كوڕانى گه‌ڕه‌ك و دنیاى نه‌جیب مه‌حفوز

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

نووسینى: عه‌بدولجه‌بار نورى
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

گه‌وره‌یى نه‌جیب مه‌حفوزى نووسه‌ر ته‌نیار هه‌ر له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ یه‌كه‌مین ئه‌دیبى عه‌ره‌ب بێت خه‌ڵاتى نۆبڵى بوارى ئه‌ده‌بى پێ به‌خشرابێت، به‌ڵكو به‌رهه‌مه‌كانى بوونه‌ته‌ یادگه‌ى خه‌ڵكى میسر و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى.

كه‌لتوور و رۆشنبیریى میسر به‌بێ چیرۆك و رۆمانه‌كانى نه‌جیب مه‌حفوز خه‌وشێكى گه‌وره‌ى تێدا دروست ده‌بێت. چونكه‌ زۆر لێهاتووانه‌ چه‌مكى مۆدێرنیته‌ى له‌ كه‌لتووریى میسریدا داڕشتووه‌ و شانبه‌شانى گه‌شه‌كردنه‌ كۆمه‌ڵناسییه‌كه‌ به‌شدارى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنه‌وه‌ى مرۆڤى میسریدا. داهێنه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌ى كردووه‌ له‌گه‌ڵ كه‌لتوور و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵگاكه‌ى خۆیدا و له‌ ئاستێكى ئه‌ده‌بى هێنده‌ ناوازه‌دا بووه‌ كه‌ چه‌پ و راست و كۆن و نوێ شانازییان پێوه‌ كردووه‌، وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى ئه‌ده‌بیى و هونه‌ریى سه‌قامگیر.

ستایڵى نووسینى مه‌حفوز له‌وه‌دا تایبه‌ته‌ كه‌ چیرۆكى میللى و رووداوه‌ مێژووییه‌كانى پێكه‌وه‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌. هێماكار و واقیعییه‌كه‌ى سیحربازیى ده‌ستڕه‌نگینى گه‌وره‌ بووه‌، بۆیه‌ هه‌موو نووسینێكى چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت.

یه‌كێك له‌ رۆمانه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى ئه‌م نووسه‌ره‌ رۆمانى كوڕانى گه‌ڕه‌ك (اولاد حارتنا) كه‌ مه‌حفوز پاش شۆڕشى 1952ى میسر نووسیویه‌تى، واته‌ دواى ئه‌وه‌ى كه‌ بینیویه‌تى شۆڕش له‌ ره‌وتى خۆى لاده‌دات و به‌ڵێن و دروشمه‌كانى پێشێل ده‌كات. پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى توندوتیژى كه‌لله‌ڕه‌قى خۆسه‌پێنه‌، كه‌ چه‌ندین ژنى هه‌یه‌.

لێكدانه‌وه‌ى جیاواز كراوه‌ بۆ ئه‌م پاڵه‌وانه‌ به‌ڵام زوربه‌ى لێكدانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ پاڵه‌وانى رۆمانه‌كه‌ هێمایه‌ بۆ حكومه‌ته‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان كه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌مى فیرعه‌ونه‌كانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌فسه‌ره‌كانى كوده‌تاى ته‌مووزى 1952 حوكمى میسریان كردووه‌. رۆمانه‌كه‌ زۆر وه‌ستایانه‌ مه‌سه‌له‌ چینایه‌تییه‌كانیش ده‌وروژێنێت و له‌ڕێى به‌رجه‌سته‌كردنى به‌ها مرۆییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست ده‌بات بۆ په‌یامى پێغه‌مبه‌ره‌كان له‌ دادپه‌روه‌ریى و راستیى و به‌خته‌وه‌ریى رۆحیدا.

وێناكردنى برسێتى و ترس و كوێره‌وه‌ریى و جیاوازییه‌ گه‌وره‌كانى نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاران، وروژاندنى یاساكانى میرات دابه‌شكردن، كۆمه‌ڵه‌ بابه‌تێكن كه‌ رۆماننووس بوێرانه‌ سه‌رمایه‌گوزارى تێدا كردوون و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ناوه‌نده‌ دینییه‌كانى میسر پێى سه‌غڵه‌ت بوون.

نه‌جیب مه‌حفوز قفڵى ئه‌م رۆمانه‌ى داوه‌ته‌ ده‌ست كه‌سایه‌تییه‌ك كه‌ هێمایه‌ بۆ زانست. نووسه‌ر به‌مه‌ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت كه‌ چاره‌سه‌رى مه‌ینه‌تییه‌كان و بێداربوونه‌وه‌یان له‌ خه‌وى غه‌فڵه‌ت ته‌نیا و ته‌نیا هه‌ر زانسته‌. ئه‌گه‌رچى نه‌جیب مه‌حفوز له‌و رۆمانه‌یدا پشتى به‌ دوو كۆڵه‌كه‌ى گه‌وره‌ى نه‌گۆڕه‌ ئاینییه‌كان به‌ستووه‌، كه‌ بریتین له‌ نه‌مریى خوداوه‌ند و له‌ناوچوونى مرۆڤ به‌ڵام پیاوانى ئاینیى به‌تایبه‌ت ئیخوانه‌كانى میسر و پاشتریش رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌ و به‌رهه‌مه‌كانى دیكه‌ى ئه‌م نووسه‌ره‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌یان كرده‌ ئامانجى هێرش و په‌لاماره‌كانیان.

دیاره‌ ئه‌فسه‌ره‌كانى شۆڕشى بورجوازیى و پیاوانى سه‌رده‌مى پاشایه‌تى و ته‌نانه‌ت ئه‌زهه‌رییه‌كانیش ئه‌م جۆره‌ بیركرنه‌وه‌یه‌ى مه‌حفوزیان قبووڵ نه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و به‌ ئاشكرا به‌رپه‌رچى ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌دایه‌وه‌ كه‌ پێیان وابوو له‌دواى شۆڕشى 1952 قۆناغى تازه‌ دێته‌ ئاراوه‌ و ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌گۆڕێت. نه‌جیب مه‌حفوز له‌و رۆمانه‌دا پێمان ده‌ڵێت مێژووى ناوچه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ بتێك ده‌ڕوخێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتێكى دیكه‌ دروست بكرێت، سته‌مكار ده‌ڕوات به‌ڵام سته‌م هه‌ر ده‌مێنێت.

جوانترین خاڵى ناو ئه‌م رۆمانه‌ نه‌مره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بانگه‌واز ناكات بۆ جه‌نگ و كوشتار به‌ڵكو داواى گفتوگۆ و ئاشتى ده‌كات. نه‌جیب مه‌حفوز به‌ هیوایه‌كى گه‌شه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئاینده‌ و له‌و رۆمانه‌دا پێمان ده‌ڵێت كه‌ سه‌رئه‌نجام مرۆڤ سه‌رده‌كه‌وێت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ملهوڕ و داروده‌سته‌ تاوانبار و گه‌نده‌ڵه‌كانیدا.

نه‌جیب مه‌حفوز نووسه‌رى چینى بۆرجوازیى بچوكى رووت و ره‌جاڵه‌، كه‌ له‌ پێناوى مانه‌وه‌ و سه‌لماندنى خۆیدا خه‌بات ده‌كات و ئازار ده‌چێژێت. ئه‌و له‌ هه‌موو كه‌س باشتر له‌ چینى ناوه‌ڕاست تێگه‌یشتووه‌ و توانیویه‌تى گوزارشت بكات له‌ ورده‌كارى ژیانى ئه‌م چینه‌ و له‌و بارودۆخه‌ مێژوویى و شارستانییه‌ى كه‌ تێیدا ده‌ژى. نه‌جیب مه‌حفوز نووسه‌رێك بوو كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى غه‌یب په‌رستى خۆرهه‌ڵاتدا به‌رگرى ده‌كرد له‌ دیموكراسى پێشكه‌وتنخواز.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure