مەبەستی ئەردۆگان لە شاڵاوەكەی سەر رۆژئاوا چییە؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سەرچاوە: یورۆنیوز
ئامادەكردنی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
جەنگی ناوخۆی سوریا كە ساڵی 2011 دەستی پێكرد كاولكارییەكی گەورەی لێكەوتەوە و كوردی كوردستانی رۆژئاوای رووبەڕووی شەڕێكی نەخوازراو كردەوە. 
شەڕڤانەكانی رۆژئاوا بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان شەڕی دژی داعشیان كرد و توانیان رێگری بكەن لە پێشڕەویكردنی ئەو هێزە تیرۆریستە و ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمیان لە باكووری سوریا دامەزراند. سەرەڕای هەڕەشەكانی حكومەتی دیمەشق و دەوڵەتی توركیا و هێزەكانی داعش ئەم ناوچەیە بە بەراورد بە ناوچە جەنگ دیدەكانی دیكەی سوریا لە ئارامیی و بارودۆخێكی باشدا بوون. ئەم دەستكەوتە گەورەیە بە خوێنی یانزە هەزار ژن و پیاوی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەدەست هێنراوە، كە لە شەڕی دژی داعشدا گیانی خۆیان كردە قوربانی.
بڕیارە لەناكاوەكەی ترامپ سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوا هەموو ئەو دەستكەوتانە لەناودەبات و كوردی سوریا دەخاتە ژێر بەزەیی حكومەتی توركیاوە.
پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەردۆگان بۆچی ئێستا پەلاماردانی رۆژئاوای دەستپێكرد؟ 
سەبارەت بەم پرسیارە لێكدانەوەی جۆراوجۆر لەئارادایە كە بەهێزترینیان دەڵێت ئەم لەشكركێشییە پەیوەندی زۆری هەیە بە گیروگرفت و ئاستەنگەكانی ئەردۆگان لەناو توركیادا.
حیزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا ئێستا لە چەندین لاوە گوشاری گەورەی لەسەرە. هەڵئاوسان و راوەستانی گەشەی ئابووریی وڵات و داكشانی ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەكانی مانگی ئازاری ئەمساڵدا و لەدەستدانی شارە گرنگەكانی وەك ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە چەند نموونەیەكن لەسەر بارودۆخی نەخوازراوی حیزبەكەی ئەردۆگان.
پێشتریش لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی ساڵی 2015دا كە دەسەڵاتی ئەردۆگان هەژێنرا، ئەردۆگان لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنانە جەنگی دەستپێكرد دژی پەكەكە. لەم روانگەیەوە چاودێرە سیاسییەكان دەڵێن بەشێكی زۆری ئامانجی شاڵاوەكەی ئێستای ئەردۆگان بۆسەر رۆژئاوا بەهێزكردنەوەی پێگەی خۆیەتی لەناو توركیادا و راكێشانی سۆزی توركە نەتەوە پەرستەكانە.
بە هەموو پێوەرێك دەوڵەتی توركیا تووشی قەیرانێكی قووڵ بووە و وردە وردە پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵات دووردەكەوێتەوە. بۆیە ئەردۆگان بەدوای هەر دەرفەتێكدا دەگەڕێت تا بتوانێت خەونە عوسمانییەكانی خۆی بهێنێتە دی، بەتایبەت كە لە داویین هەڵبژاردندا دەركەوت كە ئەو حیزبەی كوردی توركیا پشتیوانی لێدەكەن دەنگێكی زۆری بەدەستهێناوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure