چاره‌سه‌ر كه‌ركردنه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 08/10/2019

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا

كه‌ركردن له‌ بوارى ئیداریى و سیاسیدا زاراوه‌یه‌كه‌ ده‌گوترێت یه‌كه‌مجار بیرمه‌ندى به‌ناوبانگى ئێرانى (عه‌لى شه‌ریعه‌تى) دایهێناوه‌ و مه‌به‌ستیش لێى چه‌واشه‌كردنى ئه‌قڵه‌كان و دوورخستنه‌وه‌یانه‌ له‌ به‌ها به‌رزه‌كانى مرۆڤ، كه‌ گرنگترینیان ئازادییه‌.

شه‌ریعه‌تى پێى وایه‌ كه‌ركردنى مرۆڤ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كارێكى زۆر خراپه‌، چونكه‌ پێویسته‌ رێز له‌ مرۆڤایه‌تى مرۆڤ بگیرێت. رێزگرتنیش دوولایه‌نه‌یه‌؛ پێویسته‌ رێز له‌ خه‌ڵكى بگرین و كه‌ریان نه‌كه‌ین، له‌هه‌مانكاتدا پێویسته‌ رێز له‌ ئه‌قڵى خۆمان بگرین و رێگه‌ نه‌ده‌ین خه‌ڵكى كه‌رمان بكات.

به‌ درێژایى سه‌رده‌مه‌ جۆراوجۆره‌كان كه‌ركردنى میلله‌ت سیاسه‌تێكى به‌رده‌وامى سیستمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان بووه‌ كه‌ شانبه‌شانى تاڵانكردنى سامانى وڵات و پاراستنیان له‌ بانقه‌كانى سویسرا ئه‌نجام دراوه‌. چه‌واشه‌كردنى ئه‌قڵ و بڵاوكردنه‌وه‌ى خه‌رافات و نه‌زانی و سووككردنى بیروباوه‌ڕ و نه‌هێشتنى شانازییه‌كان و هێز و شكۆى میلله‌ت مه‌رجى سه‌ره‌كى بوون بۆ به‌رده‌وامبوونى ئه‌م جۆره‌ سیستمه‌ سه‌ركوتكه‌رانه‌. 

شێوازه‌كانى كه‌ركردنیش زۆرن، له‌وانه‌ قسه‌ى خۆش و شیرین، ئه‌مه‌ چه‌كێكى كاریگه‌ره‌ به‌تایبه‌ت بۆ گه‌لانى وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كان چونكه‌ سۆز كارى گه‌وره‌یان لێ ده‌كات. هیتله‌ریش هه‌مان دروشمى به‌كارهێنا؛ گه‌لى ئه‌ڵمانیى له‌سه‌روو هه‌موو ره‌گه‌زێكه‌وه‌یه‌. نموونه‌كانى ئه‌م جۆره‌ ته‌كتیك و دروشمه‌ چه‌واشه‌كاره‌ زۆرن، با بژین، با بڕوخێت، تا دوایى.

شێوازێكى دیكه‌ بریتییه‌ له‌ درۆكردن و به‌ڵێنى درۆ، سبه‌ى له‌مڕۆ باشتر ده‌بێت، چه‌كێكمان دروست كردووه‌ پارسه‌نگى هێز له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گۆڕێت، ئیسرائیل فڕێ ده‌ده‌ینه‌ ده‌ریاوه‌ و تادوایى، چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌و درۆ و ده‌ره‌سانه‌.

رێكارێكى تر له‌ رێكاره‌كانى ترى كه‌ركردنى گه‌ل سه‌رقه‌ڵاكردنیه‌تى به‌ هه‌واڵى راست و درۆوه‌. له‌م پێناوه‌دا سیستمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان ده‌ستگاى زه‌به‌لاحى هه‌واڵگریى و میدیایى ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ سه‌رقاڵكردنى میلله‌ت به‌ هه‌واڵى درۆ و بابه‌ت و كێشه‌ى بێ بایه‌خه‌وه‌.

چوارهه‌مین شێوازى كه‌ركردنى گه‌ل، پڕوپاگه‌نده‌ كردنى درۆیه‌ بۆ رژێم و بڵاوكردنه‌وه‌ى وه‌هم و خه‌یاڵه‌. ده‌ستكه‌وت ئه‌گه‌ر راسته‌قینه‌ بێت پێویستى به‌ پڕوپاگه‌نده‌ نییه‌ چونكه‌ میلله‌ت ده‌یبینێت و هه‌ستى پێده‌كات له‌ ژیان و گوزه‌رانیدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.

رێگایه‌كى ترى كه‌ركردنى میلله‌ت په‌یڕه‌وكردنى شێوازه‌ دیموكراسییه‌كانه‌ به‌بێ ناوه‌ڕۆك، وه‌ك ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ساختانه‌ى كه‌ له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجام ده‌درێن، ده‌ڵێن ساخته‌ چونكه‌ پێشوه‌خت ئه‌نجامه‌كان زانراون.

هه‌بوونى ته‌مومژ و شاردنه‌وه‌ى زانیارى له‌ میلله‌ت جۆرێكى ترى سیاسه‌تى كه‌ركردنه‌. ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستكراوه‌یه‌ له‌ دروستكردنى كۆشك و ته‌لار بۆ خۆی و كه‌سوكار و ده‌سته‌ودائیره‌كه‌ى. داهات و خه‌رجییه‌كان له‌ تاریكیدا ده‌مێننه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كه‌له‌پوورى وڵاتیش له‌پڕ له‌ مۆزه‌خانه‌كاندا دیار نامێنن. سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش بڵاوكردنه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و گێل كردنى میلله‌ت و هاندانیان بۆ سه‌رقاڵبوون به‌ بابه‌تى بێكه‌ڵكه‌وه‌ به‌رده‌وام نه‌خشه‌یان بۆ داده‌ڕێژرێت به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى رۆژ به‌ڕۆژ ده‌سه‌ڵاتى خۆیان پته‌وتر بێت و كۆنترۆڵى هه‌موو جومگه‌كانى ژیان بكه‌ن. چونكه‌ ده‌زانن گه‌لى نه‌فام و یه‌كنه‌گرتوو به‌ ئاسانى كۆنترۆڵ ده‌كرێت. ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت كه‌ریان بكات به‌ ئاشكرا و نهێنى دژایه‌تى ده‌كرێن و جۆره‌ها تۆمه‌تیان ده‌درێته‌ پاڵ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure