كوردستانى رۆژئاوا و پارسه‌نگى هێز له‌ ناوچه‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینى: سۆزان ئامێدى
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا
بڕیاره‌ ناوه‌خته‌كه‌ى ترامپ سه‌باره‌ت به‌ كشاندنه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ رۆژئاوا ئه‌و یاسایه‌ى تێكشكاند كه‌ ئه‌مریكا باڵاده‌ست بێت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. ئه‌مه‌ش به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كانى تر، به‌تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌دا كه‌ له‌ عیراق و سوریادا شه‌ڕى دژى داعشیان كردووه‌، و تێكڕاى ئه‌و هێزانه‌ش به‌ ئێرانى و روسى و توركى و سعودیى و وڵاتانى دیكه‌وه‌ هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هێزێكى كوردى له‌ ناوچه‌كه‌ دانه‌مه‌زرێت.

له‌كاتێكدا كه‌ كوردى رۆژئاوا دژى داعش له‌ شه‌ڕدا بوو، داعش زوربه‌ى ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كانى سوریاى داگیر كردبوو، به‌ڵام كورد هه‌ر له‌ سنوورى رۆژئاوادا شه‌ڕى دژى داعشیان نه‌كرد به‌ڵكو له‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا داعشیان راماڵى و له‌ سوریا ده‌ریانپه‌ڕاندن. له‌م مه‌سه‌له‌یه‌شدا پشتگیرییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى له‌ كوردى رۆژئاوا ده‌كرا له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌.

پاش لوتكه‌ سێقۆڵییه‌كه‌ى شارى سوچى له‌نێوان روسیا و ئێران و توركیادا ترامپیش پشتگیر و ره‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى ئه‌و لوتكه‌یه‌ كه‌ بریتیى بوون له‌ یه‌كخستنى هه‌موو تواناكان بۆ له‌ناوبردنى ده‌ستكه‌وته‌كانى كورد له‌ كوردستان رۆژئاوا.

من پێم وایه‌ هه‌ڵوێستى ترامپ كارێكى كردووه‌ كه‌ ئه‌مریكا هاوپه‌یمانه‌كانى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌كیس بچێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى سیاسى و ئابووریى خراپى ده‌بێت، كه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ سه‌ره‌تاكانى ده‌ركه‌وتووه‌. گه‌شته‌كه‌ى پوتین بۆ سعودیه‌ و ئه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى پاكستان بۆ ئێران و رێكه‌وتنى سوریا و روسیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دیمه‌شق كۆنترۆڵى رۆژئاوا بكات به‌ پاساوى كۆتاییهێنان به‌ مه‌ترسییه‌كانى ئه‌ردۆگان هه‌موویان به‌ڵگه‌ى ئه‌م قسه‌یه‌مانن.

كورد ناچار كراوه‌ ئه‌م بڕیاره‌ ناویژدانییه‌ قبوڵ بكات به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌ تازه‌كان و پێشنیاره‌ گوماناوییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ كورد، كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كورد هاوپه‌یمانێكى دیكه‌ بۆ خۆى بدۆزێته‌وه‌.

ئه‌مریكا ده‌ڵێت كورد له‌پێناوى خۆیدا شه‌ڕى داعشى كردووه‌ و ئه‌مریكا له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا یارمه‌تى كوردى داوه‌. واته‌ كورد له‌پێناوى جیهاندا دژى داعش شه‌ڕى نه‌كردووه‌ و ئه‌مریكا به‌رپرسیار نییه‌ له‌ مافه‌كانى كورد یان سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ یان پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌ربارى ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ جیهان هاوسۆزیى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌شكركێشییه‌كه‌ى سوپاى توركیا و بۆردومانكردنى شاره‌ كوردییه‌كان و كۆمه‌ڵكوژ كردنى خه‌ڵكى سڤیل بێ ئه‌وه‌ى هیچ ناڕه‌زاییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى كاریگه‌ر ببیسترێت وا دێته‌ به‌رچاو كه‌ ده‌ستى توركیا كراوه‌ته‌وه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسى كوردستانى رۆژئاوا بدات و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شدارن له‌م پیلانه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى كورد ملكه‌چى یه‌ك بژارده‌ بكه‌ن و هیچ رێگه‌یه‌كى ترى بۆ نه‌مێنێته‌وه‌.

هاوكێشه‌كه‌ زۆر سه‌خت و نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ چونكه‌ رۆژئاوا نزیكه‌ى 12 هه‌زار شه‌هیدى داوه‌ كه‌چى ناچار ده‌كرێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆلاى به‌شار ئه‌سه‌د و بكه‌وێته‌وه‌ ژێر فه‌رمانى ئه‌و سوپایه‌ى كه‌ پێى ده‌ڵێن سوپاى عه‌ره‌بى، وه‌ك ئه‌وه‌ى هیچ شتێك رووینه‌دابێت. ئا لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ ئاراوه‌: ئایا ماقوڵه‌ رۆژئاوا هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى بدۆڕێنێت كه‌ به‌ قوربانیى زۆر وه‌ریگرتوون و بیدات به‌ حكومه‌تێك كه‌ پێشینه‌یه‌كى پڕ له‌ سته‌مى هه‌یه‌ و سوپاكه‌ى ده‌ستى سووره‌ به‌ خوێنى هاووڵاتیانى سوریا.

به‌ رواڵه‌ت وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م سازشكارییه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ خوێنى زیاتر نه‌ڕژێت به‌ڵام كاتێك دوورمه‌ودا له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌ڕوانین ده‌بینین كه‌ زه‌ره‌ره‌كه‌ زۆر زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ى لێى تێگه‌یشتووین. چونكه‌ توركیا و سوریا ئه‌مدیوئه‌ودیوى یه‌ك دراون. هه‌ردوولا مێژوویه‌كى دیكتاتۆرییان هه‌یه‌ له‌ رووى مامه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورددا. كوردستانى رۆژئاواش هیچ هێزێكى پێویست نییه‌ پشتیوانى لێ بكات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سوپاى توركیا جگه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كردنى چالاكییه‌ ئاسمانییه‌كانى توركیا. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بێته‌ دى و شه‌ڕى به‌ره‌نگارى درێژه‌ بكێشێت و راى گشتى جیهانیى پشتیوانى بكات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شه‌ڕه‌كه‌ درێژه‌ ناكێشێت و توركیا ناچار ده‌بێت هێزه‌كانى بكشێنێته‌وه‌.

توركیا سیاسه‌تێكى زۆر هه‌ڵه‌ى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كوردستانى رۆژئاوا، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ى كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ په‌یوه‌ندى نایابى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا و ئه‌و هه‌رێمه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى دروست نه‌كردووه‌ بۆ سه‌ر ئاساییش و سه‌قامگیریى توركیا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێزه‌كانى به‌شار ئه‌سه‌د كۆنترۆڵى رۆژئاوا بكه‌ن ئه‌وا پارسه‌نگى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا تێك ده‌چێت و گرنگترین ناوچه‌ى جیۆپۆلیتیكى له‌كیس ده‌چێت كه‌ ئێران سوودى لێ ده‌بینێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure