پیشه‌ى رۆژنامه‌گه‌ریى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

پیشه‌ى رۆژنامه‌گه‌ریى و راگه‌یاندن به‌گشتى له‌ ساڵانى رابوردوودا زۆر به‌ خێرایى و نائاسایى له‌ كوردستان و ته‌واوى ناوچه‌كه‌دا بره‌وى په‌یدا كرد. ئه‌م پیشه‌یه‌ چه‌ندین ناسناوى بۆ دروست كراوه‌؛ پێى ده‌گوترێت ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م، خانمى خاوه‌نشكۆ، پیشه‌ى ده‌ردی سه‌رییه‌كه‌. 

وامان تێگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ له‌دواى ده‌سه‌ڵاتى په‌ڕله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى دادگا راگه‌یاندن چوارهه‌مین ده‌سه‌ڵاتى وڵاته‌ چونكه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ به‌هێزه‌یه‌ كه‌ به‌رگرى له‌ یاسا ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌پارێزێت و رێگرى ده‌كات له‌ تاوان و سه‌رپێچى و ده‌ستدرێژییه‌كان. بگره‌ هه‌ندێك جار یاساكان هه‌موار ده‌كاته‌وه‌ یان سه‌ركردایه‌تییه‌كان ناچار ده‌كات یاسا و رێساى تازه‌ دابڕێژن. به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌مه‌ به‌ عاله‌مى ئاشكرا ده‌بینین راگه‌یاندكارى راسته‌قینه‌ له‌ پێناوى به‌ده‌ستهێنانى هه‌واڵ و ئاشكراكردنى نێهییه‌كان تووشى گێرمه‌ و كێشه‌ى زۆر ده‌بێت و هه‌ندێك جار سه‌ریشى تێدا ده‌چێت. 

هه‌موو پیشه‌یه‌ك ئه‌خلاقیات و هه‌لومه‌رج و ماف و ئه‌ركى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌. له‌ بوارى راگه‌یاندندا راستگۆیى و پابه‌ندبوون به‌ راستییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین مه‌رجه‌. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێت بڵێین ئه‌م وێنه‌ جوانه‌ى راگه‌یاندن ته‌نیا له‌ خه‌یاڵدا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ جیهانى سێهه‌مدا. ئه‌ركى راگه‌یاندن له‌ بنه‌ڕه‌تدا گواستنه‌وه‌ى هه‌واڵ و رووداوه‌كانه‌ وه‌كو خۆیى و بێ هیچ زیاد و كه‌مێك، كه‌چى ئێستا واى لێهاتووه‌ ده‌وڵه‌تان راگه‌یاندن به‌كارده‌هێنن بۆ دروستكردنى هه‌واڵ یان گه‌وره‌كردنى یان شێواندنى هه‌واڵه‌كان.

ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ لوبنان رووده‌دات و چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردنى ده‌زگا ئیعلامییه‌ ناوخۆیى و ناوچییه‌كانى جیهان به‌ڕوونى ئه‌م راستییه‌مان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان روانگه‌كان ده‌گۆڕن. هه‌ندێك لایه‌ن وامان ده‌خاته‌ ئه‌قڵه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كى خۆكردى خۆڕسكه‌ و قسه‌ى دڵى خه‌ڵكى لوبنانه‌. هه‌ندێك لایه‌نى تر دڵنیایى 100% ده‌داتێ كه‌ سعودییه‌ و ئیمارات مامانى ئه‌م كۆرپه‌ زۆڵه‌ن كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ خوڵقاندنى ئاژاوه‌یه‌كى نوێ كلك و گوێى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا بكات. هه‌ندێكى تر به‌ نمایشكردنى جه‌سته‌ى ئافره‌ت و وروژاندنى سێكسى و نیشانه‌ى له‌ دین ده‌رچوونى خه‌ڵكه‌كه‌ى ده‌زانن.

ئه‌م گۆشه‌ نیگا دژبه‌یه‌كانه‌ پێمان ده‌ڵێت راگه‌یاندن بووه‌ته‌ بوكه‌ڵه‌یه‌ك به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و چۆنى بووێت هه‌ڵى ده‌سووڕێنێت. ده‌سه‌ڵاتدارانى وڵات و له‌گه‌ڵیاندا هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان ئه‌وه‌یان قبوڵ نییه‌ راگه‌یاندن راست و راستگۆ ده‌نگى میلله‌تى سته‌م لێكراو بگه‌یه‌نێته‌ سنووره‌ دووره‌كان. ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ بایى ئه‌وه‌نده‌ گه‌مه‌ و فێڵ و پیلانى پێیه‌ كه‌ راگه‌یاندن بخاته‌ داوه‌ و ئۆباڵى درۆ ده‌ره‌سه‌كانى بخرێته‌ ئه‌ستۆ. دیاره‌ ئه‌مه‌ش بۆیه‌ به‌ ئاسانى بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌چێته‌ سه‌ر چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ ریزه‌كانى هه‌ڵسوڕاوانى بوارى راگه‌یاندن به‌و پیرۆزییه‌ نین كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێن.

زۆر خه‌مبارانه‌ ده‌بێت بڵێین ئه‌م پیشه‌ پڕ له‌ شانازییه‌ كه‌سانێكى تێدا قوت بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ شایسته‌ى ئه‌و ئه‌رك و شه‌رافه‌ته‌ نین. به‌ڵكو به‌لایانه‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌ بزنس و دوور له‌ڕووى حازرى په‌یداكردنى نانى حه‌رام.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە