رووه‌كه‌ى دیكه‌ى توركیا

بۆچوون / بیروڕا :: 10/10/2019

نووسینى: ئیبراهیم ئه‌براش
ئاماده‌كردنى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین

له‌شكركێشه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ى توركیا بۆسه‌ر باكوورى سوریا له‌ كرده‌وه‌كانى پێشووى ترسناكتره‌ و به‌شێكه‌ له‌ هه‌وڵى داڕشتنى نه‌خشه‌یه‌كى جوگرافى و سیاسى نوێ، كه‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن گڵۆپى سه‌وزى ئه‌مریكاى بۆ هه‌ڵكراوه‌. بیانووه‌كانى توركیا بۆ ئه‌م له‌شكركێشییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایا هه‌بوونێكى سه‌ربه‌خۆى سه‌ربازیى و سیاسى كورد له‌ باكوورى سوریا هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى له‌لاى كوردى توركیا به‌هێزتر ده‌كات و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى توركیا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و چه‌ند ملیۆنه‌ سورییه‌ى كه‌ له‌ توركیادا په‌نابه‌رن له‌ باكوورى سوریادا نیشته‌جێیان بكات.
دیاره‌ كه‌س باوه‌ڕ به‌م بیانوانه‌ى توركیا ناكات چونكه‌ خۆى رۆڵێكى ترسناكى بینى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى نائارامیى له‌ سوریادا. ئه‌وه‌ى ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یكات داگیركردنێكى ئاشكراى سوریایه‌ كه‌ هیچ پاساوێكى نییه‌ چونكه‌ توركیا خۆى زۆر به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ى له‌ سوریادا رووده‌دات به‌هۆى یارمه‌تیدانى تیرۆریست و توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ به‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ خۆرئاوادا. كه‌س نییه‌ نه‌زانێت توركیا رێڕه‌وێكى ئاشكرا بووه‌ بۆ هاتووچۆى تیرۆریسته‌كان و دابینكردنى چه‌ك و پێداویستییه‌كانى دیكه‌ و ده‌وڵه‌تى توركیا به‌ وردى ئاگادار و به‌رپرسیارى ئه‌و هاوئاهه‌نگیه‌یه‌. مه‌به‌سته‌كه‌ش لاوازكردنى سوریا بوو له‌ژێر په‌رده‌ى به‌هارى عه‌ره‌بیدا.
ئه‌ردۆگان چاوپۆشى ده‌كات له‌ تاقمه‌ تیرۆریسته‌كانى ناوچه‌كه‌ و ته‌نیا دژایه‌تى هێزێكى دیموكراتخوازى سوریى ده‌كات چونكه‌ كوردن و به‌ ئاشكرا ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئامانجى توركیا له‌ سوریادا هه‌رگیز دامه‌زراندنى دیموكراسى و ده‌وڵه‌تێكى هاوچه‌رخ نییه‌ له‌ سوریادا.
پڕۆژه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان وه‌ك عوسمانچییه‌ك ناكۆك و دوژمنى هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كى دیموكراسى و نه‌ته‌وه‌یى پێشكه‌وتنخوازه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. بۆیه‌ به‌ ئاشكرا ده‌بینین ده‌ستوه‌رده‌داته‌ كاروبارى ناوخۆى میسر و لیبیا و پشتیوانى ده‌كات له‌ هێزه‌ نه‌یاره‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌.
توركیا به‌رله‌وه‌ى په‌لامارى كوردى وڵاتانى ده‌وروبه‌رى خۆى بدات باشتر وابوو كێشه‌ى كورده‌كانى خۆى چاره‌سه‌ر بكات له‌ڕێى جێبه‌جێ كردنى داواكارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ره‌واكانیانه‌وه‌. 
په‌لاماردانى سوریا ره‌نگه‌ بۆ توركیا كارێكى ئاسان بێت به‌ڵام ده‌رچوون لێى مه‌رج نییه‌ به‌و ئاسانییه‌ بێت و ئه‌گه‌رى زۆره‌ نائارامیى و ئاژاوه‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ ناوخۆى توركیا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure