ترامپ پاشەكشێ‌ دەكات، خامنەئی سوودمەند دەبێت و نەتانیاهۆ دۆڕاوە

بۆچوون / بیروڕا :: 19/10/2019

نووسینی: یەعقوب بن ئەفرات
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدین
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ترامپەوە بۆ ئەردۆگان، تەڵاقدانی ئەو كوردانەیە كە ئەمریكا ساڵانێكی دورودرێژ هاوپەیمانیی لەگەڵدا بەستن و لەپڕ كردنی بە نێچیرێكی باڵبەستەی بەردەمی سوپای توركیا. ئەمە ناپاكییەكە دەرهەق بە كورد، بە دیاریكراویش دەرهەق بە (پەیەدە)، كە زیاتر لە 10 هەزار شەڕڤانی خۆی كردە قوربانیی لەو جەنگەدا كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپای كرد دژی داعش.
پەیەدە بە پشتبەستن بەو هاوپەیمانییەی توانی لە هەرێمی جزیرەدا لە خۆرهەڵاتی فورات حوكمێكی تۆتۆنۆم دابمەزرێنێت لەژێر كۆنترۆڵی رەهای خۆیدا، ناوچەكەش ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە كشتوكاڵ و نەوت و ئاو.
بڕیارەكەی ترامپ سەرسوڕمانێكی گەورەی لە ناوخۆی ئەمریكادا دروست كردووە و شەپۆلێكی گەورەی رەخنە و ناڕەزایی دژی كۆشكی سپی بەرپا كردووە لەلایەن كۆنگرێس و ئەندامانی هەردوو حیزبەكەی ئەمریكا كە بریتین لە دیموكراتەكان و كۆماریخوازەكان.
لەهەمان كاتدا ئەم بڕیارەی ترامپ نیگەرانییەكی گەورەی لە نێوەندە سیاسی و ئەمنییەكانی ئیسرائیلدا دروست كردووە، بۆیە بینیمان پۆمپیۆ بە پەلە سەردانی سووریای كرد بۆ دڵنیاكردنەوەی نەتانیاهۆ. ئێستا نەتانیاهۆ وا تەماشای ترامپی هاوڕێ‌ی نزیكی خۆی دەكات كە كەسێكی ترسناكە و كەس لە مەبەستەكانی تێناگات.
ترامپ بۆ ئیسرائیلییەكانی سەلماند كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئامادەیی تێدایە لە هەموو بەڵێنەكانی پاشگەز ببێتەوە كە دەیدات بە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.
نیگەرانی ئیسرائیل لەبەر خاتری چاوی كاڵی كورد نییە، بەڵكو ئیسرائیل لەوە نیگەرانە كە سوودمەندی یەكەم لە كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق و سوریادا وڵاتی ئێرانە.
چەند ئاماژەیەكیش بۆ بەهێزبوونی هەڵوێست و پێگەی ئێران لە ناوچەكەدا بە ئاشكرا دیارن. بۆ نموونە هەوڵدان بۆ سازكردنی دیدارێك بە میانگیریی فڕەنسا لەنێوان ترامپ و سەرۆك رۆحانیدا.
دیدارەكەش بۆیە نەكرا چونكە ئێرانییەكان مەرجیان ئەوەیە پێش دیدارەكە ئەمریكا ئابڵو ئابوورییەكانی سەر ئێران هەڵگرێت. ترامپ دەڵێت ئامادەم بەبێ‌ مەرج لەگەڵ سەركردەكانی ئێراندا كۆببمەوە، ئەمەش مەترسییەكی ترە بۆ ئیسرائیل و ئەوە دەگەیەنێت كە سەرۆكی ئەمریكا ئامادەیە لەگەڵ ئێراندا دابنیشێت پێش ئەوەی هیچكام لە مەرجەكانی هاتبنە دی.
ترامپ تەنیا هەر بە ئابڵوقە و سزادانی ئابووریی هەڵوێست بەرامبەر نەیارەكانی وەردەگرێت و ئامادە نییە سەربازی ئەمریكی بخاتە جەنگەوە لەكاتێكدا كە كردەوە سەربازییەكانی ئەمریكا لەهەردوو جەنگی عێراق و ئەفغانستاندا تووشی شكست بوون.
زیان گەیاندن بە دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییەش لە رێگەی فڕۆكەی ئاڕاستەكراو و موشەكی كروزی ئێرانییەوە نیگەرانی جددی لە ئیسرائیل دروست كرد، لەبەر دوو هۆكاری بنەڕەتی. یەكەمیان ئەوەیە كە ترامپ ئامادە نییە هێرشی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام بدات. لەكاتێكدا كە ئێران خاوەنی ئەو چەكە پێشكەوتووەیە كە پێویستیەتی و ئامادەییشی تێدایە بەكاری بهێنێت لە هەر شوێنێكەوە بیەوێت، بۆ نموونە لە یەمەن و عێراق و سوریا و لوبنانەوە.
لەپاڵ هەموو ئەمانەدا هەرەسهێنانی هاوپەیمانییە سونییە میانڕەوەكەش سەرچاوەیەكی دیكەی نیگەرانییەكانی ئیسرائیلە. لەو هاوپەیمانییەدا سعودییە گرنگترین ئەڵقەی دروست كردبوو، و هەر بەهۆی ئەوەشەوە بوو نەتانیاهۆ چەند جارێك لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەست هێنا. هاوپەیمانی ئیسرائیل لەگەڵ سعودیی و شێخەكانی دیكەی كەنداودا وایان كرد ئیسرائیل گوێ‌ بە داخوازیی فەلەستینییەكان نەدات بەو پاساوەی كە عەرەب ئێستا ئێرانی لا گرنگترە لە فەلەستین.
پێش هێرشە قورسەكەی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە، ریاز دەیگوت ئێران بۆ عەرەب لە ئیسرائیل ترسناكترە، بەڵام دوای هێرشەكە هەموو مەسەلەكان لنگەوقوچ بون. ئێستا نەتانیاهۆ بۆی دەركەوتووە كە لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا تاك و تەنها بووە.
ئێستا ئیسرائیل دەزانێت لەڕووی سەربازییەوە هیچی وای پێناكرێت دژی فڕۆكە ئاڕاستەكراوەكان و موشەكە دوورهاوێژەكانی ئێران كە لە دژی دامەزراوە نەوتییەكان سعودیە بەكاری هێناون.
سعودیە لە رێگەی عێراق و پاكستانەوە هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ تاراندا باش بكات. چونكە بۆ هەموو لایەك دەركەوتووە ئێران گۆشەگیر ناكرێت. خۆرئاواش بێزار بووە لە جەنگ و كوشتار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. وڵاتانی كەنداو شەڕیان ناوێت لەگەڵ ئێراندا چونكە لە چارەنووسی رژێمەكانیان دەترسن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure