هەڵگەڕانەوە لە ئاین

بۆچوون / بیروڕا :: 16/05/2016

دواڕۆژ

نوسینی:زەنوێر فاروق مستەفا
"هەڵگەڕانەوە " لە ئیسلامدا مانای ئەوەیە کە کەسێک لە بیرۆکەیەکی دیاریکراوی ئایینی ئیسلام دەستهەڵگرێت و خۆی لێدووربخاتەوە، بەوەش کەسەکە دەچێتە بازنەی بێباوەڕەوە یاخود وەک دەستەواژە ئیسلامیەکە دەڵێت، کافریەوە. من لێرەدا دەمەوێت هەندێک ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەری خوا (د.خ) لەسەر ئەو بابەتە بەراورد بەکەم بۆ ئەوەی ڕوونببێتەوە کە ئایین چۆن لەو بابەتە دەڕوانێت. بیرۆکەی "هەڵگەڕانەوە لە ئایین" شتێکی نوێ نییە، چونکە هەر لەسەرەتای ئیسلامەوە، چەندین حاڵەتی لەو جۆرە بوونیان هەبووە. لە سەردەمی پێغەمبەر خۆیشیدا، یاسایەکی دیاریکراو و ڕوون نەبووە کە پێغەمبەر بەرامبەر بێ ئایینەکان وەستابێت و کوشتبێتنی، بەپێچەوانەوە، پێغەمبەر بڕوای بە ئازادیی هەڵبژاردن و هەڵنەبژاردنی ئیسلام هەبووە.  لێرەدا، من دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە چۆن ئیسلام هەرگیز پاڵپشتی ئاژاوە و توندوتیژی ناکات، بەڵام چۆن لە دوای مردنی پێغەمبەرەوە (د.خ)، بە چەند هۆکاری جیاواز، ئەو توندوتیژیە خراوەتە ئیسلامەوە و دەسەڵاتداران سوودیان لێبینیوە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، هەڵگەڕاوەکان لە ئیسلام لە زۆربەری وڵاتانی ئیسلامیدا کوژراون چونکە پێیانوابووە ئەوە جێبەجێکردنی یاسایەکی پیرۆزی خواییەوە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دەستبەسەر کۆمەڵگەدا بگرن و کوژراوەکانیش بکەنە نموونەیەک بۆ تەمبێکردن و ترساندنی کەسانی دیکە.


"ئەو خوێنەرانەی کە چاویان لەسەر سیاسەتی ئەوروپایە، ڕیان هیرسی علی، دەناسن کە خانمێکی بە ڕەچەڵەک سۆماڵیە و ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندایە، ناوبراو دووچاری چەندین هەڕەشەی کۆشتن بووەتەوە پاش ئەوەی هاوکاریی فیلمێکی کرد کە بەرهەمهێنرابوو لەسەر توندوتیژیی ناوخۆیی ئیسلام بەرامبەر ئافرەتان لەگەڵ دەرهێنەر تیۆ ڤان گۆغ (کە ئەمەش بۆخۆی تیرۆر کرا). هەتاوەکو پێش ئەو کاتەش، هێرشەکانی بۆسەر کەلتوری ئیسلامی و وەسفکردنی وەک "دڕەندە، دەمارگیر، جەختکەرەوە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ژنان" بووە جێگەی مشتومڕ و ناڕەزایی زۆر.  لەو گێڕانەوە دوودڵی و ناجێگیریەی ژیانی خۆی و ململانێ ناوەکیەکەی لەگەڵ ئیسلامدا، ئەیان ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن ئەو بیرۆکانەی بۆ دروستبوون لە ئەنجامی ئەزموونەکانی لە ناو ئاژاوە سیاسیەکانی سۆماڵ و وڵاتانی دیکەی ئەفریقا، کە تێیدا خودی خۆی کراوەتە قوربانی خەتەنەکردن و دواتریش هاوسەرگیریەکی نەخوازراو. جگە لە هەستکردنی بە تاوان لەسەر مردنی ڤان گۆغ، هێشتا دەنگی ئەیان پڕ هێز و ملنەدەرە، هەروەک ئیرشاد مانجی، ڕەخنەی توندی فێمینیستی ئاڕاستەی ئیسلام دەکات کە لە تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەی ئایینەوە وەریگرتووە." (ئەیان هیرسی علی)

1- تێڕوانینی قورئان لەسەر هەڵگەڕانەوە لە ئایین:
لە قورئانی پیرۆزدا چەندین ئایەت هەن باس لەو کەسانە دەکەن کە ئیسلام بەجێدەهێڵن، وەک ئەو ئایەتانەی سورەتی (کافیرون) : " بڵێ ئەی بێباوەڕینە، من ئەو بتانە ناپەرستم کە ئێوە دەیپەرستن، ئێوەش ئەو خوایە ناپەرستن کە من دەیپەرستم، و من ئەو خواپەرستیە ناکەم کە ئێوە دەیکەن، ئێوەش ئەو خواپەرستیە ناکەن کە من دەیکەم، ئایینی خۆتان بۆ خۆتان و ئایینی خۆم بۆ خۆم." (سورەتی کافیرون).

ئاینی پیرۆزی ئیسلام خودی خۆی هیچ پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیە ناکات کە هیچ کەسێک ئازاربدرێت یاخود بکوژرێت ئەگەر بڕیاری هەڵگەڕانەوەیان لە ئیسلام دا، بە پێچەوانەوە، قورئان پشتیوانی بیرۆکەی لێخۆشبوون و وازلێهێنانی ئەو کەسانە دەدات بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار بدەن بەبێ ئەوەی سزایەکی ڕوونی باسکردبێت.  بە هەمانشێوە ئایەتێکیش لە سورەتی (کەهف) سەبارەت بەو کەسانە هەیە کە باوەڕیان نییە و چۆن هیچ سزایەک لەلایەن خواوە دانەنراوە بۆ مرۆڤ کە بەسەر مرۆڤدا جێبەجێی بکات جگە لەو سزایەی کە خودی خودا خۆی دایناوە. ئایەتەکە دەفەرموێت :"پێیان بڵێ: حه‌ق هه‌ر ئه‌وه‌یه که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆتان ڕه‌وانه‌کراوه‌، جا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با باوه‌ڕ بهێنێت و ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با کافرو بێ باوه‌ڕ بێت، بێگومان ئێمه دۆزه‌خێکمان ئاماده کردووه بۆ سته‌مکاران که له هه‌موولایه‌که‌وه ده‌وره‌یان ده‌دات و دیواری بڵێسه‌ی ئابڵوقه‌ی داون، خۆ ئه‌گه‌ر هاوار بکه‌ن له ئازار و تینویه‌تیدا، ئه‌وه ئاو ده‌درێن به ئاوێکی گه‌رمی پیس و بۆن ناخۆش که وه‌کو خڵته‌ی کانزایی تواوه وایه‌، ئه‌وه‌نده‌ش گه‌رمه ده‌موچاویان هه‌ڵده‌کڕوزێنێت و ده‌یبرژێنێت، ئای که چه‌ند خواردنه‌وه‌یه‌کی تاڵ و ناخۆشه‌، چه‌نده جێگه‌ و ڕێگه‌یه‌کی پڕ له ئازاره‌. " (سورەتی کەهف ، 29).

بە پێی بۆچوونی محەمەد شەحرور، هەموو ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، هۆکاری دیاریکراوی خۆی هەیە کە پێویستە ڕەچاوبکرێت، بە هەمانشێوە ماوەی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر لە مەکكە و مەدینەش نابێت لە بیر بکرێت.

2- تێروانین و بۆچوونی پێغەمبەر لەسەر هەڵگەڕانەوە لە ئاین:
تێروانی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) لەو فەرموودەیەدا ڕووندەبێتەوە کە ئیبن عەباس و ئیکریمە دەیگێڕنەوە کە دەڵێت "هەرکەسێک ئایینەکەی گۆڕی، پێویستە بکوژرێت" کێشە لەم فەرموودەیەدا لەوەوە دێت کە ئەو کەسەی فەرموودەکەی گێڕاوەتەوە بۆ خەڵکی، ئیکریمە، کەسێکی خاوەن متمانە نییە هەروەک چۆن سەرجەم زانایان و خاوەن مەزهەبەکان کۆکن لەسەری. هەروەها لەسەردەمی پێشەوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەلدا کاتێک پرسیاریان سەبارەت بە ئیکریمە لێکرد، پێشەوا حەنبەل وەڵامی دایەوە: ئیکریمە کەسێکی خەڵکی دەرەوەی شاری مەککە بووە و ناوبانگێکی باشیشی نەبووە چونکە بەناوبانگ بووە بەوەی درۆزنە. کەسەکەی دیکە، ئیبن عەباس، کەسێکی خاوەن متمانە و بەڕێز بووە، بەڵام کێشەکە لەودا ئەوەیە کاتێک کە پێغەمبەر (د.خ) کۆچی دواییکرد، ئەو تەمەنی تەنیا 10 ساڵ بووە، هەروەک چۆن سەرجەم زانایانی ئیسلام هاوڕان لەسەری، لە نێوانیشیاندا ئیبن حەنبەل لە پەڕتوکی تەفسیرەکەیدا. بەڵگەی پێویست لەسەر ئەو فەرموودەیە نییە، ئەمەش وایکردووە کە زۆربەی زانایانی ئیسلام فەرموودەکە بەلاواز دادەنێن. (تەفسیری تەبەرانی).

3- هەڵگەڕانەوە لە ئایین لە وڵاتانی ئیسلامیدا:
وڵاتە ئیسلامییەکان باوەڕیان بە سزای هەڵگەڕاوە هەیە. زۆرێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان باوەڕیان بە سزاکە هەیە و بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێی دەکەن کە هەڵدەگەڕێنەوە لە ئیسلام و ئایینەکەیان دەگۆڕن بۆ ئایینێکی دیکە، یاخود هەتاوەکو کە دەبن بە ئەیسیست (بێباوەڕ). بەپێی بۆچوونەکانی عەبدوڵا ئەحمەد قادری، وەک لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی ( هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام و مەترسیەکانی بۆ سەر جیهانی ئیسلامی) باسی لێوەکردووە، هەڵگەڕانەوە لەوانەیە مانای "نکۆڵیکردن بێت لە خوا و ناوەکانی و ئەوەی کە دەتوانێت بیکات، شیرک، نکۆڵیکردن لە نەریتە ئیسلامیەکان، بڕوابوون بەوەی کە خوا دادوەر نییە، نکۆڵیکردن لە کتێبە پیرۆزەکانی خودا بەگشتی ، نکۆڵیکردن لە سەرجەم پێغەمبەرانی خودا، خۆشنەویستنی خودا و ئەنجامدانی هەرکارێکی ڕێگەپێنەدراو." لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامیدا، دەزگا هەواڵگیریەکان دەستوەردەدەنە حاڵەتی کەسی هەڵگەڕاوەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو کەسە کەسێکی تەواوە، هەروەها کەسێکی ئایینی خۆیان (شێخێکیان) بۆ دیاری دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیهێنێتەوە بۆ ناو ئیسلام، ئەگەر نا، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکوژرێن یاخود ئازاردەدرێن، بۆنموونە، ئەو حاڵەتەی ڕیهام عەبدولعەزیز، ناوبراو فشارێکی زۆری لێدەکرا بۆ ئەوەی کە ناوەکەی بگۆڕێت بۆ مەریەم تاوەکو لە ئازاردانی دەزگا هەواڵگیریەکان و خێزانەکەی ڕزگاری ببێت. ڕیهام لە ئاینی ئیسلامەوە بوو بە مەسیحی چونکە ئەو ئایینەی پێڕاستر بوو، بەڵام بڕیارەکەی بوو بە مایەی کارەسات، کاتێک کە خێزانەکەی و دراوسێکانیان پێیانزانی، چونکە هەر ئەوان خۆیان دەزگا هەواڵگیریەکانیان لێ ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی دەست وەربدەنە حاڵەتەکەیەوە. لە حاڵەتێکی دیکەدا لە وڵاتی سعودیە، ڕائیف بەدەوی، تەمەن 31 ساڵ، بڕیاریدا ڕایبگەیەنێت کە ئەو چیتر باوەڕی بە ئیسلام نییە پێویستە ئازادیی هەڵبژارنی ئایین هەبێت، بەڵام حکومەتی سعودیە دەستگیری کرد و سزای دە ساڵ زیندانی و یەک ملیۆن ڕیاڵی سعودی سەرپێچ بەسەردا دا.( skynews)
وەک محەمەد شەحرور دەڵێت، بە گشتی ئازادیی بیروڕا لە وڵاتانی ئیسلامیدا بوونی نییە لە کاتێکدا کەسێک بڕیاری دوورکەوتنە و وازهێنان لە ئایین دەدات. پێویستە کە هیچ دەستێوەردانێک لە لایەن حکومەتەوە بۆ سەر بیروڕای خەڵکی نەبێت چونکە ئەوان کاری تریان هەیە کە گرنگی پێبدەن نەک بیروڕای تایبەتی خەڵکی.

4- هەڵگەڕانەوە لە ئایین لە یاساکانی کوردستانی عێراقدا:
بەپێی وتەکانی شنە حەسەن کە خۆی بەڕێوەبەری بەشی کاروباری کەسییە لە دادگای سلێمانی، هەڵگەڕانەوە لە ئایین لە کوردستاندا تا ڕادەیەک جیاوازە لە سەرجەم وڵاتانی جیهانی ئیسلامی. لە کوردستاندا بەپێی یاسا هیچ سزایەک بۆ هەڵگەڕاوە و بێباوەڕنییە. لە دادگاکانی کوردستاندا، ئەو کەسەی کە دەکوژرێت بە بیانووی ئەوەی کە لە ئایین هەڵگەڕاوەتەوە، بکوژەکەی هیچ سزایەک وەرناگرێت جگە لەوەی کە دەبێت ئەویش بکوژرێتەوە. یاسای ئازادیی بیروڕا لە کوردستاندا کاری پێدەکرێت و یاساکەش ڕێگریی دەکات لەوەی هیچ کەسێک بەو هۆیەوە بکوژرێت، هەرچەندە کوردستان وڵاتێکی ئیسلامیە و زۆربەی یاساکانی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە، بەڵام لەم بابەتەدا، کوردستان پەیڕەوی قانونی مەدەنی دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و حکومەتەکەی.

5- هەڵگەڕانەوە لە ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا:
بەپێی وتەکانی مامۆستا مەلا محمەد، مامۆستای مزگەوتی دوودەرگا، بە هۆی ئەوەی لە کۆندا لە کوردستان کەسانێکی زۆر نەبوون لە ئاینی ئیسلام هەڵگەڕێنەوە، هەربۆیە "هەڵگەڕانەوە لە ئایین" تاوەکو ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو بەربڵاونەبوو. خێڵێک هەبوون بە ناوی (حەققە) لە ناوچەی سەرگەڵووی سەر بە سلێمانی. لە حاڵەتەکەی ئەواندا، هەموو ئەندامانی ئەو هۆزە بڕیاریاندا کە ئایینەکەیان لە ئیسلامەوە بگۆڕن بۆ بێ ئایینی، کاتێک کە خەڵکی پێیانزانین، هەوڵیاندا بیانگەڕێننەوە بۆ نێو ئیسلام لە ڕێگەی موناقەشەکردنی زۆر بابەتی جدی لەگەڵیان و باسکردنی ئەوەی کە ئیسلام چەند گرنگ و بەسوودە بۆیان، بەڵام ئەوان ڕازینەبوون و لەسەر بێباوەڕیی خۆیان مانەوە، لەو ڕۆژگارەدا، حاڵەتەکەیان زۆر دەنگیدایەوە، بەڵام هیچ دەسەڵاتدارێکی کوردی و عێراقی دەستێوەردانی نەکرد و نەیویست سزایان بدات.
 
6- هەڵگەڕانەوە لە ئیسلامەوە بۆ مەسیحی:
هەندێک حاڵەت هەن کە خەڵکی لە ئیسلامەوە هەڵگەڕاونەتەوە بۆ مەسیحی، بەڵام بە نهێنی ماوەتەوە، بەهۆی ئەو ئابڕوچوونە کۆمەڵایەتیەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەترسن بەخەڵکی بڵین.  وەک قەشە ئەیمەن عەبدولنور- ی پێشەوای ئایینی کەنیسەی (سەینت جۆزێف) لە سڵێمانی دەڵێت، کەنیسەکەیان چەندین داوای گۆڕینی ئاینیان پێدەگات لە ئیسلامەوە بۆ مەسیحی بەڵام خەڵکەکە ئەو ئازایەتیەیان نییە کە لە نێو خەڵکیدا ئاشکرای بکەن. ناوبراو ئاماژەشی بەوەدا کە هەندێک لەو کەسانە خەڵکی بەشەکانی دیکەی عێراقن بەڵام ئارەزوو دەکەن لێرەدا بمێننەوە بەهۆی ئەو ئازادییەی ئێرە کە لە شوێنی خۆیاندا بەدیی ناکەن.

7- هەڵگەڕانەوە لە ئیسلامەوە بۆ زەردەشتی :
حاڵەتی زەردەشتی لە سلێمانیدا جیاوازە چونکە لەوێ ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی هەن کە ئایینی خۆیان لە ئیسلامەوە دەگۆڕن بۆ زەردەشتی و ناشترسن لەوەی ئاشکرای بکەن. لە میانەی چاوپێکەوتنمدا لەگەڵ یوسف، ئەو پیاوەی کە لە سەنتەرێکی پەرەپێدانی بیری زەردەشتی لە سلێمانی کاردەکات، ناوبراو وتی هەزاران خەڵک هەن کە ئایینیان گۆڕیووە بۆ زەردەشتی لە کوردستاندا بەهۆی ئەو هەوڵانەی کە ئەمان داویانە. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە زەردەشتی لە هەرێمەکەدا هەن و وەک ئەو دەڵێت، زەردەشتی ئایینی دێرین و ئەسڵی کوردەکانە و هەموو پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەری. یوسف ئەوەشی وت تەنیا کێشەیەک کە هەیانە ئەوەیە کە هەرچەندە حکومەت ئازادییەکی زۆری پێداون بۆ ئەوەی کاربکەن، بەڵام بە شێوەیەکی یاسایی ڕێگەی پێنەداون لە دادگا ئایینەکەیان بگۆڕن.

 
دەرئەنجام :
چەندین بۆچوون لە ئاینی ئیسلامدا لەسەر حوکمی هەڵگەڕاوە هەیە، بەڵام ڕوونترینیان کە دەبێت کاری پێبکەین ئەوەیە کە لە قورئاندا هاتووە نەک لە فەرموودە لاوازەکەدا، چونکە ئەو فەرموودە لاوازە لە کەسێکی ئاساییەوە هاتووە نەک لە پێغەمبەر خودی خۆیەوە. بەپێی وتەکانی تەها جەبار عەلوانی، سەرۆکی زانکۆی ڤێرجینیای ئەمریکا، کە لە ڕەچەڵەکدا عێراقیە، لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاینی ئیسلام زۆر لەوەوە دوورە کە بڵێت ئەگەر کەسێک لە ئایینی ئیسلام هەڵگەڕایەوە دەبێت بکوژرێت. لە بارەی ئەو فەرموودەیەش کە دەڵێت" هەرکەسێک لە ئێوە لە ئایینەکەی هەڵگەڕایەوە، بیکوژن" ، ناوبراو لە کتێبەکەیدا دەڵێت :" ئەو فەرموودەیە بەرپەرچدانەوەی پێغەمبەر بووە وەک چۆن لە ئایەتێکی سورەتی (ئالعیمران)دا ئاماژەی بۆکراوە. 

مشتومڕی ئازادیی بیروڕا و ئایین وەک مافێکی مرۆڤ، نەک تەنیا لە جیهانی خۆرئاوادا بەڵکو لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت. بۆ ئەو موسڵمانانەی کە نیگەرانن لەسەر ئەو ئازادییە، یەکێک لە گرفتە بنەڕەتیەکان بریتیە لە "سزادانی هەڵگەڕاوە" سزای مردن بۆ ئەو کەسانەی لە ئیسلام هەڵدەگەڕێنەوە. ئەم کتێبە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە یاسای هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام و سزای هەڵگەڕاوە بە کوشتن هیچ پاڵپشتێکی ڕاستەقینەی لە جیهانی مۆدێرنەدا نییە. سزای هەڵگەڕانەوە پێچەوانەیە لەگەڵ زۆرێک لە تێکستەکانی ئیسلام و بنەماکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتیتر مافی هەڵبژاردنی ئایین. لەگەڵ  نیشاندانی گەشەسەندنی سەرەتایی یاسای هەڵگەڕاوە وەک کەرەستەیەکی سیاسی و جیۆگرافی، نووسەر چەندین بیروڕای جیاوازی موسڵمانانی پێشووی لەسەر سزای هەڵگەڕاوە نیشانداوە، تیشکیشی خستووەتە سەر ئەو ناڕوونیەی لەسەر یاسای هەڵگەڕاوە هەیە، ئەو سروشتە کێشەدارەی کە لەسەر تێکستە بەڵگەکان هەن کە یاسای سزادانی هەڵگەڕاوەی لەسەر بنیاتنراوە و ئەو پشتگوێخستنەی کە دەکرێت لەو ژمارە زۆرەی تێکستە قورئانیە ڕوونەکان کە باس لە ئازادیی بیروڕاو ئایین دەکەن. نووسەر لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو گرفتە بەرچاوانە دەکات کە جێبەجێکردنی سزای هەڵگەڕاوە لە ناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵگەی ئیسلامیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بەتایبەتیتر لێکۆڵینەوە کراوە لەسەر ئەوەی کە چۆن یاسای هەڵگەڕانەوە و سزاکەی لە وڵاتێکی فرە ئاینی وەک مالیزیا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئەو گرفتانە چین کە لەو ڕێگەیەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە. نووسەر چەند مشتومڕێکی زانا ناودارەکانی جیهانی ئەمڕۆ موناقەشە دەکات لەسەر ئازادیی ڕەهای ئایین و نەهێشتنی سزای هەڵگەڕاوە(عەبدوڵا سەعید حەسەن سەعید).

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە زمانی ئینگیلیزیەوە تەرجەمە کراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure