نوكته‌ له‌ سه‌رده‌مى دیجیتاڵدا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

نووسینى: مالیك ئه‌لعه‌سامنه‌
سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى ئه‌لحوڕه‌
وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

ده‌گوترێت هه‌موو نوكته‌یه‌ك له‌ڕاستیدا ره‌نگدانه‌وه‌ى واقیعێكى تاڵه‌. نوكته‌كه‌ هه‌تا به‌هێزتر بێت ماناى وایه‌ دژبه‌یه‌كییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ واقیعدا قووڵتر و فراوانتره‌ و نوكته‌ به‌گشتى و نوكته‌ى سیاسى به‌تایبه‌تى هه‌میشه‌ ده‌ربڕینێكى زیره‌كانه‌ى ناڕه‌زایه‌تیى و ره‌دكردنه‌وه‌ و جۆرێك بووه‌ له‌ جۆره‌كانى هوشیارییه‌كى ده‌مامكدار.

به‌ڵام ئایا ئێستا نوكته‌ چ سوودێكى هه‌یه‌ له‌كاتێكدا كه‌ بارودۆخى ناوچه‌كه‌ له‌ نوكته‌ پێكه‌نیناویتره‌ و كه‌ره‌سته‌كانى سیستمه‌ حوكمداره‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانى راگه‌یاندنه‌وه‌ بوونه‌ته‌ كۆمیدیایه‌كى زیاده‌ڕه‌و، ته‌نانه‌ت خودى گه‌شتى هه‌واڵه‌كانیش زۆرجار ده‌بنه‌ مایه‌ى پێكه‌نین و رابواردن. 

له‌سه‌رده‌مى پێش كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و شۆڕشى ته‌كنه‌لۆجیاى زانیارییه‌كان و ده‌ركه‌وتنى یوتیوب، نووسینى ته‌نز له‌ بوارى رۆژنامه‌وانیى و ئه‌ده‌ب و شانۆ و سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆندا زۆرجار ده‌رفه‌تێك بوون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و په‌نگخواردنه‌وه‌یه‌ى له‌ ناخى خه‌ڵكیدایه‌ و هه‌ندێك جاریش ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تى بوون به‌شێوازێكى شاردراوه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نیا هه‌ر نووسین هه‌بوو به‌بێ پشتیوانى ته‌كنیكه‌كانى گرافیك و وێنه‌ و ئه‌رشیفى ده‌نگ و ره‌نگ و كاریگه‌رییه‌كانى دیكه‌. نووسینى ته‌نز وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو له‌سه‌ر به‌رده‌ ره‌قه‌كه‌ى واقیع بته‌وێت وێنه‌یه‌ك بتاشیت هه‌م پێكه‌نیناوى بێت و هه‌م مایه‌ى گریان.

نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانى گه‌وره‌ و بیلمه‌ت له‌م بواره‌دا هه‌ڵكه‌وتن و له‌ قۆناغى خۆیاندا جێپه‌نجه‌ى ئاشكرایان به‌سه‌ر گه‌شه‌كردنى هوشیارى كۆمه‌ڵگادا به‌جێهێشت.

ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بى گاڵته‌جاڕى ته‌قلیدى ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ته‌نیا هه‌ر به‌كه‌ڵكى مۆزه‌خانه‌كان دێن چونكه‌ واقیعه‌كه‌ خۆى بووه‌ به‌ نوكته‌یه‌كى زۆر گاڵته‌جاڕ. ئه‌م گاڵته‌جاڕییه‌ له‌ بوار و دیمه‌نه‌ هه‌ره‌ جددى و خه‌مناكه‌كانیشدا ده‌بینرێت.

سه‌رده‌مى ئێستا كه‌ سه‌رده‌مى دیجیتاڵه‌ كه‌ره‌سته‌ و ئامرازى یارمه‌تیده‌رى زۆر به‌هێزى بۆ لواوه‌. دۆزینه‌وه‌ى بابه‌ت و به‌ڵگه‌نامه‌ و ئه‌رشیفى پێویست بۆ جوانكاریى و به‌هێزكردنى بابه‌ته‌كه‌ كارى هه‌ڵسوڕێنه‌رانى ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌یان له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و یوتیوب كردووه‌ته‌ كارێكى ئاسان. به‌ڵام شه‌ته‌كدانى به‌رنامه‌كان به‌ ئه‌جێندا و بۆچوون و مه‌رجى خاوه‌ن كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ وایان كردووه‌ به‌رنامه‌كان زیاتر گاڵته‌پێكردن و سووكایه‌تیپێكردن بێت نه‌ك خوڵقاندنى ئه‌ده‌بێكى ته‌نزئامێزى راسته‌قینه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure