ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى: كۆتایى قۆناغێك یان كۆتاییهاتنى رۆڵ؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە


نووسینى: به‌سام ئه‌لڕیاحى
ئاماده‌كردن: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

هه‌واڵى گه‌وره‌ى ئه‌مڕۆى سه‌رجه‌م ئاژانس و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن، كوشتنى سه‌ركرده‌ى داعش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى-ى و نۆ كه‌س له‌ یاوه‌ره‌كانى و ژن و منداڵه‌كانى بوو.

خۆشاردنه‌وه‌ى به‌غدادى له‌و شوێنه‌ى باكوورى سوریادا كه‌ گۆڕه‌پانى كرده‌وه‌ى سه‌ربازیى چه‌ندین  هێز و لایه‌نه‌، رێ بۆ ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ خۆشده‌كات كه‌ عێراق و سوریا و هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى ئه‌مریكا، هاوئاهه‌نگى و په‌یوه‌ندیى گرنگیان پێكه‌وه‌ هه‌بووبێت له‌ ده‌ستنیشانكردنى حه‌شارگه‌كه‌ى به‌غدادى-دا. ته‌نانه‌ت توركیایش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هاوئاهه‌نگى و هاوبه‌شیى هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كاندا، له‌و پڕۆسه‌یه‌دا كه‌ هێزێكى تایبه‌تى ئه‌مریكى له‌ فڕۆكه‌ دابه‌زیون و ئه‌ركه‌كه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتوویى جێبه‌جێ كردووه.

كۆتاییهاتنى به‌غدادى كۆتا دێڕى سیناریۆیه‌كى درامیى خوێناوییه‌ كه‌ ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌ت عێراق و سوریا، تیایدا ژیان له‌ كوشتن و بڕین و ئه‌شكه‌نجه‌دان و تێكدانى جوگرافیا و مێژوو و تێكڕاى رووخساره‌كانى شارستانیى و ژیان له‌ ناوچه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها كۆتاییه‌كى چاوه‌ڕوانكراویشه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ى كه‌ ئاسانكارییان كرد بۆ جێبه‌جێبوونى پڕۆژه‌ بیانییه‌كان و هێزى ئاسمانیى و پیاده‌ى نێوده‌وڵه‌تییان په‌لكێش كرد بۆ ناوچه‌كه‌ و بوونه‌ هۆى دواكه‌وتن و دواخستنى پڕۆسه‌ سیاسى و ئابوورى و كه‌لتوورییه‌كان. چیرۆكى به‌غدادى-یش وه‌ك هه‌موو چیرۆكه‌ كاره‌ساتباره‌كانى ترى گه‌لانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌ واژۆى ئه‌مریكا كۆتاییهات، له‌ڕێى یه‌كێك له‌ مه‌فره‌زه‌كانى هێزه‌ تایبه‌ته‌كانیه‌وه‌.

كوژرانى به‌غدادى، كۆتاییهاتنى قۆناغێكه‌ له‌ ته‌مومژ و شێواندن و ترس و گومان و دوودڵیی به‌رامبه‌ر ئایینده‌ و نكوڵیكردن له‌ نیشتمان و ئایین و ناوداره‌كان. به‌غدادى كوژرا و نه‌مانزانى ئه‌م كابرایه‌ى كه‌ پێشتر ئه‌مریكییه‌كان زیندانییان كردبوو، چۆن و له‌كوێ توانى تۆڕێكى ئاڵۆز و تۆكمه‌ى په‌یوه‌ندیى تایبه‌ت دروست بكات له‌گه‌ڵ گرنگترین كه‌سایه‌تییه‌كانى ده‌زگاى هه‌واڵگریى رژێمى سه‌دام كه‌ هه‌ره‌ ناسراوه‌كه‌یان بریتى بوو له‌ (عه‌دنانى) كه‌ دواتر له‌ سوریا كوژرا؟!.

ئه‌مریكییه‌كان زۆر ئاگادارى ئه‌م په‌یوه‌ندى و ئه‌ڵقه‌ دروستكراوانه‌ بوون و هه‌ر خۆیان رێخۆشكه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆسه‌ى دروستكردنى گه‌وره‌تر و دڕنده‌ترین رێكخراوى جیهادیى بوون له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌مدا. هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ ساڵانى نه‌وه‌ده‌كاندا پێشوازییان كرد له‌ جیهادییه‌كانى ئه‌فغانستان و رێكیانخستن و به‌ جه‌نگاوه‌رى ئازادیخوازییان له‌قه‌ڵه‌م-دان دژى كۆمۆنیزم.

غافڵكوژكردنى سه‌ركرده‌ى رێكخراوى داعش، كۆتاییهاتنى رۆڵێكه‌ كه‌ ته‌واو بووبوو، ئیتر نه‌ده‌توانرا درێژه‌ بدرێت به‌ دیمه‌نه‌كه‌ى یان ئه‌ركێكى تازه‌ى پێ بسپێردرێت دواى ئه‌وه‌ى كه‌ كارلێكى نوێ و پێكهاته‌یه‌كى تازه‌ له‌ واقیعدا هاتنه‌ئاراوه‌.

داعش هێنده‌ دڕندانه‌ رۆچووبووه‌ ناو كوشتن و ئازاردان و چێژبینین له‌ سووكایه‌تیكردن به‌ مرۆڤ و شێواندنى، كارێكى وایكرد كه‌ بیره‌وه‌ریى مرۆڤایه‌تى به‌گشتى و بیره‌وه‌ریى عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تى، داعش وه‌ك سیمبولێكى ناشیرین و تێكده‌رى ره‌وشت و جه‌نگ له‌لاى خۆى بپارێزێت.

عه‌ره‌ب پێویسته‌ بزانێت كه‌ داعش بارێكى گرانه‌ له‌سه‌ر عه‌ره‌ب وه‌ك عه‌قڵ و نه‌ته‌وه‌ و شارستانیى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure