ببووره‌ ماركس

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینى: مسته‌فا ئیبراهیم
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

به‌ درێژایى ژیانم رۆژێك له‌ رۆژان باوه‌ڕم به‌وه‌ نه‌بووه‌ هیچ سیستمێكى سۆشیالیستى بتوانێت سه‌ربكه‌وێت له‌ پێشبڕكێیه‌كى نابه‌رامبه‌ردا له‌گه‌ڵ بازاڕى جیهانیدا، كه‌ كرانه‌وه‌ى ئه‌و بازاڕه‌ رێگه‌ى خۆشكرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونێكى بێ سنوور.

به‌لاى منه‌وه‌ بیروبۆچوونى سۆشیالیستى كه‌ره‌سته‌یه‌كى كۆنه‌په‌رستانه‌ و كه‌موكوڕییه‌كى ئاشكرا بووه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤدا. به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌مبینى جیهان له‌ژێر چه‌ترى سه‌رمایه‌داریى جوانپۆشدا، ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وت و به‌رهه‌مه‌ دڵڕفێن و خه‌یاڵییه‌ى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

پێم وابووه‌ هه‌ندێك نابه‌رامبه‌ریى و زوڵم و زۆریش لێره‌ و له‌وێ ده‌رئه‌نجامێكى حه‌تمیى ئه‌و سیستمه‌یه‌ كه‌ كه‌س ناتوانێت خۆى لێ لابدات.

به‌ڵام 40 رۆژ به‌س بوون بۆ ئه‌وه‌ى بیروبۆچوونم بگۆڕێت سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو باوه‌ڕ و بۆچوونه‌كانم. 40 رۆژ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ى داواى لێبوردن بكه‌م له‌ ماركس و لینین و ماوتسیتۆنگ. ئێستا ده‌زانم كه‌ من كه‌وتبوومه‌ ناو ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌وه‌ كه‌ سه‌رمایه‌داریى بۆ جیهانى ناوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ى هاوكێشه‌كه‌م فه‌رامۆش كردبوو. ته‌نیا ژماره‌ له‌لام گرنگ بوو. چه‌ندنت به‌رهه‌م هێناوه‌، چه‌ندت قازانج كردووه‌ و چه‌ند و چه‌ند و چه‌ند ، به‌جۆرێك كه‌ مرۆڤ بزر ده‌بێت و ده‌بێته‌ ژماره‌یه‌كى ناشیرین و هیچى تر.

من ماوه‌ى 40 رۆژ له‌نێوان كه‌ڵبه‌كانى سه‌رمایه‌داریى دڕنده‌دا، له‌ كۆمپانیایه‌كدا كه‌ پێى ده‌گوترێت فره‌ ره‌گه‌زیى كارم كرد، باڵه‌خانه‌یه‌كى كه‌شخه‌ و باق و بریقى ده‌رگا و دیواره‌كانى و موچه‌یه‌كى به‌رز، ئه‌مانه‌ هه‌موو وا له‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن كرمى ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه‌ بمرێنێت كه‌ له‌ ناخیدایه‌. به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر بڵێت هێد و به‌ رووداو بڵێت ئیڤێنت و بیرى بچێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ ره‌شه‌ خه‌ڵكه‌كه‌.

كه‌ تۆ ده‌چیته‌ ئه‌م جیهانه‌ نه‌زانراوه‌وه‌ و به‌ سه‌رسووڕماویى ده‌ڕوانیته‌ گه‌وره‌ییه‌كه‌یى و ئه‌و ورده‌كارییه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ى كه‌ له‌ رێكخستن و ئاماده‌كاریى كاروباره‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت خواخواته‌ چركه‌یه‌ك زووتر تێكه‌ڵى ئه‌و سیستمه‌ ببیت. ئیتر قۆناغێكى ترسناك له‌ ژیانتدا ده‌ست پێده‌كات.

سیستمى كاركردن زۆر ساده‌یه‌. كاتژمێر 6ى به‌یانى له‌ ماڵ دێیته‌ ده‌رێ بۆسه‌ر كاره‌كه‌ت و ده‌وروبه‌رى كاتژمێر 9ى شه‌و ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ ماڵه‌وه‌. به‌ڵام نیگه‌ران مه‌به‌ مووچه‌كه‌ت زۆره‌، هه‌موو ژیانت له‌ناو ژماره‌كاندا به‌سه‌ر ده‌به‌یت، زوربه‌ى كات له‌ ململانێداى له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و هاوكار و ركابه‌ره‌كاندا، جه‌نگێكى ترسناكى بێ به‌زه‌یى كه‌ هه‌موو تیایدا به‌هیلاك ده‌چن له‌ پێناوى ژماره‌دا. ئامانجێك به‌ده‌ست ده‌هێنیت، كه‌ نه‌خۆش كه‌وتیت هاوكاریت ده‌كه‌ین، به‌ڵام بوارت ناده‌نێ فریا بكه‌ویت پشكنینه‌كانت بكه‌یت چونكه‌ چه‌ند ژماره‌یه‌ك هه‌ن پێویسته‌ به‌ده‌ستیان بهێنیت. خۆ ئه‌گه‌ر پزیشكه‌كه‌ش مۆڵه‌تى نه‌خۆشى بۆ نووسیت رێگه‌یه‌ك ده‌دۆزرێته‌وه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ت ببڕیت و بگه‌ڕێیته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ت.

گرێبه‌ست و به‌ڵگه‌نامه‌ى وات پێ ئیمزا ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ركاتێك بمانه‌وێت ده‌توانیت زیندانیت بكه‌ین و له‌ سێداره‌ت بده‌ین و به‌ زیندویه‌تى بتسووتێنین و ته‌نانه‌ت نامووسیشت ببه‌ین. كۆمپانیاكه‌، ژیان و هزر و هه‌موو ئاره‌زووه‌كانت داگیر ده‌كات، ته‌نانه‌ت خه‌ونه‌كانیشت ده‌بن به‌ ژماره‌، وات لێ دێت ژماره‌ بپه‌رستیت. له‌ خه‌و بێدارت ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرسیارى ژماره‌یه‌كت لێ بكه‌ین. ته‌نانه‌ت له‌ رۆژى مۆڵه‌تیشدا داوات لێ ده‌كه‌ین بێیته‌وه‌ بۆسه‌ر كار. به‌ كارێكى كتوپڕ ده‌تنێرین بۆ سه‌فه‌رێكى دوور.

دیاره‌ مافى ئه‌وه‌ت نییه‌ بڵێیت نه‌خێر، چونكه‌ موچه‌یه‌كى زۆر وه‌رده‌گریت و له‌وه‌ش گرنگتر بوویته‌ رۆبۆت.

مووچه‌یه‌كى قه‌به‌ت بۆ دیارى ده‌كه‌ین، به‌ زمانى ئینگلیزى له‌گه‌ڵتدا ده‌دوێین، یونیفۆڕمت پێده‌ده‌ین بیكه‌یته‌ به‌رت چونكه‌ پێویسته‌ رۆبۆته‌كان به‌ ته‌واوى هاوشێوه‌ى یه‌كتریى بن. پێویسته‌ ده‌مت هه‌میشه‌ به‌ خه‌نده‌ بێت چونكه‌ جه‌نابى به‌ڕێوه‌به‌ر رقى له‌ خه‌ڵكى عه‌بووسه‌، كه‌ ئه‌ویش رقى لێ هه‌ڵگرتیت و وات لێ دێت جنێو به‌و رۆژه‌ بده‌یت كه‌ تیایدا له‌دایك بوویت. به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكى هه‌یه‌، مووچه‌كه‌ت كه‌م بكاته‌وه‌، پێت بڵێت ریشت به‌م جۆره‌ لێ بكه‌، ره‌نگى پانتۆڵه‌كه‌تم به‌دڵ نییه‌، مافى خۆیه‌تى گاڵته‌ت پێ بكات و تۆش ته‌نیا یه‌ك مافت هه‌یه‌؛ به‌ نابه‌دڵیى به‌ده‌مییه‌وه‌ پێبكه‌نیت، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ مه‌زاجى باشه‌. ئه‌ویش به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ هه‌رده‌مه‌ى له‌سه‌ر مه‌زاجێكه‌، ئێستا دڵى خۆشه‌ و خوله‌كێكى تر هێنده‌ تووڕه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تڕى خۆیدا شه‌ڕده‌كات.

رۆژگاره‌ ره‌شه‌كان، رۆژگاره‌ خه‌مناكه‌كان به‌ هێواشى تێده‌په‌ڕن به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆت بزانیت كه‌ له‌ دنیا راسته‌قینه‌كه‌ى خۆت داماڵراوى. خه‌مۆكى ده‌چۆڕێته‌ ناخته‌وه‌، ژماره‌كان ئابڵوقه‌ت ده‌ده‌ن و نهۆم نهۆم له‌سه‌ر خودى تۆ به‌رز ده‌بنه‌وه‌. هێواش هێواش تۆ دیار نامێنیت و زۆر به‌ ئاسانى ده‌بیت به‌ ژماره‌یه‌ك. ژماره‌یه‌ك له‌ناو لیستى كارمه‌نده‌كان و لیستى مووچه‌دا.

ده‌بیته‌ ژماره‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌ و دیار له‌ لیستى سزادراوه‌كاندا ئه‌گه‌ر وه‌كو پێویست نه‌بووبیته‌ رۆبۆت.

من پێویسته‌ داواى لێبوردن بكه‌م خۆم به‌ قه‌رزارباریان ده‌زانم كه‌ گاڵته‌م هاتووه‌ به‌ بیر و بۆچوونه‌ ئابوورییه‌كانیان چونكه‌ پێم وابووه‌ بیروبۆچوونێكى كۆن و به‌سه‌رچووه‌، وام ده‌زانى ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ شكست خواردووه‌.

زۆر شه‌رمه‌زارم كه‌ پشتگیرم له‌ ژماره‌كان كردووه‌. پشتى مرۆڤم به‌ردابوو، دواجاریش ئه‌گه‌ر گوێت لێمه‌ داواى لێبوردن له‌ تۆ ئه‌كه‌م ماركس.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure