توركیا و ئۆپۆزسیۆنە چەكدارەكەی سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

نووسینی: محەمەد سەید رەساس
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: دواڕۆژ
یەكەم: 18ی ئازاری 2011 خۆپیشاندان و لە شاری دەرعا بووە سەرەتای دروستبوونی قەیرانەكەی سوریا. 
دووهەم: 9ی ئابی 2011 ئەحمەد داود ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی توركیا پاش سەردانەكەی بۆ دیمەشق رستە بەناوبانگەكەی راگەیاند: سوریا ئاگری تێبەردەبێت.
سێهەم: 18ی ئابی 2011 باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا، داوای لە سەرۆكی سوریا كرد واز لە پۆستەكەی بێنێت. ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ هاوئاهەنگییەكی ئیعلامیی ئاشكرای نێوان ئەمریكا و توركیا و قەتەردا.
چوارەم: لەمانگی تشرینی یەكەمی 2011دا ئەنجومەنی شورای ئیخوان موسلمین لە سوریا بڕیاری چەك هەڵگرتنی راگەیاند دژی حكومەتی سوریا. بەهۆی شكستهێنانی هەوڵەكانی توركیا لەگەڵ دیمەشقدا.
پێنجەم: فاروق تەیفور، جێگری چاودێری گشتی ئیخوان موسلمین كە نیشتەجێی توركیایە بووە بەرپرسیاری رێكخستنی گروپە سەربازییە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا و راستەوخۆ پارەی لە قەتەرەوە وەردەگرت بەومەرجەی كە ئەو پێكهاتە سەربازییانە ناوی ئیسلامییان لێ‌ بنرێت.
شەشەم: ئەنقەرە ئاگادار و چاودێر و سەرپەرشتیاریی ئەم هەموو كەین و بەینە بووە.
حەوتەم: لە 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011دا لەژێر چاودێری توركیادا (ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا) لە ئیستەنبوڵ دامەزرا، كە ئیخوان موسلیمان كۆنترۆڵیان كردبوو.
هەشتەم: ئەم ئەنجومەنە ویستی بەهەمان شێوەی رووداوەكانی لیبیا بڕیاری نێودەوڵەتی دەربچێت بۆ پاراستنی، كە بوو بە چەترێك بۆ دەستوەردان و هاتنە ناوەوەی راستەوخۆی هێزەكانی ناتۆ بۆ لیبیا و بە رووخاندنی رژێمی قەزافی كۆتایی هات لە 23ی ئابی 2011دا.
نۆهەم: ڤیتۆی هاوبەشی روسیا و چین نەیانهێشت ئەم هەوڵەی ئیخوانەكان سەربگرێت لە ئەنجومەنی ئاسایشدا.
دەهەم: 18ی تشرینی دووهەمی 2011 ریاڵ ئەلشەقفە چاودێری گشتی ئیخوانەكانی سوریا داوای دەستوەردانی سەربازیی توركیای كرد.
یانزەهەم: هاوكاریی و پشتیوانی توركیا تەنیا هەر ئیخوانەكانی نەگرتەوە بەڵكو حكومەتەكەی ئەردۆگان بوو بە پشتیوانی گەورەی دوو رێكخراوی چەكداری دیكە (ئەحراری شام) و (بەرەی نوسرە)، كە یەكەمیان سەلەفی جیهادییە و دووهەمیشیان لقی سووریی رێكخراوی قاعیدە بوو، و یەكەمین مانگی ساڵی 2012 خۆی راگەیاند.
دوانزەهەم: رێگای هاتوچۆ و شوێنی چارەسەر و ئاسانكارییەكانی دیكە بۆ زوربەی هەرە زۆری چەكدارە عەرەب و بیانییەكانی كاری چەكدارانە دژی حكومەتی دیمەشق خاكی توركیا و نەخۆشخانەكانی توركیا بون.
سیانزەهەم: لەو قۆناغەدا ئەمریكا پشتگیریی لەوە دەكرد ئیخوانەكان یان بگەنە دەسەڵات یان بەشداربن تێیدا لە قۆناغی دوای لابردنی حوسنی موبارەك لە 11ی شوباتی 2011دا.
چواردەهەم: ئەم نەخشەیە قاهیرە و تونس و سەنعا و لیبیای گرتەوە. قەتەریش پێداگربوو كە دیمەشقیش بخرێتە هەمان نەخشەوە.
پانزەهەم: ئەم ستراتیجە بەتایبەت بەرامبەر سوریا لەگەڵ خەونە عوسمانییەكانی ئەردۆگاندا زۆر دەگونجا. بۆیە ئەردۆگان زۆر بەتوندی پشتگیریی گروپە چەكدارە جۆراوجۆرەكانی دەكرد و هەموو یارمەتیەكی پێشكەش كردن.
شانزەهەم: پاش وازهێنانی واشینتۆن لە پشتیوانیكردنی چەكدارەكانی سوریا توركیا هەر بەردەوام بوو لەو هەڵوێستەی خۆی و ئەمە بووە خاڵی ناكۆكی لەنێوان ئەردۆگان و ئەمریكادا.
حەڤدەهەم: پاش ئەوە توركیا رووی كردە روسیا و رازی بوو كە حەڵەب بگۆڕێتەوە بە هێڵی جرابلس و ئەلباب و ئەعزاز، و لەبەرامبەر غوتەشدا ساڵی 2018 عەفرینی وەرگرت. ئەمانەشی هەموو بۆ دژایەتیكردنی كوردەكانی سوریا بوو.
نۆزدەهەم: ئێستاش ئەردۆگان گروپە چەكدارە سورییەكان بەكاردەهێنێت وەك ئامرازێك بۆ داپۆشینی لەشكركێشییە سەربازییەكەی لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریادا، وەرچەرخانێكی گەورەی بە ئۆپۆزسیۆنەكەی سوریا كردووە و رێك كردونی بە دوژمنی كورد نەك هی دیمەشق.
بیستەم: پێدەچێت ئەو گڵۆپە سەوزەی كە ترامپ بۆ ئەردۆگانی داگیرساند مەبەست لێی ئەوەبێت كە ئەردۆگان لە باوەشی روسیا دەربهێنێت. لەكاتێكدا كە پۆتین زۆر مەبەستێتی توركیا كە لە ناوجەرگەی پەیمانی ناتۆدایە وەك هاوپەیمانێكی گرنگی خۆی بیهێڵێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure