‌ ده‌مه‌ تیژتره‌كه‌ى رووى له‌ میلله‌ت و داخوازییه‌ ره‌واكان بووه‌.

3- كۆمه‌ڵگایه‌كى پیر و موحافیزكار
كۆمه‌ڵگای ئێران كۆمه‌ڵگایه‌كى پیر و موحافیزكاره‌. له‌سه‌رده‌مى (خاته‌می)دا هاووڵاتى ئێرانى له‌ ته‌مه‌نى 16 تا 24 ساڵى هاوسه‌رگیریى ده‌كرد، له‌سه‌رده‌مى (ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد)دا ئه‌و ته‌مه‌نه‌ هه‌ڵكشا بۆ 24 تا 30 ساڵى، ئێستا له‌سه‌رده‌مى رۆحانیدا له‌ 30 ساڵییه‌وه‌ بۆ 38 ساڵییه‌. كه‌واته‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ پیاوى مشتومڕ و شه‌ڕ نییه‌. رادیكاڵكردنى كۆمه‌ڵگایه‌كى له‌وجۆره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ئوتومبۆبیلێكى مۆدێل 2000 به‌ خێرایى 180 لێبخوڕیت. ئه‌مه‌ كارێكى كرده‌نى نییه‌. ئه‌گه‌ر تێكڕاى ته‌مه‌نى وه‌زیر و په‌ڕله‌مانتاره‌كانى ئێران 70 ساڵ بێت، ئه‌وا تێكڕاى ته‌مه‌نى ئۆپۆزسیۆنیش هه‌ر 70 ساڵه‌ و كه‌متر نییه‌. ئه‌و جێنشینه‌ى كه‌ بڕیاره‌ ببێت به‌ شاى ئێران ته‌مه‌نى 59 ساڵه‌. باوكه‌ ره‌حمه‌تییه‌كه‌ى له‌ ته‌مه‌نى 19 ساڵیدا بوو به‌ شا و له‌ 57 ساڵیدا ئێرانى جێ هێشت و له‌ 63 ساڵیدا مرد. 
تێكڕاى ته‌مه‌نى ئه‌و گروپه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ له‌ شۆڕشى ئێراندا كاریگه‌ر بوون، 30 ساڵ بوو. بۆ نموونه‌ موجاهیدینى خه‌ڵك و موجاهیدینى ئینقلاب و چیریكهاى فیدائى و ئه‌وانى دیكه‌. به‌ڵام ئێستا تێكڕاكه‌ 70 ساڵه‌. 
به‌پێى ئاماره‌ ره‌سمییه‌كان ته‌نیا 22%ى دانیشتوانى ئێران ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 22 تا 29 ساڵیدایه‌. به‌ پێكهاته‌یه‌كى له‌وجۆره‌ كێ ده‌توانێت شۆڕش بكات؟

4- رابه‌ره‌ وه‌همیى و نه‌ناسراوه‌كان
گریمان ئه‌وه‌ رژێمیش روخا، كێ ده‌بێته‌ رابه‌ر؟. له‌ زوربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى بزوتنه‌وه‌ و شۆڕشه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى بیست سى ساڵى رابوردوودا سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى ناوخۆى وڵات له‌پاش گۆڕانكارییه‌كان بوونه‌ته‌ سه‌ركرده‌ى ئه‌و وڵاَتانه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه‌ ئێستا لافى رابه‌رایه‌تی لێده‌ده‌ن چل ساڵه‌ له‌ ئێران دوورن. سێ منداڵه‌كه‌ى ره‌زا په‌هله‌وى ته‌نیا یه‌كێكیان فارسییه‌كه‌ى به‌شى چۆنى و چاكى ده‌كات. سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ حاڵیان له‌م باشتر نییه‌. چل ساڵ دوورى له‌ وڵات گاڵته‌ى پێناكرێت.

5- سه‌ختیى شۆڕش
شۆڕش یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ختترین شێوه‌كانى گۆڕینى حكومه‌ت. له‌ ساڵى 1979دا لانى كه‌م به‌شى سێ چوار ساڵ پاشه‌كه‌وتى دارایى له‌ رژێمى پێشووه‌وه‌ مابووه‌وه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ توانییان شه‌ش مانگ خۆپیشاندان و بایكۆت به‌رگه‌ بگرن. به‌ڵام ئێستا ئه‌م گریمانه‌یه‌ مه‌حاڵه‌ مه‌گه‌ر ئه‌ڵلاهومه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى تونس له‌ ماوه‌ى مانگێكدا شۆڕشه‌كه‌ سه‌ربكه‌وێت. وه‌ك پێشتریش روونمان كرده‌وه‌ حكومه‌تى تاران له‌وه‌ به‌هێزتره‌ كه‌ به‌ مانگ و دوو مانگ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تى بڕوخێت.
یاخیبوون و ناڕه‌زایى له‌ ئه‌نجامى تووڕه‌بوونه‌وه‌یه‌، به‌ڵام شۆڕش پێویستى به‌وه‌یه‌ شانبه‌شانى ناڕه‌زایى ده‌ربڕین به‌رنامه‌یه‌كت هه‌بێت بۆ ژیان. ره‌نگه‌ كه‌سێك هه‌بێت بڵێت خه‌ڵكه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌توانێت چه‌ندین مانگ له‌ شه‌قامه‌كاندا بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌یبینین هه‌ژاران و بێ ده‌ره‌تانان هێزى سه‌ره‌كیى یاخیبوون و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانن. پاره‌داره‌كان زیاتر رێگرى شۆڕش و یاخیبوونن نه‌ك خۆیان دژى حكومه‌ت یاخى ببن.

6- بارودۆخى ناوچه‌كه‌
بارودۆخى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا بارودۆخێكى پارادۆكسییه‌. چه‌ند هێزێكى چه‌پگه‌رى كه‌میى جیهانى لێده‌ربچێت كه‌ هێشتا داڵغه‌ى مافى مرۆڤ له‌ كه‌لله‌یاندایه‌، كه‌م ده‌وڵه‌تى دیموكرات و به‌هێز ده‌بینین هه‌ڵوێستى له‌ دژى حكومه‌تى تاران وه‌رگرتبێت. تۆ باسى ئیسرائیل و سعودییه‌ و ئه‌مریكا مه‌كه‌. پشتیوانیكردنى ئه‌م سێ وڵاته‌ واى كردووه‌ ئه‌وروپا و روسیا و چین چاوپۆشى له‌ بارودۆخى ئێران بكه‌ن. ئه‌و سێ لایه‌نه‌ى لێ ده‌ربچێت له‌گه‌ڵ ئیمارات و به‌حره‌ین هیچ وڵاتێكى دیكه‌پشتیوانى له‌ ناڕازایه‌تییه‌كانى ناو ئێران ناكات. بێگومان نه‌بوونى پشتیوانیش واده‌كات بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ئه‌نجامێكیان نه‌بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure