هاوارى سۆشیالیزم

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینى: عه‌بدول گوڵپه‌ریان
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: س. ش

ئه‌مڕۆ جیهان به‌گشتى و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تى رووبه‌ڕووى گۆڕانكاریى خێرا بوونه‌ته‌وه‌ و چركه‌ به‌چركه‌ بارودۆخه‌كان نائارامتر ده‌بن.
پشێوى و ناسه‌قامگیرییه‌كى كه‌م وێنه‌ ته‌نگیان به‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ هه‌ڵچنیوه‌ و له‌ ئاكامیاندا ملیۆنه‌ها مرۆڤ ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان بوون، به‌تایبه‌ت هه‌ژاره‌ بێ ده‌ره‌تانه‌كانى ناوچه‌كه‌.
كاره‌ساته‌كه‌ هێنده‌ جه‌رگبڕه‌ كه‌ (ئه‌نتۆنیۆ گۆتریش)ى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى سه‌ركرده‌ى وڵاتانى جیهان كرد، وه‌ك ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر گوێ له‌ خواست و داواكارییه‌كانى خه‌ڵكى بگرن.
گۆتریش به‌ دیاریكراوى مه‌به‌ستى له‌ رووداوه‌كانى لوبنان و عێراق و چیلىیه‌ و داوا ده‌كات كاربه‌ده‌ستان ئاگایان له‌ ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكه‌كه‌ بێت و گوێ له‌ داواكارییه‌كانیان بگرن و دادپه‌روه‌رانه‌ ره‌وتى جیهانگیریى په‌ره‌پێبده‌ن و تێبكۆشن بۆ چاككردنى په‌یمانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌رنج له‌ قسه‌كانى ئه‌م بوكه‌ڵه‌ گوێڕایه‌ڵه‌ى سه‌رمایه‌داریى جیهانى بده‌ین تێده‌گه‌ین كه‌ وه‌زعه‌كه‌ هێنده‌ كاره‌ساتباره‌ كه‌ ته‌نانه‌ت گۆتریشیش نه‌یتوانى خۆى لێ بكات به‌ كه‌ڕه‌ى شه‌ربه‌ت.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ گۆتریش كه‌ له‌ قسه‌كانیدا ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كى زۆر به‌دى ده‌كرێت هیچ مه‌به‌ستى نییه‌ و داوا ناكات كێشمه‌كێشه‌كه‌ له‌ ره‌گ و ریشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت به‌ڵكو زیاتر چاوداگرتنێكه‌ له‌ سه‌رۆكى وڵاتان، كه‌ تكایه‌ ئاگادارى خۆتان بن چونكه‌ دوور نییه‌ ناڕه‌زایى و راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانى ناوچه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و پیسیى و خاشاك و دیارده‌ قێزه‌ونانه‌ رابماڵێت كه‌ ده‌رهاویشته‌ى سه‌رمایه‌داریى و ره‌وتى ئیسلامى سیاسى توندڕه‌وه‌.
شه‌پۆلى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌ هه‌بوونى ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى تێدا ده‌كرێت، شانبه‌شانى بڵاوبوونه‌وه‌ى بیرى توندڕه‌وى مه‌زهه‌بى و به‌رده‌وامبوونى ئاواره‌بوون و سه‌رگه‌ردانبوونى خه‌ڵكى سڤیلى بێ چاره‌ و له‌وانه‌ش خراپتر ره‌شه‌كوژییه‌كه‌ى سوریا گۆتریشیان ناچار كرد كه‌ پاسه‌وانه‌كانى سیستمى سه‌رمایه‌داریى جیهانى نۆكه‌ره‌كانیان ئاگادار بكاته‌وه‌.
به‌ڵام ئاستى وشیارى خه‌ڵك له‌ ئاستێكدایه‌ كه‌ بزانێت جه‌وهه‌رى مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ بنبه‌ست گه‌یشتنى سیستمى سه‌رمایه‌داریى هاوچه‌رخه‌ و ئه‌وه‌ى كه‌ بست به‌ بستى گۆى زه‌وى كردووه‌ته‌ ئاگردانێك بۆ دانیشتوانه‌ بنده‌سته‌كه‌ى، ته‌نیا و ته‌نیا سه‌رمایه‌داریى خوێن خۆر و رێكخراوه‌ ئیفلیجه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.
هه‌ژاریى و ده‌ربه‌ده‌ریى و بێ كاریى و نه‌بوونى ئارامیى و ئاسایش و وێرانكردن و پیسكردنى ژینگه‌ و قیت بوونه‌وه‌ى ره‌وته‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان هێنده‌ ئاشكرا و قێزه‌ونن كه‌ میلله‌تان چیتر پێیان قبوڵ ناكرێت و رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.
دیمه‌نى رۆژانه‌ى ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ گشتگیرییه‌ له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا به‌ ئاشكرا ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ئه‌م نه‌زمه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ رزیوه‌ى جیهان ئێكسپایه‌ر بووه‌ و چیتر ناتوانێت درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و تاوانه‌كانى بدات. ئه‌وه‌ نه‌ما بتوانێت به‌ دروستكردنى گروپ و تاقمى تیرۆریستى وه‌ك داعش و قاعیده‌ درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و خوێن مژینى هه‌ژاران بده‌ن.
ئه‌مڕۆ رۆژى ته‌قینه‌وه‌ى ئازاره‌ په‌نگخواردووه‌كانى چه‌وساوه‌كانه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى وڵاتانى ناوچه‌كه‌، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ى كه‌ خوازیارى ژیانێكى هاوچه‌رخ و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure