نەخۆشییەكانی ئازادیی

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

ئامادەكردن و وەرگێڕان: دواڕۆژ
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدن
نووسەر و راگەیاندكاری عەلمانی فڕەنسا (فیلیپ پاسكۆ) لە نووسینێكیدا دەڵێت"ئازادیی ئەگەر بەكاری نەهێنیت و لەگەڵیدا نەژیت نەخۆش دەكەوێت و لەناودەچێت".
ئەم نووسەرە فڕەنسییە بەردەوام دەنووسێت و رەخنە لە سیاسەتی فڕەنسی دەگرێت. لەسەر نووسینەكانیشی زۆرجار دادگا غەرامەی دەكات. 
ئەگەر سەرنج لە بارودۆخی ئێستای ئەوروپا بدەیت، بەئاشكرا هەست دەكەیت ئەو ئازادییەی كە پەنجا-شەست ساڵ لەمەوبەر لە كوچە و كۆڵان و زانكۆ و قاوەخانەكانی فڕەنسادا هەبوو، ئێستا پیر بووە و نەخۆشكەوتووە یان با بڵێین چووەتە قۆناغی پیریی و نەخۆشیی و دیارنەمانەوە. بێلایەنە و گوێناداتێ‌. كەمتەرخەمە و مەسەلە گرنگەكان پشتگوێ‌ دەخات. هەندێك لێكدانەوەی ئاینیی و ئایدیۆلۆجی قبووڵ دەكات بەتایبەت لێكدانەوە شەریعەتییەكان. بۆ نموونە: حیجاب و نیقاب و نوێژكردن لەسەر شەقامەكان و هەبوونی قوتابخانە ئاینییەكان. ئەمە لە وڵاتێكدا كە خەباتی كردووە و تێكۆشاوە و رووبەڕوویی كەنیسە وەستاوەتەوە كە كۆنترۆڵی هەموو یاسا و دابونەریتەكانی كردبوو، تا گەیشتە گەورەترین سەركەوتنی سیاسیی و كۆمەڵایەتی. بە داڕشتنی یاسای 1905 كە یاسای جیاكردنەوەی دینە لە دەوڵەت، فڕەنسا پێشی زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەكانی دایەوە، چونكە ملیۆنەها كۆچبەری هاتوو لە ئەفریقا و ئاسیاوە رۆژبەڕۆژ روویان تێدەكرد و بەردەوام بەرهەمی زیاتریان پێشكەش دەكرد.
ئێستا ئەو وڵاتە گەیشتووەتە قۆناغێك كە رادەستی هەوڵی لەناوبردنی یاسا و مەرجە عەلمانییەكان بووە، ئەو مەرج و یاسایانەی كە لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەكدا فڕەنسا پێشەنگی جیهانی شارستانی بوو تیایاندا. لەژێر پەردەی ئازادییەكانی بیروباوەڕدا ئێستا فڕەنسا تەقینەوە و لێكدانەوە و دزەكردنی گروپ و كۆمەڵە تیرۆریستیەكان قبووڵ دەكات و لەو پێناوەیشدا ملیۆنەها دۆلار و یورۆ خەرج دەكات.
ئێستا زۆر ئاساییە ببینیت هەزاران كەس جادەیەكی گەورەی لەندەن و پاریس و كوێ‌ و كوێیان داخستووە و نوێژی تێدادەكەن. ئەگەر دەوڵەتیش بیەوێت كاردانەوەیەك بنوێنێت، ئەوا بەناوبانگترین پارێزەر و راگەیاندكار و پسپۆڕ و چاودێر بەرگرییان لێدەكەن. ئەم لێكدانەوە نەزۆكانە ئازادیی نەخۆشدەخەن و پیر و ماندووی دەكەن.
بەشبەشكردنی ئازادی و قبووڵكردنی لێكدانەوەی دژ بە بناغە سەرەكییەكانی ئازادی، دەبنە هۆی مردنی ئازادی. ئەم جۆرە لێكدانەوە ناتەواوە دەیەوێت جەستە ساغ و سەلیمەكەی ئازادی ژەهراویی بكات هەر بەناوی ئازادیی خۆیەوە، بۆ كوشتنی هەموو ئەو ئازادییانەی كە ساڵەهای ساڵ رەنجیان بۆ كێشراوە. خۆرئاوا ئێستا لە خەوێكی قووڵدایە و لەولایشەوە ملیارەها دۆلار خەرج دەكرێت بۆ شێواندن و لەناوبردنی ئازادی. بەتایبەت هەڵگرانی بیری وەهابیی چەكدار كە دژی هەموو مافە سروشتییەكانە و ناكۆكە لەگەڵ جیهانی ئازاد و دیموكرات-دا.

پ: ل. م

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure