خۆزگه‌ من د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول ده‌بووم

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

زیره‌ك كه‌مال
زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌ مێژوودا ئیره‌یمم پێ بردوون و خۆزگه‌ی ئه‌وه‌م خواستوه‌ كه‌ من ئه‌وان بوومایه‌، خۆزگه‌م خواستوه‌ گابریل گارسیا ماركیز بوومایه‌و تاكو رۆمانی سه‌د ساڵ ته‌نیایی من بمنووسیبا – خۆزگه‌ ئه‌حمه‌د كایه‌ ده‌بووم تاكو به‌ده‌نگی هه‌زار تام گۆرانیم بۆ ژیان بگوتبایه‌ و به‌گژ فاشیه‌كاندا بچوبامه‌یه‌وه‌، خۆزگه‌ من حه‌سه‌ن زیره‌ك بوومایه‌ پڕ به‌دۆڵ و ده‌شت و زه‌ندۆڵ و گوندو شار به‌شاری بمچریكاندباو هه‌واڵی (كیژان ده‌چنه‌ مێرگۆڵان)م به‌ شوان و كوڕه‌ عاشقه‌كان بگه‌یاندبا، خۆزگه‌ من (د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول ده‌بووم و وه‌كو ئه‌و له‌سه‌ر عه‌رشی شانشین و زمان داده‌نیشتم و به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی وشه‌ كه‌پری ئه‌ده‌بم دروست ده‌كردو كاریته‌م داویشتێ‌ له‌داری سۆر گورێ‌ و دیوارم ده‌كرد له‌ سۆتكه‌و قه‌نه‌فرێ‌، ده‌مڕشاند به‌ گوڵاوێ‌، خۆزگه‌ د. عیزه‌دین ده‌بووم و ئاخر ئه‌وكات بۆ ماوه‌ى شه‌ست ساڵ هه‌ڵكۆڵێنم له‌ناو زمانی شیرینی كورد ده‌كرد.

ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی بزرو دزراوه‌و شاراوه‌ی تایبه‌ت به‌ شاعیران و ئه‌ده‌بیات و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌دۆزیه‌وه‌و له‌سه‌ر ره‌فه‌ تۆز له‌سه‌ر نیشتوه‌كان و له‌ نێو ژووره‌ تاریكه‌كان ده‌رم ده‌هێناو ده‌مخسته‌به‌ر دیده‌ی خوێندنه‌وه‌و كتێبخانه‌كانم پێ‌ ئاوه‌دان ده‌كرده‌وه‌، به‌راستی د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول مرۆڤێكی مه‌زن بوو داهێنه‌ر بوو- به‌شێكی گه‌وره‌ی جوانی و ئاوه‌دانی كتێبخانه‌و ماڵی رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی كوردی شانازیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ "د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول" ئه‌و مرۆڤه‌ به‌رزو زانایه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد، ئه‌و یه‌كێتیه‌ی هه‌ر له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی بووه‌ سه‌نگه‌رێكی به‌هێزی بوژاندنه‌وه‌و به‌گری كردن له‌ زمان و ئه‌ده‌بی كوردی و هه‌ر خۆیشی له‌ كۆنگره‌ی راپه‌ریندا، بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌و یه‌كێتیه‌، به‌راستی كارو به‌رهه‌م و شاكارو خزمه‌ته‌ گه‌وره‌كانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ هه‌ژمار نایه‌ت ، جگه‌ له‌مه‌ش كه‌ د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول به‌درێژایی ده‌یان ساڵ به‌وێنه‌ی فه‌رهادێك له‌سه‌ر ته‌وێلی بێستوونی ئه‌ده‌ب و زمان نه‌خشه‌و نیگاری كرد، هه‌روه‌ها كوڕی (مه‌لا مسته‌فا سه‌فوه‌ت) یشه‌ كه‌ئه‌ویش مرۆڤێكی مه‌زن بوو خۆشه‌ویستی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی وای كردبوو كه‌ مزگه‌وت و ماڵی ئاینی و خانه‌دانی خۆی كردبووه‌ چراخانی زه‌مان و جوانی و تازه‌گه‌ری، د. عیزه‌دین برای كاك (فاروقی مه‌لا مسته‌فایه‌) كه‌ به‌هه‌ق مرۆڤێكی مه‌زنه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌سه‌رمایه‌داره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان، به‌ڵام هه‌بوونی و سه‌رمایه‌داری وای نه‌كرد كه‌ مرۆڤ بوونی خۆی له‌ بیربچێته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆدا فاروقی مه‌لا مسته‌فا به‌مانای وشه‌ بۆته‌ سایه‌و سێبه‌رێكی مه‌زن به‌سه‌ر سه‌ری هه‌مووانه‌وه‌.

تۆش ماڵئاوا د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول، كه‌ له‌ پایزی 2019 كۆچی دوایت كردو به‌مه‌ش نیشتمانێكت خسته‌ ناو كۆشی پایز، تۆ نه‌مری دڵنیابه‌ تاماوین ئیشمان به‌ تۆ ده‌بێت و مردن به‌ تۆ ناوێرێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure