عەیب و حەیاچوون

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینی: خالید ئەلقشتینی
وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
ماوەیەكە دزەكانی بریتانیا داویانەتە تەمەڵ و تەوەزلی .. چاوەڕوانن كەسێك پارووەكە بكاتە دەمییانەوە. ئەمە خاڵێكی گرنگە چونكە ئیتر دزی ئینگلیز خەیاڵی لای دزینی كامێرا و ریكۆردەر و تەلەفزیۆن و كەلوپەلەكانی دیكەی ناوماڵ نییە. جاران ئەو شت و مەكانەیان دەدزی، بەڵام ئێستا زەوقیان لەسەریان نەماوە، چونكە لەلایەكەوە هەڵگرتن و گواستنەوەیان قورس و ناڕەحەتە لەلایەكی دیكەشەوە كڕیاریان نییە. من خۆم بەسەرم هاتووە، دوو جار دز هاتوونەتە سەر ماڵەكەم بەڵام دەست لە گونان درێژتر گەڕانەوە.
دزی ئێستا بەدوای زێڕ و خشڵ و پارەی كاش و سەعاتی گرانبەهادا دەگەڕێن، چونكە هەڵگرتن و فرۆشتنیان لێی ئاسانتر نییە. بۆشیان مەعلوم بووە ماڵە عەرەبەكان باشترین سەرچاوەی ئەو جۆرە كەلوپەلانەن. بۆیە ئێستا ماڵی عەرەب لە بریتانیادا بوونەتە ئامانجی دزەكان. دز كە ئافرەتی عەرەب دەبینێت ئەو هەموو بازن و موستیلە و ئاڵتوونە جۆراو جۆرەی پێوەیە خۆی پێ‌ راناگیرێت و چاوی تێدەبڕێت. بەڵام نەك بەو مانایەی كە عاشقی قەد و باڵای بووە بەڵكو لەو تەماشاكردنەدا حیساباتی خۆی دەكات و لێكی دەداتەوە ئەو زەعیفەیە بایی چەند زێڕ و زیوی كردووە بە خۆیەوە. ئینجا وردە وردە دوای دەكەوێت تا بزانرێت تا لە فرسەتێكدا دەستی خۆی بووەشێنێت.
دزی ئینگلیز ئێستا بەتەواوی تەمەڵ بووە .. تاقەتی ئەوەشی نەماوە چاودێریت بكات و دواتبكەوێت و ناونیشانی ماڵەكەت بدۆزێتەوە. بەدوای قەدبڕ و رێگای كورتتردا دەگەڕێت. بۆیە یەكێك لەو دزانە تێبینی كرد كە گەنجێكی عەرەب زۆر سەردانی ماڵی عەرەبە دەوڵەمەندەكان دەكات. خۆی لێ‌ نزیك كردەوە و بوو بە هاوڕێی و پێشنیاری كرد ببن بە هاوبەشی یەكتری. پاش ماوەیەك پۆلیس تەماشای كرد دزیكردن لە چەند ماڵە عەرەبێكدا كە ئاهەنگ و دەعوەتی زۆریان تێدا دەكرێت. هەروەها بۆیان دەركەوت ئەو گەنجە عەرەبە زوو زوو بەشداری لە ئاهەنگ و شادییەكاندا دەكات. گەنجە عەرەبەكە بووبوو بە شەریكی دزەكان. شوێنی دانان و شاردنەوەی زێڕ و پارە و خشڵ و كەلوپەلە گرانبەهاكانی پێدەگوتن. ئیشی دزە تەمەڵەكانی ئاسان دەكرد.
ئەم چیرۆكی ئامۆژگارییەكی تازەمان دەكات. تەنیا ئەوە بۆ عەرەبی نیشتەجێ‌ی بریتانیا گرنگ نییە كە ئاگای لە جزدان و سەعات و كەلوپەلە گرانبەهاكانی خۆی و هاوسەرەكەی بێت بەڵكو پێویستە ئاگاداری ئەوەش بێت كێ‌ دەعوەت دەكات بۆ ئاهەنگ و بۆنەكانی. چونكە دوور نییە ئەو دەعوەتكراوە چاوساغی نهێنی دزێك لەو دزە تەمەڵانە نەبێت.
خۆی راستت دەوێت باشترین حاڵ ئەوەیە پیاو موفلیس بێت. وەك دەڵێن موفلیس لە كارواندا بێ‌ خەمە. ئەم وتارە بۆ ئاگاداركردنەوەی دزە تەمەڵەكانی ئەمڕۆیە، پێیان دەڵێم زەحمەت مەدەنە بەرخۆتان. ماڵی براتان شتێكی وای تێدا نییە بەكەڵكی چالاكییەكانی ئەمڕۆتان بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure