جیاوازى نێوان مرۆڤه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

جیاوازییه‌كانى نێوان مرۆڤ له‌ هه‌موو ئاڕاسته‌كاندا، یه‌كێك بووه‌ له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانى ژیان و پێشكه‌وتنى هه‌میشه‌یى له‌ هه‌موو زه‌مان و زه‌مینێكدا، به‌ مه‌رجێك جیاوازییه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى دادپه‌روه‌ریى و رێز و بیركردنه‌وه‌ى قوڵ و سروشتى و به‌ مه‌به‌ستى تێگه‌یشتن بێت له‌ جیهان و ویستێكى ئازاد و داهێنه‌رى له‌پشته‌وه‌ بێت.

جیاوازى راسته‌قینه‌ و ئه‌رێنى هه‌رگیز به‌رهه‌مى كه‌للـه‌ڕه‌قى و خۆبه‌زلزانین و داتاشینى چیرۆكى پڕ درۆ و ده‌له‌سه‌ نییه‌. ئامانجى جیاوازیى گه‌یشتنه‌ به‌ كۆمه‌ڵگەیه‌كى نموونه‌یى بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى زه‌وى نه‌ك بۆ گه‌نده‌ڵیى و خراپه‌كاریى. جیاوازى نێوان مرۆڤه‌كان پێویسته‌ بۆ بێداركردنه‌وه‌ى ویژدانه‌ خه‌وتووه‌كان بێت، ئامانجى بریتى بێت له‌ لێكدانه‌وه‌ى ده‌قه‌ راسته‌قینه‌كان نه‌ك دروستكردن و داتاشین و خه‌یاڵ و فه‌نتازیا.

جیاوازییه‌كانى نێوان مرۆڤ به‌وه‌ ده‌گه‌شێنه‌وه‌ كه‌ رێگرى بكرێت له‌ لوتبه‌رزیى و ته‌مه‌ڵیى و په‌له‌كردن له‌ حوكمدانى به‌رامبه‌ردا. پێویسته‌ بچینه‌ قوڵاییه‌كانى ژیانه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى هه‌موو بابه‌تێكى تازه‌ و بیلیمه‌ت له‌پێناو خزمه‌تكردنى كۆمه‌ڵگەكاندا.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌و جیاوازییانه‌ خراپ لێكده‌درێنه‌وه‌ و بوونه‌ته‌ جیاكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌كان به‌جۆرێك كه‌ هیچ گروپێك ئاره‌زووى گفتوگۆكردن و دیالۆگى نییه‌ له‌گه‌ڵ گروپێكى تردا. تاك له‌ كۆمه‌ڵ دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ و ژیان به‌ توندوتیژى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موواندا ده‌كات.

ئه‌گه‌ر به‌ وردى بڕوانینه‌ لایه‌نه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى ئه‌و جیاوازییانه‌ى كه‌ هه‌ند بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ هیچ پاڵنه‌ر و پێویستییه‌ك دروستى نه‌كردون. چونكه‌ كه‌لتووره‌كان كه‌ جاران كه‌لتوورى ئه‌رێنى بوون ئێستا بوونه‌ته‌ رێگر و خاڵه‌ لاوازه‌كان. به‌ جۆرێك كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت مرۆڤ ده‌توانێت ژیانێكى سه‌رفرازانه‌ بژى به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌وانى دیكه‌ رقیان لێى نه‌بێت. دۆخه‌كه‌ وای لێهاتووه‌ كه‌س تاقه‌تى ئه‌ویترى نه‌ماوه‌، به‌ده‌گمه‌ن مرۆڤى چاكه‌كار ده‌بینیت كه‌ بناغه‌یه‌كى بێ هاوتایه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونى ژیان.

ئێستا ئێمه‌ هه‌موومان ته‌نیا ناشیرینییه‌كانى یه‌كترى ده‌بینین هه‌رچه‌نده‌ جوانیى و چاكه‌ ده‌گمه‌ن نین له‌م جیهانه‌ى ده‌وروبه‌رماندا.

مرۆڤایه‌تى ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستى به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى خۆشه‌ویستى و ئاشتى و برایه‌تى و قبوڵكردنى یه‌كترى هه‌یه‌. هه‌موومان به‌رپرسیاریەتیمان له‌سه‌ره‌. به‌رگه‌گرتنى ئه‌و ئه‌ركانه‌ رێكارێكى سه‌ركه‌وتوون بۆ جوانكردنى جیاوازییه‌كان. پێویسته‌ كه‌لتووره‌ نه‌خۆشه‌كان بگۆڕین و به‌ چاوى سووك ته‌ماشاى هیچ كه‌س و هیچ كرده‌وه‌یه‌ك نه‌كه‌ین.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure