كۆمه‌ڵگە و ئامار

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

گه‌ر بزانیت وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى ئیسرائیل ساڵانه‌ له‌ سه‌دا چه‌ندی بودجه‌كه‌ى بۆ توێژینه‌وه‌ى زانستى ته‌رخان ده‌كات و مه‌رجى كاركردنى مه‌یدانى چه‌ند گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خوێندكارێك له‌ پسپۆڕییه‌كه‌ى خۆیدا خوێندن ته‌واو بكات، نهێنى پێشكه‌وتنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌مان بۆ ده‌ركه‌وێت و ده‌زانین بۆچى ره‌گه‌زى جوله‌كه‌ زۆرترین خه‌ڵاتى نۆبڵیان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانى زانست و هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا به‌ده‌ست هێناوه‌.

پێچه‌وانه‌كه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ میحنه‌تێكى گه‌وره‌ى دامه‌زراوه‌ زانستییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ ره‌سمیى و ناڕه‌سمییه‌كانیشدا ئه‌وه‌ى خراوه‌ته‌ لیستى خواره‌وه‌ى بایه‌خ و نرخ پێدانه‌وه‌ نه‌خشه‌دانان و به‌رنامه‌ى كورتخایه‌ن و مامناوه‌ند خایه‌نه‌.

كه‌م فه‌رمانگه‌ هه‌یه‌ زانیاریى پێویستى له‌سه‌ر بواره‌كه‌ى خۆى به‌ ژماره‌ له‌لا هه‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ئه‌وا له‌ فۆڵده‌رى كۆمپیوته‌رێكدا یان له‌ فایلێكى تۆز لێنیشتووى سه‌ر دۆڵاب و ره‌فه‌یه‌كدا سپێردراوه‌ به‌ دنیاى فه‌رامۆشى. له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و ژمارانه‌ ده‌توانن ببنه‌ رێنما و كلیلى چاره‌سه‌رى كێشه‌ و قه‌یرانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. هه‌ر بۆ نموونه‌ گرنگترین بابه‌ت كه‌ هاوسه‌رگیریى و جیابوونه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ نه‌ ئامارێكى ورد و زانستیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ریان نه‌ هیچ شیكاریى و لێكدانه‌وه‌یه‌كیش بۆ ده‌رهاویشته‌كانیان كراوه‌. 

به‌ وردى كه‌سمان نازانین رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ زیادى كردووه‌ به‌راورد به‌ رابوردوو یان هه‌ر له‌ سنوورى ئاساییدایه‌. ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌كان چ ره‌گ و ریشه‌یه‌كیان هه‌یه‌؛ كه‌لتوورین یان ئابوریى. سه‌رسامبوونه‌ به‌ كه‌لتوریى خۆرئاوا یان چه‌قبه‌ستنه‌ به‌ داب و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینییه‌كانه‌وه‌. ته‌ڵاق له‌كوێدا زۆرتره‌؟ له‌ ناوچه‌ هه‌ژارنشینه‌كاندا یان له‌ناو خێزانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان؟ رێژه‌ى ئه‌و ژنانه‌ چه‌ندن كه‌ ناچارن كار بكه‌ن بۆ به‌خێوكردنى خێزانه‌كانیان؟ ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌راورد به‌ رابوردوو چه‌نده‌ و چۆنه‌؟ ته‌مه‌نى هاوسه‌رگیریى چى به‌سه‌رهاتووه‌. كوڕان و كچانمان زووتر له‌ جاران هاوسه‌رگیریى ده‌كه‌ن یان دره‌نگتر؟ ئایا ئه‌و دیاردانه‌ى كه‌ هه‌ن و په‌یدابوون به‌شێكن له‌ كۆمه‌ڵه‌ دیارده‌یه‌كى جیهانى یاخود ته‌نیا تایبه‌تن به‌ كۆمه‌ڵى كورده‌وارییه‌وه‌؟ پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنه‌لۆجیاكان و ئاسانبوونى ده‌ستكه‌وتنى په‌یوه‌ندى چ كاریگه‌رییه‌كى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌ دیاریكراوى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى ژنان و پیاوان؟ ئایا ژن و پیاوى ئێستا وه‌ك جارى جاران ئاره‌زوومه‌ندى دروستكردنى خێزانن.

ده‌ستكه‌وتنى زانیاریى پێویست به‌ ژماره‌ و ورده‌كارییه‌كانى دیكه‌وه‌ زۆر پێویستن بۆ حكومه‌تى هه‌رێم و هه‌موو لایه‌نه‌كانى دیكه‌ تا بتوانن فریاى كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان بكه‌ون و له‌هه‌مان كاتدا به‌رنامه‌ دابڕێژن بۆ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانى ژیانى ئابوریى و كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌لتووریى كۆمه‌ڵگە. به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌ ته‌كنه‌لۆجیا به‌ خێرایى تیشك تێده‌په‌ڕێت كار و كاردانه‌وه‌ى ئێمه‌ هه‌ر هى سه‌رده‌مى ساڵانى شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابوردووه‌. تێڕوانینمان بۆ خێزان، دروستكردنى منداڵ، ئازادى، ئه‌ركه‌ ئابورییه‌كانى ژن و مێرد و تادوایى پێویستیان به‌ چاو پیاخشاندنه‌وه‌ى ورد و گشتگیره‌.

تۆ بڵێیت له‌ ئاستى ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تانه‌دا بین؟

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure