فه‌یله‌سوف و عیشق

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا


(كه‌ عاشق بوویت و ویستت چێژ له‌و هه‌سته‌ت وه‌ربگریت شیعر بخوێنه‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جۆش و خرۆشت به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ سۆزدارییه‌كه‌ت داى له‌ كزیى، ده‌روونناسى بخوێنه‌ره‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ت جیابوویته‌وه‌ و ویستت خۆت بخه‌یته‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ به‌بێ ئه‌و حاڵت باشتره‌ فه‌لسه‌فه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌).

(جۆنا فانهایت) به‌و رستانه‌ى سه‌ره‌وه‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى خۆى ده‌ستپێده‌كات كه‌ ناوى لێناوه‌ (گریمانه‌ى به‌خته‌وه‌ریى).

نووسه‌ر ده‌پرسێت بۆچى خۆشویستنى خودا و دراوسێ و راستیى و جوانیى خۆشه‌ویستییه‌كى قبووڵكراوه‌، به‌ڵام خۆشه‌ویستى سۆزداریى و سێكسى قابیلى قبووڵ نییه‌؟!

نووسه‌ر بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ گوزه‌رێك ده‌كات به‌ هه‌ڵوێستى فه‌لسه‌فه‌كانى خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، بۆ نموونه‌ قسه‌یه‌كى (بودا)مان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سێكسییه‌ى كه‌ پیاو به‌ ژنه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ چه‌نده‌ لاوازیش بێت ده‌توانێت رێ له‌ ئازادبوونى ئه‌قڵ بگرێت. پیاوه‌كه‌ په‌یوه‌ست ده‌كات به‌ ئافره‌ته‌كه‌وه‌ وه‌ك چۆن گوێره‌كه‌ ناتوانێت واز له‌ مانگاكه‌ى دایكى بهێنێت.

ئایینى هیندۆسیش ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى پیاو له‌سه‌ر زه‌ویدا گه‌نده‌ڵ ده‌كات سروشتى ئافره‌ته‌.

كۆنفۆشیۆسیش ده‌ڵێت: كه‌سێكم نه‌دیوه‌ هێنده‌ى حه‌زى له‌ سێكسه‌ ئه‌وه‌نده‌ حه‌زى له‌ ره‌وشته‌ به‌رزه‌كان بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش هه‌ندێك لقى تازه‌ى بودى، بۆ نموونه‌ ده‌لاى لاما، خۆشه‌ویستى رۆمانسییان قبووڵه‌ و هانى ده‌ده‌ن.

له‌ فه‌لسه‌فه‌ى خۆرئاواشدا، قسه‌كه‌ى سۆكرات زۆر به‌ناوبانگه‌، كه‌ ده‌ڵێت: خۆشه‌ویستى وه‌كو نه‌خۆشى وایه‌. سۆكرات ده‌ڵێت ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ى كه‌ ئامانجه‌كه‌ى دروستكردنى منداڵ و فێركردن و ژیریى بێت خۆشه‌ویستییه‌كى قبووڵكراوه‌. حه‌زكردن له‌ جه‌سته‌یه‌كى جوان پێویسته‌ ببێته‌ هۆى خۆشویستنى جوانیى به‌شێوه‌یه‌كى گشتى. نه‌ك ته‌نیا خۆشویستنى ئه‌و جه‌سته‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌بێته‌ خۆشه‌ویستییه‌كى نه‌خۆش.

ره‌وته‌ فه‌لسه‌فییه‌كانى دیكه‌ى خۆرئاوا ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ بایه‌خ به‌ چێژ ده‌ده‌ن، دژى خۆشه‌ویستین و پێیانوایه‌ جۆرێكه‌ له‌ برین و شێرپه‌نجه‌.

ئایینى مه‌سیحیش هه‌مان رێگاى گرته‌به‌ر. له‌و ئایینه‌دا خۆشه‌ویستى زیاتر مه‌سه‌له‌یه‌كى رۆحییه‌ نه‌ك جه‌سته‌یی، واته‌ خۆشویستنى خودا و چاكه‌یه‌.

نووسه‌رى كتێبه‌كه‌ ده‌ڵێت به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌م هه‌موو دژایه‌تیكردنه‌ى عیشق، من پێم باشتره‌ له‌ جیهانێكدا بژیم كه‌ كه‌سێك هه‌بێت ته‌نیا منى خۆشبوێت و منیش ته‌نیا ئه‌وم خۆشبوێت. تاقیكردنه‌وه‌ زانستییه‌كانیش له‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌ باڵاكانى وه‌كو مه‌یمون سه‌لماندویانه‌ خۆشه‌ویستى ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى بوونه‌وه‌ره‌كه‌ میهره‌بانتر و به‌خشنده‌تر بێت.

كه‌واته‌ بۆچى بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ دژایه‌تى خۆشه‌ویستى ده‌كه‌ن؟

ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ خۆشه‌ویستى وامان لێده‌كات به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌قڵ و لۆجیكه‌وه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌. له‌كاتێكدا كه‌ یه‌كگرتوویى كۆمه‌ڵگاكان به‌رهه‌مى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌قڵانیى و لۆجیكین.

هۆكارێكى گرنگى دیكه‌ مه‌سه‌له‌ى مه‌رگه‌، ترس له‌ مردن و زانینى ئه‌و راستیه‌ى كه‌ ئێمه‌ى مرۆڤ ده‌مرین وامان لێده‌كات حه‌زنه‌كه‌ین وه‌كو ئاژه‌ڵه‌كان بین، كه‌ به‌ ئاشكرا مه‌یلیان به‌لاى یه‌كتریدا ده‌چێت و بێهووده‌ سێكس ده‌كه‌ن. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م ژیانه‌ بێ به‌قایه‌مان واتایه‌كى هه‌بێت.

هه‌وڵى جیاكردنه‌وه‌ى خۆشه‌ویستى له‌ سێكس و گرێدانى خۆشه‌ویستى به‌ مه‌سه‌له‌ رۆحانییه‌كان و خۆشه‌ویستى خوداوه‌ هیچ نین جگه‌ له‌ ئامرازێكى به‌رگریى به‌رامبه‌ر ترسى مه‌رگ.

دنیاى ئه‌مڕۆمان جیاوازه‌ له‌ جیهانیى بیرمه‌نده‌كانى كۆن، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌یڕه‌وى له‌ هه‌موو ئامۆژگارییه‌كانیان نه‌كه‌ین و ئه‌وانه‌یان لێهه‌ڵببژێرین كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و ژیانى ئێستاماندا ده‌گونجێن. پێویسته‌ حیكمه‌تى تایبه‌تى خۆمان بدۆزینه‌وه‌ كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئێمه‌دا نه‌ك بارودۆخى ئه‌وان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure