نائارامییه‌كانى عێراق، ئامانجه‌ ئاشكرا و نهێنییه‌كانى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

دواڕۆژ

چه‌ند رۆژێكه‌ خۆپیشاندان و نائارامى به‌غداى پایته‌ختى عێراق و زۆربه‌ى شاره‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى گرتووه‌ته‌وه‌، ره‌گوڕیشه‌ى ئه‌م رووداوانه‌ بارى سه‌ختى ئابوورى و شكستى ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كانى عێراقه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و چاره‌سه‌ركردنى داواكارییه‌كانى خه‌ڵكدا.

له‌ عێراقدا ناڕه‌زایى ده‌ربڕین و خۆپیشاندان مافێكى سروشتیى هاووڵاتیانه‌. كاربه‌ده‌ستان نایشارنه‌وه‌ كه‌ گیروگرفتى ئابوورى و ئیدارى و ئه‌منیى سه‌خت به‌رۆكى عێراقیان گرتووه‌.

گۆڕینى ئاراسته‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ره‌و كارى توندوتیژى و كاردانه‌وه‌ى نابه‌رپرسانه‌ى هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایش له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوانه‌دا كه‌ بوونه‌ته‌ هۆى تێكدانى شوێنه‌ گشتییه‌كان و ته‌نانه‌ت كوشتن و برینداربوونى هاووڵاتیانیش، گومانى ئه‌وه‌یان دروستكردووه‌ كه‌ هه‌ندێك ره‌وت و لایه‌نى دیاریكراو ده‌یانه‌وێت سوود له‌م رووداوانه‌ وه‌ربگرن و ئامانجه‌ سیاسییه‌كانى خۆیانى پێ به‌دیبهێنن.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ 2ى ئۆكتۆبه‌رى 2019 ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نیشتمانى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایى به‌ست و دواتر دڵته‌نگیى خۆى راگه‌یاند بۆ گیانله‌ده‌ستدانى ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر، به‌ڵام ره‌خنه‌ى توندیشى له‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ گرت كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ناوى خۆپیشاندانه‌وه‌ كارى تێكده‌رانه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

له‌مڕووه‌وه‌ رۆڵى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندنى عێراق یه‌ك ئاراسته‌ى نییه‌ و له‌سه‌ر هێڵێكى نیشتمانى كار ناكه‌ن. عه‌بدولمه‌هدى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكى عێراق ده‌رفه‌ت نه‌ده‌ن به‌ دوژمنان كه‌ له‌ بۆسه‌دان دژى وڵات و گه‌لى عێراق.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ موقته‌دا سه‌در جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى عێراق به‌زوویى وه‌ڵامى داخوازییه‌كانى خۆپیشانده‌ران بده‌نه‌وه‌. گومانى تێدا نییه‌ له‌پشت ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ى بارى خراپى عێراقه‌وه‌ هه‌ندێك ره‌وت و داموده‌زگاى عه‌ره‌بى و خۆرئاوایى به‌ ئاشكرا هانى خۆپیشانده‌ران ده‌ده‌ن و له‌ هه‌ندێك رووداویشدا مه‌سه‌له‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن، به‌و هیوایه‌ى كه‌ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان له‌م رێگه‌یه‌وه‌ به‌ده‌ستبێنن.

حیزبه‌ سیاسییه‌كانى عێراق نایشارنه‌وه‌ كه‌ سعودیه‌ هه‌وڵده‌دات رووداوه‌كان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان گه‌وره‌تر پیشان بدات، هانى خۆپیشانده‌ران ده‌دات به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر چالاكییه‌كانیان. 

باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ عێراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌وردى چاودێریى خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات. یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى خۆرئاوا به‌رجه‌سته‌كردنى كه‌موكورتییه‌كانى حكومه‌تى عێراق و چینه‌ سیاسییه‌كه‌یه‌تى وه‌ك به‌شێك له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ عێراقى خستووه‌ته‌ ریزى ئۆردوگاى ئێرانى به‌رامبه‌ر ئۆردوگاكه‌ى دیكه‌ كه‌ سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانى ده‌گرێته‌وه‌.

هه‌ندێك لایه‌ن پێیانوایه‌ هاوكاتبوونى ئه‌م رووداوانه‌ له‌ عێراقدا له‌گه‌ڵ یادى چله‌ى ئیمام حسێن-دا، به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ستى بێگانه‌ له‌ رووداوه‌كاندا كاریگه‌ره‌. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچ له‌و راستییه‌ كه‌مناكه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كاربه‌ده‌ستانى عێراق گیروگرفته‌ گه‌وره‌كانى عێراق له‌ڕووى گورزه‌ران و ئاسایش و ئابوورى و قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى و دابینكردنى لانیكه‌مى پێویستییه‌كانى ژیان وه‌ك ئه‌ركى سه‌رشانى خۆیان به‌جێبهێنن و نابێت هه‌موو ناڕه‌زایه‌تى و ره‌خنه‌یه‌ك له‌ حكومه‌ت به‌ پیلان و دوژمنانى عێراق حساب بكرێت.  

پ: ل. م

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure