پۆتین و سعودیە و كوردستانی رۆژئاوا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینی: كامەران جەرجیز
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدین
هەفتەی رابوردوو بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو دۆسییەی سوریا گۆڕانكارییەكی گەورەی بەخۆوە بینی كاتێك كە توركیا پەلاماری باكووری خۆرهەڵاتی سوریای دا بە بیانووی دورخستنەوەی هەڕەشەی یەكینەكانی پاراستنی گەل، كە ئەنقەرە بە تیرۆریستیان دادەنێت و دەیەوێت رێڕەوێكی پارێزراو بكاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە سووریانەی كە لە توركیادا نیشتەجێ‌ كراون.
روسیا كە لەڕێی دەستوەردانی سەربازییەوە شانبەشانی هێزەكانی بەشار ئەسەد پارسەنگی هێزەكانی بە بەرژەوەندی دیمەشق شكاندەوە دەڵێت لەو نیگەرانییەی توركیا تێدەگات بەڵام هێزە كوردییەكان بە تیرۆریست لەقەڵەم نادات و داوا دەكات گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەست پێبكەن. نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند كە ئەوان پێشتر داوایان لە هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە دانوستان لەگەڵ حكومەتی سوریا دەستپێبكەن بەڵام كوردەكان هاوبەشی تریان هەڵبژارد كە دیارە مەبەستی واشینتۆنە. واشینتۆنیش بڕیاری دا لە سوریا بكشێتەوە لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە نەبوونی هیچ بەرژەوەندیەكی ئەمریكا لە سوریادا، نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكان و هەروەها بارودۆخی ناوخۆی ئەمریكا كە ئێستا دیموكراتەكان هەڵمەتێكی گەورەیان دەستپێكردووە بۆ سەندنەوەی متمانە لە دۆناڵد ترامپ.
لەلایەكی دیكەوە تاران ناڕەزایی خۆی لە پەلامارە سەربازییەكەی توركیا دەربڕی چونكە یەكێتی خاكی سوریا دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەو واقیعە سیاسی و دیمۆگرافیەی كە توركیا هەوڵ دەدات لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا بیخوڵقێنێت ناكۆكە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران لە دوورمەودادا.
دەتوانین بڵێین رووداوەكانی ئەم دواییەی سەر شانۆی سوریا بەتایبەت پێشڕەویكردنی سەربازیی هێزەكانی دیمەشق ئاماژەن بۆ ئەوەی كە جەنگی سوریا خەریكە لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە. گەمەكەرە سەرەكییەكان كە بریتین لە توركیا و روسیا و ئێران دەیانەوێت گەورەترین دەستكەوتی سیاسی مسۆگەر بكەن و ئەم لەشكركێشییەی ئێستای توركیاش هەر لەو چوارچێوەیەدا لێك دەدرێتەوە. 
سەردانەكەی ئەمڕۆ 15ی تشرینی یەكەمی 2019 بۆ سعودیە زۆر گرنگە بۆ نەخشەكەی مۆسكۆ سەبارەت بە ئامادەكردنەوەی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ گەڕاندنەوە بۆناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پۆتین دەزانێت بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەبێ‌ رازیكردنی كۆمكاری عەرەبیی كارێكی زەحمەت دەبێت چونكە پێشتر ئەو كۆمكارە ئەندامێتی دیمەشقی هەڵپەساردبوو. چاوەڕوان دەكرێت پۆتین ئەم مەسەلەیە لەگەڵ سعودییەكاندا باس بكات و داوای پشتیوانیان لێ‌ بكات، دیارە ریازیش پێویستی بە رۆڵی مۆسكۆیە كە تاران وا لێ‌ بكات حوسییەكانی یەمەن نەرمی زیاتر بنوێنن بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی ئەو وڵاتە كە كاریگەریی سیاسی و ئابووریی زۆری لەسەر سعودیە جێهێشتووە.
روسیا ئەگەر بتوانێت لەم هەوڵەیدا پشتیوانی سعودیە بەدەست بهێنێت ئەوا حكومەتی سوریا شەرعیەتێكی عەرەبی بەدەست دەهێنێت و جۆرێك لە هاوسەنگیش لەنێوان ئێران و توركیا دروست دەبێت. بەڵام ئەركەكەی پۆتین هەروا ئاسان نابێت چونكە سعودیە دژی لەشكركێشییەكەی توركیایە و نیگەرانیشە لە پشتیوانیكردنی قەتەر و ئیخوان موسلیمینەكان لەلایەن توركیاوە چ لە سوریا بێت یان لە وڵاتانی تر، كە رەنگە توركیا بیەوێت پڕۆژەی بەهێزكردنی ئیخوانەكان لە سوریادا لە دەروازەكەی باكووری خۆرهەڵاتەوە بهێنێتە دی.
دیارە میسر و ئێرانیش هەمان تێبینیان هەیە لە پەلهاویشتنی پڕۆژەی ئیخوانەكان. ئەگەر ریاز نەخشەكەی پۆتینی قبوڵ كرد ئەوا پێویستە قاهیرە رازی بكات بە قبوڵكردنی ئەندامێتی سوریا لە كۆمكاری عەرەبی و لەگەڵیدا توركیا بە تەواوی لە سوریا بكشێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure