ترامپ و جه‌نگه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
سه‌رۆك ترامپ ده‌ڵێت نایه‌وێت وڵاته‌كه‌ى بگلێنێته‌ جه‌نگه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه‌، كه‌چى بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى خۆى له‌ قه‌ته‌ردا رۆژ به‌ڕۆژ گه‌وره‌تر و چالاكتر ده‌بێت. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پاره‌یه‌كى زۆر بۆ گه‌شه‌پێدانى ئه‌و بنكه‌یه‌ خه‌رج ده‌كات و ده‌یه‌وێت بیكاته‌ گرنگترین بنكه‌ى ئاسمانیى ئه‌مریكا له‌ هه‌موو خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا.

من پێموایه‌ هۆكاره‌كه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازییه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا.

جارێكیان سه‌رۆك ترامپ وتى ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ئیتر هه‌قى نه‌بێت به‌سه‌ر شه‌ڕه‌ بێ كۆتاییه‌كانى جیهانه‌وه‌ كه‌چى له‌هه‌مان كاتدا هێزى زیاتر ده‌نێرێت بۆ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى له‌ قه‌ته‌ر كه‌ تائێستا ژماره‌ى سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان تیایدا به‌ره‌و حه‌وت هه‌زار ده‌چێت. ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ له‌هه‌مان كاتدا چاوه‌ڕێى كۆمه‌ڵێك فڕۆكه‌ى جه‌نگى هه‌ره‌ پێشكه‌وتوون وه‌ك فڕۆكه‌ى F22 و فڕۆكه‌ى بۆمب هاوێژى  B52.

ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هێشتا له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا چه‌ند ئاله‌نگارییه‌كى سیاسیى له‌به‌رده‌مدایه‌. له‌وانه‌ جه‌نگى ئه‌فغانستان و گرژى و ئاڵۆزییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێراندا و هه‌ڕه‌شه‌ى پاشماوه‌ى چه‌كداره‌كانى داعش له‌ سوریا و عێراقدا و بارودۆخه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى باكوورى سوریا كه‌ واشینتۆن پشتگیریى له‌ كورد ده‌كات له‌و ناوچه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ جه‌نگى یه‌مه‌ن كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پشتیوانى له‌و هاوپه‌یمانییه‌ ده‌كات كه‌ سعودییه‌ سه‌ركرده‌یه‌تى.

حكومه‌ته‌كه‌ى ترامپ پێیوایه‌ بنكه‌ى سه‌ربازییه‌كه‌ى قه‌ته‌ر له‌ ناوه‌ندى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدایه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و بنكه‌یه‌ له‌لاى خۆرهه‌ڵاتیه‌وه‌یه‌تى. له‌ مانگى ته‌مووزى رابوردوودا ترامپ له‌ كۆشكى سپى پێشوازى كرد له‌ میرى قه‌تره‌ و باسى مامه‌ڵه‌ى كڕینى چه‌كى ئه‌مریكیى كرد له‌لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه‌. ترامپ له‌ دنیایه‌كى تردایه‌ بۆیه‌ مه‌ترسییه‌ راسته‌قینه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست نابینێت.

ئه‌و له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئێراندا كشایه‌وه‌، كه‌ ساڵى 2015 ئیمزاكراوه‌ و باوه‌ڕیش ناكه‌م جارێكى دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌. له‌وه‌ گرنگتر مه‌سه‌له‌ى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا كه‌ ره‌نگه‌ جه‌نگێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌.

ئابووریى ئێران پاشه‌كشێیه‌كى زۆر گه‌وره‌ى كردووه‌ و به‌رهه‌مهێنانى ئه‌و وڵاته‌ به‌ رێژه‌ى 90% كه‌میكردووه‌.

له‌ولاشه‌وه‌ جه‌نگى دژى حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن كه‌ سعودییه‌ سه‌ركردایه‌تى هاوپه‌یمانییه‌كى عه‌ره‌بى ده‌كات دژى ئێران. كه‌ ئێران لایه‌نى حوسییه‌كان ده‌گرێت كه‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌بێكى شیعیین جیاواز له‌وه‌ى ئێران. سعودییه‌ دژى رژێمى سوریا و دژى حوسییه‌كانى یه‌مه‌نه‌، چه‌ند ده‌وڵه‌تێكى دیكه‌ى كه‌نداو و ده‌ره‌وه‌ى كه‌نداویش هه‌مان بیروبۆچونى ریازیان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌و دوو وڵاته‌.

ترامپ بێجگه‌ له‌مانه‌ بڕى 4 ملیار دۆلار هاوكارى ده‌ره‌كى وه‌ستاندووه‌ كه‌ ئامانج لێى چاره‌سه‌ركردنى خه‌ڵكه‌ له‌ نه‌خۆشى ئیبۆلا و پشتگیریكردنى ئاشتى و سه‌قامگیرییه‌ له‌ ئه‌فریقادا و دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كاره‌ بۆ گه‌نجان له‌ وڵاتى ئوردوندا بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بنه‌ لایه‌نگرى بزووتنه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان، و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى دیكه‌ى گرنگتر.

ئه‌م بڕیاره‌ى ترامپ ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆنگرێس نه‌توانێت له‌ كۆتایى ساڵى دارایى ئه‌مساڵدا (كۆتایى تشرینى یه‌كه‌م) نه‌خشه‌كه‌ى بوه‌ستێنێت. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ بودجه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا له‌ 716 ملیار دۆلاره‌وه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 733 ملیار دۆلار.

ئه‌م بڕه‌ بودجه‌یه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا پێیبه‌خشراوه‌ به‌قه‌ده‌ر بودجه‌ى سه‌ربازیى هه‌موو ئه‌و حه‌وت ده‌وڵه‌ته‌یه‌ كه‌ له‌ خه‌رجیى سه‌ربازیدا له‌دواى واشینتۆنه‌وه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure