لوبنان و هه‌ره‌سهێنانى سیمبوله‌ پیرۆزه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینى: عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لڕاشید
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

قه‌یرانى لوبنان كۆنه‌ و زۆر ده‌مێكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى گه‌یشتووه‌ته‌ تینیان، به‌ڵام ئازایه‌تى باجى هه‌یه‌ و ده‌یان و سه‌دان كه‌س ئه‌و باجه‌ى داوه‌ كاتێك كه‌ زاتیان كرد داواى گۆڕین بكه‌ن. ئه‌م خووله‌ى ئێستاى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى لوبنانى گرتووه‌ته‌وه‌، هیچ پیرۆزییه‌كى بۆ سیاسیه‌كان نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ به‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا و هه‌موو سه‌ركرده‌ باڵاده‌سته‌كانه‌وه‌.

خه‌سڵه‌تێكى دیكه‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حیزبوڵڵادا بوون لێى راپه‌ڕین و به‌ ئاشكرا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ره‌ت كرده‌وه‌. بۆیه‌ حیزبوڵڵا به‌ ئاشكرا كاربه‌ده‌ستانى ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر داواى خۆپیشانده‌ران ئیستیقاله‌ بكات لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

تێكڕاى شه‌قامى لوبنان به‌ یه‌ك ده‌نگ داواى گۆڕانكاریى ده‌كه‌ن. باشه‌ ئایا ناكرێت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا به‌دى بهێنرێت، واته‌ هاووڵاتیان ده‌نگ به‌و كه‌سه‌ بده‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت؟ 

ئه‌مه‌ به‌ رواڵه‌ت پرسیارێكى به‌جێیه‌ چونكه‌ سیستمى سیاسى له‌ لوبناندا له‌ روكه‌شدا دیموكراسییه‌. به‌ڵام له‌ڕاستیدا به‌شبه‌شێنه‌ و ته‌وافوق به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و سیستمه‌یه‌ كه‌ به‌ رێككه‌وتنى تائیف ده‌ناسرێت و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ دابه‌ش كراوه‌ له‌نێوان سێ پێكهاته‌كه‌ى لوبناندا. ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ پاڵێوراوه‌كانیش بگۆڕدرێن و هه‌ڵبژاردنه‌كانیش چه‌ند جار ئه‌نجام بدرێن شتێكى ئه‌وتۆ له‌ دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت. له‌وه‌ش خراپتر ده‌سه‌ڵاتى حیزبوڵڵایه‌ كه‌ له‌ سوپاى لوبنان به‌هێزتره‌ و هه‌موو كۆمه‌ڵگا و سیاسى و بزنسمانه‌كانى وڵاتى تۆقاندووه‌.

له‌م جووڵه‌ نیشتمانییه‌دا كه‌ له‌وه‌ته‌ى لوبنان سه‌ربه‌خۆ بووه‌ بێ وێنه‌یه‌ له‌ به‌رفراوانیدا، خه‌ڵكى لوبنان داواى ده‌وڵه‌تێكى نیشتمانى ده‌كه‌ن كه‌ هه‌موویان كۆبكاته‌وه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ى له‌خۆ بگرێت كه‌ سه‌ر به‌ 18 نه‌ته‌وه‌ و تائیفه‌ و مه‌زهه‌ب و گروپى جیاوازن. خه‌ڵكى لوبنان ده‌یه‌وێت ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كیى له‌ وڵاته‌كه‌یاندا كۆتایى پێ بێت كه‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كان به‌كارده‌هێنێت بۆ جێبه‌جێ كردنى ئامانجه‌كانى خۆى. شه‌قام داواى سیستمێكى هه‌ڵبژاردنى نوێ ده‌كات، كه‌ نه‌ تائیفى بێت و نه‌ چه‌كدار.

گه‌ڕان به‌دواى ده‌وڵه‌تێكى نیشتمانى كۆكه‌ره‌وه‌دا داواكارییه‌كه‌ له‌ زۆر وڵاتى ناوچه‌كه‌دا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ عیراقدا كه‌ خۆپیشاندانێكى جه‌ماوه‌ریى فراوانى به‌خۆوه‌ بینى دژى ده‌وڵه‌تى دینى. هیوایه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئه‌م راپه‌ڕینه‌ ئاشتیخوازه‌ى لوبنان هه‌ڵچنراوه‌ كه‌ چاره‌سه‌رى گه‌نده‌ڵیى سیاسى و خۆسه‌پاندنى چه‌كداریى بكات و وڵات بخاته‌ سه‌ر رێگه‌ى سه‌قامگیریى و گه‌شه‌كردن. به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانیش زۆرن و له‌پشت هه‌ر دره‌ختێكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌ خۆى شاردووه‌ته‌وه‌.

به‌هه‌ر حاڵ جیهان ئێستا ده‌زانێت كه‌ كۆده‌نگییه‌كى گه‌وره‌ له‌ لوبناندا هه‌یه‌ دژى سیستمى به‌شبه‌شێنه‌ و گه‌نده‌ڵیى و چه‌ك.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure