دەربارەی: ڕێفێرێندوم و ڕێفێرێندوم لە کوردستان

بۆچوون / بیروڕا :: 17/05/2016

د. سەپان
ڕاپرسی - دەنگدانی جەماوەری referendum لە زۆر وڵاتیش وشە لاتینییەکەی plebiscitum ی پێدەگوترێ، کە لە plebs  وەرگیراوە و بە کوردی دەکاتە (هاووڵاتی ئاسایی)، وشەی scitum دەکاتە بڕیاردان – حوکمدان.

ڕێفێرێندوم دەکاتە یەکلاکردنەوەی پرسی گرنگ و ئاڵۆز، کە حکومەت نایەوێ بە تەنیا بڕیاری لەسەر بدا و ئەو ئازادییە بە هاووڵاتییانی خۆی دەدا. ئەم بەشداربوونەی هاووڵاتییانیش لەڕاستیدا تەنیا لەو وڵاتانە ئەنجام دەدرێ کە دیموکراتيی تێدا هەیە. لە وڵاتانی دیکتاتۆر و نادیموکڕاتی، سەرۆک یان پاشا خۆیان بێ وەرگرتنی رای جەماوەر پرسی ئاڵۆز و گرنگ یەکلادەکەنەوە. 

ڕێفێرێندوم، جۆرێكە لە ئامۆژگاری و ڕاوەرگرتن، دەستەڵاتی باڵای وڵات ڕۆژێک دیاری دەکات و لەو رۆژةدا جەماوەر بۆ سندوقەکانی دەنگدان دەچن و وەڵامی ئەو پرسة دەدەنەوە، کە لە بلێتی هەڵبژاردن بۆیان نووسراوە. ئەنجامی دەنگدان ئەگەر بە بەلَێ بێ یان بە نەخێر بێ، حکومەت وەک خۆی قبووڵی دەکا. لەمجۆرە دەنگدان یا ڕاپرسییانە هاووڵاتی تەنیا وەڵامی یەک پرسیار دەداتەوە، کە بە زمانێکی ئاسان و ڕوون بۆی نووسراوە. پرسیاری دەنگدان، دەکرێ تایبەت بە هەرێمێک یان سەرتاسەری و بۆ هەموو وڵات بێ. دەکرێ لەلایەن پەرلەمانەوە داوای ڕاپرسی بکرێ یان لەلایەن سەرۆک یانیش بە دەستپێشخەری هاووڵاتییان بێ. ئەگەر راپرسی بە دەستپێشخەری هاووڵاتی بێ، دەبی لەدەستور ئاماژەی پێکرابی، کە هاووڵاتی پێویستی بە کۆکردنەوەی چەند واذؤ هەیە، بۆئەوەی پرسەکەیان بکرێتە ڕاپرسیێکی سەرتاسەری. ئەم ژمارەیە لە وڵات بۆ وڵات جودایە. هاووڵاتی سویسری دەبی ١٠٠ هەزار واذؤ کۆبکاتەوە بۆئەوەی حکومەت داوای ڕیفێرێندوم بکا، هاووڵاتی روسیا دەبیَ دوو ملیۆن واذؤ کۆبکاتەوە، تا سەرۆک کۆمار فەرمانی ڕاپرسی دەربکا. 
لە کاتی ئەنجامدانی referendum، زۆربەی کات کۆمەڵ بۆ سەر دوو بەرە دابەشدەبێت و بەرەیەک لەگەڵ دەنگداندان بە بەڵێ و لایەنی دووەمیش لەگەڵ دەنگداندان بە نەخێڕ. هەردووکلا لە کەنالَەکانی نیشتیمانی بە یەکسانی کاتیان پێدەدرێت و حکومەتیش بودجە بۆ هەردووکلا تەرخان دەکا. ڕەوایە حکومەت بە ئاشکرا پشتگیری لە لایەنێک لەم دوو لایەنەی دەنگدەران بکا. 
لە وڵاتی سوید لە سەدەی بیست، چوار جار ڕیفێرێندوم کراوە و ئەویش لە ساڵەکانی ١٩٢٢، ١٩٥٥، ١٩٨٠ لەگەڵ ١٩٩٤ بوو. ڕاپرسی ساڵی ١٩٥٥ پەیوەنديی بە گۆڕینی ترافیک لە چەپەوە بۆ راست بوو. لە وڵاتی سویسرا لە ساڵی ١٨٩٣ ەوە تا سەرەتای سەدەی بیست و یەک ٣٩٣ جار بە دەستپێشخەری هاووڵاتییان کار بۆ ڕێفێرێندوم کراوە، لەو جارانە ٢٧٣ جار توانیان (١٠٠ هەزار) واذؤی پێویست کۆبکەنەوە و لەوانەش ١٧٠ جار ڕفێرێندوم کرا، ١٧ جار هاووڵاتی بردوویانەتةوە. 
هەر لە سویسرا، لە پەنجا ساڵی ڕابردوو پرسی: کۆمەلَایەتی، ئابوری، ژینگە و ئاشتی بۆ ڕاپرسی بەرزکراونەتەوە. 
ڕێفێرێندوم لە وڵاتی روسیا، لە دەستەڵاتی سەرۆک کۆماردایە و بە فەرمانێک ئەو لەکاتی پێویست رایدەگەیێنێت و ئەگەر نیوەی دەنگدەرانیش لەسەرتاسەری وڵات تێیدا بەشداربوون، ڕاپرسییەکە قبووڵ دەکرێ و لەو نیوەیە ژمارەی کامە لایان زیاتربوو، وەک براوە سەیر دەکرێ. هەر لە روسیا نابی ڕیفێرێندوم لەگەڵ هەڵبژاردنی ئاسایی تێکەڵ بکرێ و لەیەک رۆژ ئەنجام بدرێ. سەرۆک کۆماری روسیا دەستور ڕێگای پێنادا لەدوا ساڵی حوکمی خۆی داوای ڕێفێرێندوم بکا. هەندێک وڵات ڕێگانادەن لەسەر پرسی گرنگ، کە کاریگەريی لەسەر ئەمنی قەومی هەبێ، راپرسی ئەنجام بدرێ. 
ڕێفێرێندوم لە مێژووی جیهاندا تازە نییە و ڕەگی بۆ ئیمراتۆریەتی رۆم (٧٥٣ پ.ز. ٤٧٦ ز). دەگەرێتەوە، بەڵام بێگومان ڕاپرسی رۆمەکان وەک ڕاپرسی سەدەی بیست نییە، بەڵام هەمان پرەنسیپە. 
لە کوردستان تا ئێستا هیچ ڕێفێرێندومێک ئەنجام نەدراوە، چونکە کورد قەت ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساوە کە خۆی چارەنووسی خۆی بە ئاشتی و لە ڕێگەی دەنگدان دیاری بكات. کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و جارێ چارەنووسی بە دەوڵەتانی دراوسێ: ئێران و تورکیا و ئێراق و سوریا بەستراوەتەوە، هیچ لەوانیش بە کورد ڕەوا نابینن، راپرسی لەسەر پرسە هەستیارەکانی خۆی بکا. 
ماوەی چەند ساڵێکە لە کوردستان باس لە ڕیفێرێندوم و ئەنجامدانی ڕاپرسی دەکرێ. لێرە کورد بەسەر دوو بەرە دابەشبووین. بەرەیەک پشتگیريی لێدەکات و بەرەی دووەمیش لەو بڕوایەدایە، کە جارێ زووە و کات نەگەیشتووە. 
سەرکردایەتی کورد دەیەوێ ڕێفێرێندوم لە هەرێمی کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی لە بەغدا ئەنجامبدا، دەیەوێ ڕای جەماوەر وەک چەکێکی کاریگەر لەسەر مێزی گفتوگۆ بەکاربێنی، کە مافێکی ڕەوای هەر میللەتێکی سەرزەمینە، بەڵام بەغدا و حکومەتەکانی دیکەی دراوسێی ئێراق، ڕاپرسی کورد لە کوردستان وەک پرسێکی ناوخۆی ئێراق سەیر ناکەن، کە دەستوری ئێراق ڕێگای پێداوە، بەڵکو وەک مەترسیێکی گەورە بۆ سەر ئەمنی قەومی خۆیان تێیدەڕوانن. وڵاتانی درواسێ، کە خاوەن پارچەیەک لە کوردستانن، جارێ نەهاتوونەتە ئەو بڕوایەی، ئەو دەوڵەتە تازەیەی کورد، بۆ ئەوان دەبێتە دیوارێکی جوان و باشترین دراوسێ، شەڕ و کێشەش لەنێوانیان قەت ڕوونادا. 
لەڕاستیدا سەرکردە و حزبە کوردییەکانیش تا ئێستا یەک ڕا و یەک هەڵوێستیان لەسەر ڕاپرسی کورد نییە و ئەم هەرێمە بچووکەی کوردستان بەسەر دوو بەرە دابەشبووە. ئەم پرسە گرنگە لەکاتی ئێستا لەجیاتی کورد لەیەکتر نزیک بکاتەوە، جارێ لەیەکتر دووری کردوونەتەوە و پاش شەڕی چاڵدێران (١٥١٤) و یەکەم جەنگی جیهانی، باشوری کوردستانی جارێکی دیکەش لەت کردووە. لێرە لایەنی بەڵێ نەیانتوانیوە بڕوا بەلایەنی نەخێر بێنن، کە ئەنجامدانی ڕێفێرێندوم هیچ ناکاتە ئیعلانکردنی دەوڵەتی کوردی، بەڵکو زیاتر وەرگرتنی ڕای جەماوەرە لەسەر ئەم پرسە هەقە. 
بۆ کورد referendum لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، پرسێکی سیاسییە و دەمێکە پێشمەرگە خەباتی بۆکردووە و شەهیدی لەپێناوی داوە، بەڵام ئەگەر لایەنی دەستپێشخەر نەتوانیَ بە دانیشتن و پێکهاتن لەگەڵ بەرەی دووەم، کە ناڕاستەوخۆ دەکاتە وڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی جیهان، ڕاستەوخۆش هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردی بگەنە ئەنجام، ناتوانن دەنگی پێویست بێنن و ئەوکات ڕاپرسییەکە پووچەڵ دەبێتەوە. ڕێفێرێندوم هیچ تایبەت نییە بۆ گەلێک یان وڵاتێک، بۆیە ئەگەر بۆ گەلی تورک، فارس، روس، عەرەب یان ئینگلیز...هتد رەوابێ لەسەر هەر پرسێک ڕاپرسی خۆیان لە وڵاتی خۆیان ئەنجام بدەن، بێگومان بۆ کوردیش دەبی ڕەوابیَ هەر کاتێک ویستی ئەنجامی بدا بۆ هەر پرسێک ویستی هاووڵاتییانی بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان ببا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure