ژێركاسەكە لەكوێیە؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

دواڕۆژ
جوگرافیا بۆ وڵات وەك ئەسڵەعی و رەنگی چاو وایە بۆ مرۆڤ، بژاردەی خۆی نییە، بەڵام چارەنووسیشی پێوەی بەندە. عێراقی ئەمڕۆ یەكێكە لە قوربانییەكانی ئەم جوگرافیا زاڵمە، گۆڕەپانی ململانێی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانە، چاوی تەماعی هەموو ئەملاوئەولایەكی لەسەرە و لە بنەڕەتیشدا وڵاتێكی دەستكردە و تەنیا خەیاڵدانی دوو گەمژەی وەكو سایكس بیكۆ هێنایانە وجود. 

پێكهاتە ناكۆكەكانی ئەم وڵاتە كە پێشبینی دەكرا دوای روخاندنی رژێمی سەدام سوود لە كارەساتەكانی رابوردوو وەربگرن و عێراقێكی ئازاد و بەختەوەر لەسەر كەلاوەكانی ئەنفال و جینۆساید و دیكتاتۆریی و تاكڕەوی بەعسی خوێنڕێژ بنیاد بنێن. بەڵام ئاڕاستەی رەشەباكان ئەو كەشتیە فرە كەشتیوانەیان خستە گێژاوێكی گەورەوە. حوكمڕانی خراپ و فرەیی سەرچاوەی بڕیار و گەندەڵیی و پەلامارەكانی داعش و نەهامەتییەكانی دیكە تەنگیان بە خەڵكی خێرنەدیویی عێراق هەڵچنی، كاسەی سەریان كە دەمێكە پڕبووە لە زنجیرەیەك خۆپیشاندان و لەناڕەزایی گەورەدا خۆی بەرجەستە كرد. ئەمە رواڵەتی مەسەلەكانە و بە دڵنیاییەوە نەزانراوەكان لە شتە ئاشكراكان زیاترن.

خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە بۆچی ئاوا بەردەوامن؟ كێ‌ رێكیان دەخات و ئەو هەموو لاپەڕە و ماڵپەڕ و ئاسانكارییانە كوێڕا رێكخران و دابین كران. باڵیۆزخانە و دەزگا هەواڵگرییە جیاجیاكان چ رۆڵێكیان هەبووە و هەیە؟ بۆچی بەدیاریكراوی كەسایەتییەكی پاك و دیموكراتخوازی راستەقینە و نیشتمانپەروەری دێرین عادل عەبدولمەهدی بە دیاریكراوی دەكرێتە ئامانج و ناچار بە ئیستیقالەكردن دەبێت؟

ئایا ئەمە سەرەتایەكە بۆ هەرەسهێنانی عێراق وەكو دەوڵەت؟ خولێكی نوێ‌ی جۆرە شەڕێكی ترە لەنێوان هێزە ناوچەییەكاندا؟ بە لاچوونی عادل عەبدولمەهدی عێراق دەبێت بە شامی شەریف؟ ئەمە خولێكی زۆرانبازییەكەیە لەنێوان تاران و واشینتۆندا و چەند خولێكی تری بەدوادا دێت؟

وەڵامەكان هەرچییەك بن لەوەدا هاوبەشن كە دڵخۆشكەر نین. تەنانەت بۆ هەرێمی كوردستانیش كە تائێستا پارێزراوە لەو نائارامیی و گێرەشێوێنییەی كە عێراقی تێكەوتووە. لە هەر سووچێكەوە سەیری رەوتی رووداوەكان بكەیت ئەو پەندە كوردییەت بیردەكەوێتەوە كە دەڵێت كاسەكە بێ‌ ژێر كاسە نییە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure