خۆرئاوابوونی پێشوەختی ئیمپراتۆرییەكەی ئەردۆگان

بۆچوون / بیروڕا :: 09/10/2019

ئامادەكردنی: د. شێركۆ عەبدوڵڵا
لە چەند رۆژی رابوردوودا مشتومڕ و لێدوانی جۆراوجۆر بڵاوكرانەوە سەبارەت بە بڕیارە چاوەڕوان نەكراوەكەی سەرۆك ترامپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سوریا و مۆڵەت پێدانێكی ناڕاستەوخۆ بە دەوڵەتی توركیا كە كردەوەی سەربازیی لە خاكی سوریا ئەنجام بدات.
گومانی تێدا نییە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی ئیسلامگەرای توركیا و دنیای خۆرئاوا بەتایبەت ئەمریكا نائارام و نادۆستانەیە و لە ساڵانی رابوردوودا چەندین جار رەنگدانەوەی ئەو پەیوەندیانەمان بینیوە. هەڵوێستی دوژمنانە و چەندبارەی ئەردۆگان بەرامبەر ئیسرائیل كە هاوپەیمانی ستراتیجی ئەمریكایە گەورەترین نموونەی ئەم ناكۆكیانەیە. 
دەمێكە خودی ئەردۆگان بە سوود وەرگرتن لە هەستی ناسیۆنالیستی چینە سادەكانی توركیا و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەكانی خۆی هەوڵ دەدات توركیا بكاتە هێزێكی سەربازیی و ئابووریی گرنگ لە ناوچەكەدا. ئەردۆگان نایشارێتەوە كە دەیەوێت بە شێوەیەك لە شێوەكان ئیمپراتۆری عوسمانی زیندوو بكاتەوە. لە ئاكامی ئەم سیاسەت و هەڵوێستانەیدا بە ئاشكرا لە ماوەی رابوردوودا بینیومانە كە توركیا لە هاوكێشە جیهانییەكاندا گۆشەگیر و پەراوێز خراوە و بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم گۆشەگیرییە هەوڵی داوە لەگەڵ هێزە تەقلیدییەكانی ناوچەكەدا هاوكاری بكات، كە ئەو هاوكاریەش هەمیشە لە هەوراز و نشێودا بووە.
تاران و توركیا هەرچەندە لە چەند خاڵێكدا تێڕوانینی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە دژایەتیكردنی خۆرئاوا و رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە ناوچەییەكانی ئەمریكا، بەڵام ناكۆكی مێژوویی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە شیعەكەی ئێران كە حكومەتەكانی هەردوولا درێژكراوەی ئەو دوو وڵاتەن كۆسپێكی گەورەن لە دروستبوونی هاوپەیمانییەكی بەهێز و تۆكمە لەنێوانیاندا. 
هەرچەندە یەكێك لە بەڵێنەكانی ترامپ لەكاتی هەڵبژاردندا كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە وڵاتانی دەرەوە كە گیرۆدەی جەنگی ناوخۆ بوون، بەڵام بڕیارەكەی چەند رۆژێك لەمەوبەری سەبارەت بە كشاندنەوەی چاوەڕواننەكراوی ئەو هێزانە لە سوریادا پرسیارێكی گرنگ دێنێتە پێشەوە؛ بۆچی لەم كات و ساتەدا ترامپ ئەو دەرفەتە دەدات بە ئەردۆگان كە لە خاكی سوریادا گەمەی خۆی بكات. هەموومان لەبیرمانە كە لە ماوەی رابوردوودا گرژی و ئاڵۆزی نێوان توركیا و خۆرئاوا بووە هۆی رێگریكردن لەوەی توركیا ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا و هەروەها چەندین گرێبەستی گەورەی بازرگانی هەڵپەسێردران و فرۆشتنی فڕۆكەی F-35ی ئەمریكی بە ئەنقەرە هەڵوەشێنرایەوە و هەڵئاوسان و قەیرانی دارایی لە توركیادا گەیشتنە ئاستێكی ترسناك.
درێژەدانی توركیا بەم سیاسەتە نەیارانەیەی خۆی بەرامبەر خۆرئاوا و لەسەروو هەمووشیانەوە بەرامبەر ئەمریكا بەتایبەت هەڵوێستی دوژمنانەی بەرامبەر ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات و نزیكبوونەوەی زیاتری لە حكومەتی ئێران و گوێنەدان بە ئابڵوقەكانی سەر ئێران، ئەمانە هەموو لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجامی نەخوازراویان دەبێت لەسەر ئابووریی توركیا و خودی ئەردۆگان.
زۆر پێدەچێت هاندانی ژێربەژێری توركیا كە بگلێتە ناو زۆنگاوەكەی سوریاوە تەڵەیەكە بۆ لەناوبردنی ئیمپراتۆریەتەكەی ئەردۆگان كە پێش ئەوەی لەدایك ببێت دەمرێت.
ئابوورییەكی تێكشكاو، كێشەی كورد لە ناوچەیەكی فراوانی توركیا، ناڕەزایەتی رۆژانەی ناوخۆ لە بارودۆخی سەختی گوزەرانی خەڵكەكە، تۆڵەكردنەوەی قورسی سیاسی لە كاربەدەستە گەورەكانی سوپا و ئیدارەی توركیا و لە هەمووشی گرنگتر دوركەوتنەوەی ئەردۆگان لە ئامانجەكانی ئەتاتورك كە بریتییە لە كۆماریی و عەلمانیەت هەلومەرجەكانیان بە ئەندازەیەك بۆ ئەردۆگان دژوار كردووە كە بە بچوكترین هەڵەی سیاسی كۆتایی دێت.
ترامپ لەكاتێكدا كە بە ئاشكرا داوا لە ئەردۆگان دەكات مافی كوردەكانی باكووری سوریا پێشێل نەكات  زۆر چاك دەزانێت دەوڵەتی توركیا بە دڕندانەتیرین شێوە ئەو مافانە پێشێل دەكات. ئەمەش نیشانەیەكی گەورەیە كە ترامپ ئابووریی توركیا لەناودەبات و ترامپ توانیویەتی توێكڵە مۆزەكە بخاتە بەرپێی ئەردۆگانەوە و هێندە نابات گۆڕانكاریی سیاسی گەورە لە توركیادا دەبینین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure