بەڵام ئەم خراپەكارانە رۆڵەی خۆمانن

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت
عادل عەبدولمەهدی زوو لە خەو هەستا. شتێكی سەیر نییە حوكمڕانەكەی عێراق خەوی بزڕێت. جگە لەوەش حەفتا و شتێك ساڵ تەمەنێكی گونجاو نییە بۆ خەوێكی ئارام. هەست بە بەدبەختی خۆی دەكات. پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتێك هاتە لای كە بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆز بوو. ئەوانی پێش خۆی میراتێكی زۆریان لە كێشە و گیروگرفت بۆ بەجێ‌هێشتووە، كە بەشی ئەوە دەكەن زیاتر لە حكومەتێك بڕوخێنن.
توندبوونی ململانێی نێوان واشینتۆن و تاران ئەو باوەڕەی لەلا چەسپاند كە سەرۆك وەزیرانێكە لە ناوجەرگەی بومەلەرزەدا. كوێرەوەرییەكانی ناوخۆ و كوێرەوەرییەكانی دەرەوە بە یەك گەیشتن و رێگەیان خۆشكرد بۆ كارەسات.
سەرلەنوێ‌ بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری دەخوێنێتەوە كە لەسەر مێزەكەی دانراوە. ئەو وەزارەتە رەتی دەكاتەوە بۆمبی فرمێسك رێژی وای هاوردە كردبێت كە سەری خۆپیشاندەرەكان كون دەكات و دەیانكوژێت. ئەو وەزارەتە ئۆباڵی بەرپرسیاریەتەكەی خستە سەر لایەنێكی سێهەم. زۆر قورسە سەرۆك وەزیران بەیانێكی لەو جۆرە بخوێنێتەوە كە وەزیری بەرگری حكومەتەكەی دەریكردبێت. عەبدولمەهدی ناتوانێت دەستبەرداری چارەنووسی ئەو گەنجانە بێت كە بەم جۆرە بۆمبانە كوژران. جگە لەوەش خودی بەیاننامەكە چەند پرسیارێكی ئابڕووبەر دەهێنێتە ئاراوە: كێ‌ ئەم بۆمبە بكوژانەی هاوردە كردووە؟ كێ‌ بەكاری هێناون؟ ئەو لایەنی سێهەمە كێیە كە حكومەت ناوێرێت ناوی ببات؟
بەڕاستی شانسێكی خراپی هەیە. ئەگەر ناڕەزایەتییەكانی ئێستا لە ئەنبارەوە یان لە كەلاوەكانی موسڵەوە بەرپا ببوونایە دەتوانرا بدرێنە پاڵ داعش و تەكفیرییەكان. بەڵام لە نەجەف و كەربەلا و بەسرە و دیوانییەدا، واتە لە مەڵبەندی شیعەدا. ئەمە جگە لە بەغداد. خۆپیشاندەران داوای ریشەكێشكردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی داراییە دزراوەكان دەكەن. بەكورتییەكەی ئەركێكی خۆكوژیی لێ‌ داوا دەكەن.
مەسەلەیەكی دیكە كە نیگەرانی دەكات سووتاندنی وێنەی سیمبولە ئێرانییەكانە لە شارە شیعەكاندا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، هەروەها دژایەتی كاڵا ئێرانییەكانیش دەكرێت كە ركابەریی كاڵا عێراقییەكان دەكەن.
عەبدولمەهدی لەخۆی دەپرسێت ئایا ئێران زیاد لە پێویست دەستی وەرداوەتە كاروباری عێراقەوە؟ ئایا ئەو ئامۆژگارییە راستە كە بە چرپە لەملاولا دەگوترێت كە پێویستە عەبدولمەهدی لەنێوان سیستانی و قاسم سولەیمانیدا یەكێكیان هەڵببژێرێت! ئایا رژێمەكەی پاش سەددام زوو پیربوو؟ ئەو بەدوای وەڵامەكاندا دەگەڕێت. هەست بە دابڕانێكی تەواو دەكات لەگەڵ ئەو گەنجانەدا كە ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن.
عەبدولمەهدی سەرەڕای هۆشدارییەكانی دەسەڵات و هەڕەشەكانی ئەملاوئەولا لەدڵی خۆیدا دەڵێت ئەمانە هەرچییەك بن رۆڵەی خۆمانن.
هەمان رووداو لە لوبنان و لە تاران دووبارە دەبنەوە. رۆحانیش لە خۆی دەپرسێت ئایا شۆڕشی ئیسلامیی بەڕاستی پیر بووە؟ ئەم نەوەیە چییە كە دروشمی مردن بۆ ئەمریكا نایوروژێنێت و شەڕە درێژخایەنەكەی تارانی بەلاوە گرنگ نییە، لەگەڵ ئەهریمەنی گەورەدا.
رژێمی ئێران هەڕەشەی لەسەر نییە بەڵام رۆژ بەڕۆژ نامۆتر دەبێت بە نەوە تازەكان و لەو كەسە دەچێت كە بۆ خۆدزینەوە لە كێشە و گیروگرفتەكان بەرەو پێشەوە هەڵدێت. ئێستا نەوەیەك هاتووەتە ئاراوە كە باسی هەژاریی و گەندەڵیی و بێكاریی و مافەكانی مرۆڤ و ژینگە و ئازادییەكان و شۆڕشی تەكنەلۆجیی و گوندی گەردونیی دەكات. نەوەیەك كە باوەڕی بە خەتە سوورەكانی باوكان و باپیرانیان نییە. زیاتر باوەڕی بە كورتەنامەی مۆبایلە زیرەكەكەیەتی نەك بە ئامۆژگاریی ئامۆژگاریكەران.
بە كورتییەكەی نەوەیەكی نوێ‌ لێرە و لەوێ‌ و لە شوێنەكانی دیكە سەریان هەڵداوە. كوڕان و كچانی گەنج كە مۆبایلە زیرەكەكان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە هۆی تیژبوونەوەی خەونەكان و خەیاڵەكان و داواكارییەكان و ئارەزووەكانیان.
ئەم گەنجانە كتێبەكانی ئێمە ناخوێننەوە. بڕوایان بە مەترسییەكانی ئێمە نییە. رێز لە هێڵە سوورەكان ناگرن. لە سەركوتگەریی و دیكتاتۆرەكان ناترسن. ئامادە نین لە دەوڵەتێكی گەندەڵیی داڕزاودا بژین. بەڵام ئەم خراپەكارانە رۆڵەی خۆمانن

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure