ئه‌ردۆگان له‌ سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینى: حسێن شه‌بكشى
سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕانى: دكتۆر شێركۆ عه‌بدوڵڵا

ئه‌وه‌ى سه‌رنج له‌ مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كان بدات له‌نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیدا ده‌بینێت كه‌ گرنگترین یاسا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌لاى ئه‌مریكاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ هه‌میشه‌ پێشبینیكراو بێت، واته‌ هه‌ڵوێستى چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌نوێنێت و هه‌ركاتێك ئه‌و چه‌مكه‌ گۆڕانى به‌سه‌ردا هات په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌رزۆك ده‌رده‌چێت.

هه‌ندێكجار ئه‌مریكا په‌ته‌كه‌ت بۆ شل ده‌كات به‌جۆرێك كه‌ تۆ واده‌زانیت خۆت خاوه‌نى بڕیارى خۆتیت، نه‌ك ته‌نیا هاوپه‌یمانێكى ئه‌و، به‌ڵام له‌پڕ له‌ چركه‌ساتێكدا غافڵگیرت ده‌كات به‌و پرسیاره‌ى كه‌ ناتوانیت خۆت له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى بدزیته‌وه‌: (تۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌داى یان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا؟).

ئه‌م قسه‌یه‌م كاتێك بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ چاودێریى سه‌ركێشییه‌ تازه‌كه‌ى ئه‌ردۆگانم ده‌كرد له‌ سووریادا. ئه‌ردۆگان له‌شكركێشییه‌كى ئاشكراى كردووه‌ته‌ سه‌ر سووریا و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌كات كه‌ ملیۆنه‌ها كۆچبه‌ریى سوورییان تێبه‌رده‌دات. واپێده‌چێت ئه‌ردۆگان نه‌خشه‌كه‌ى باش ئاماده‌ كردبێت، مه‌سه‌له‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران و روسیادا رێكخستبێت و له‌ رێگه‌ى قونسوڵخانه‌كه‌شییه‌وه‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ رژێمى ئه‌سه‌دى له‌و له‌شكركێشییه‌ ئاگادار كردبێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا به‌هه‌ند وه‌رناگرێت. به‌ڵام ئه‌ردۆگان خۆ هه‌ر ئه‌مه‌ى نه‌كردووه‌. به‌ڵكو وه‌ك ئه‌ندامێكى ناتۆ بڕیارى داوه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ مریشكه‌ ره‌شه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌ندامه‌كانى ترى ناتۆدا. بۆیه‌ سیستمێكى موشه‌كى پێشكه‌وتوویى روسى كڕیوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ وڵاتێكى ناتۆ چه‌كى روسى بخاته‌ ناو سیستمى به‌رگریى خۆیه‌وه‌ و ئێستاش خه‌ریكى گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ روسه‌كاندا بۆ كڕینى ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ى زۆر تازه‌ى روسى. له‌ هه‌موو ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌شدا ئه‌مریكا زۆر به‌ جددى ناڕازییه‌.

ئه‌ردۆگان رێزى له‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ نه‌گرت هه‌رچه‌نده‌ باش له‌بیرێتى كه‌ به‌هۆى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى قه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ و سزا ئابوورییه‌كه‌ى ئه‌مریكاوه‌ له‌ ماوه‌ى 48 كاتژمێردا لیره‌ى توركی هه‌ره‌سى هێناو ئه‌ردۆگان ناچار بوو كابراكه‌ ئازاد بكات. 

هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنى به‌رگرى بێ وێنه‌ى له‌گه‌ڵ یۆناندا ئیمزا كرد بۆ پاراستنى ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ر ناكۆكییه‌كى ئاینده‌، كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ست لێى ناكۆكییه‌ له‌گه‌ڵ توركیادا. ئه‌مه‌ش به‌ كرده‌وه‌ ماناى وایه‌ ئه‌گه‌ر توركیا بكه‌وێته‌ ناكۆكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یۆناندا ئه‌وا ئه‌مریكا ده‌بێت ته‌ره‌ف.

پێویسته‌ ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌ باش بزانێت كه‌ ئه‌مریكا ئامانجه‌كانى ناگۆڕێت به‌ڵكو ته‌نیا شێوه‌ى گه‌مه‌كردنه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت به‌ڵام واپێده‌چێت ئه‌ردۆگان ئه‌م ته‌ڵه‌یه‌ى نه‌بینیبێت كه‌ ئه‌مریكا لێزانانه‌ بۆى ناوه‌ته‌وه‌ و به‌ ده‌ست و پێوه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناوى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure